دانبەخۆداگرتنی بەرپرسیارانە و ئیرادەی پۆڵایین
لە هەلومەرجێکی هەستیار و ئاڵۆزی ناوچەییدا، پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی لە (٢٩ی ئاداری ٢٠٢٦) وەک نەخشەڕێگەیەکی سیاسی و نەتەوەیی ستراتیژی دەرکەوت؛ ئەم پەیامە نەک تەنیا وەک بەرگرییەک لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان، بەڵکو وەک گوزارشتێکی قووڵ لە قەیرانی حکومڕانی لە عێراقدا دەخوێندرێتەوە. ناوەرۆکی ئەم گوتارە سیاسییە، تێپەڕاندنی سنووری ناڕەزایەتییەکی سادەیە و خۆی لە "ستراتیژیەتی دانبەخۆداگرتنی بەرپرسیارانە"دا دەبینێتەوە، کە ئامانجی سەرەکیی پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و تێپەڕاندنی ئەو هەڕەشانەیە کە ڕووبەڕووی قەوارەی هەرێم دەبنەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆک بارزانی جەخت لە خاڵێکی جەوهەری دەکاتەوە، ئەویش ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان هیچ کات بەشێک نەبووە لە کێشە و شەڕە ئیقلیمییەکان؛ ئەمەش نیشاندەری سیاسەتێکی حەکیمانەیە کە نایەوێت کوردستان ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێی هێزە دەرەکییەکان. ئاشکراکردنی داتا و ئامارەکان، وەک ئەنجامدانی زیاتر لە (٤٥٠) هێرشی موشەکی و درۆن بۆ سەر هەرێم و بە ئامانجگرتنی بارەگای جەنابیان و ماڵی سەرۆکی هەرێم، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە ئەم پەلامارانە تەنیا ڕەهەندی "سەربازییان" نییە، بەڵکو کردەوەی "سیاسیی" ئاراستەکراون بۆ تێکدانی شکۆی دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان.
یەکێک لە ڕەهەندە هەرە گرنگەکانی دووربینیی سیاسیی جەنابیان، پەیوەستە بە فەلسەفەی بێدەنگییەکەی لە بەرامبەر پێنج جار هێرشکردنە سەر بارەگای تایبەتی خۆیان؛ بەپێی دەقی پەیامەکە، ئەم بێدەنگییە بۆ ئەوە بووە کە دڵەڕاوکێ و تووڕەیی لەناو جەماوەردا دروست نەبێت. ئەم هەڵوێستە گوزارشت لە لوتکەی بەرپرسیارێتیی سەرکردە دەکات، کاتێک بەرژەوەندیی گشتی و ئارامیی دەروونیی هاووڵاتیان دەخاتە سەرووی هەموو پێوەرە شەخسییەکانەوە، تاوەکو ڕێگری بکات لە هەر جۆرە هەڵچوونێکی جەماوەری یان فیتنەیەک کە زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی بگەیەنێت.
هاوکات، سەرۆک بارزانی بە زمانێکی ئەکادیمی و یاسایی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەسەڵاتی فیدراڵی لە بەغدا دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی؛ داواکارییەکەی بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵوێستی بەغدا، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە سەروەریی عێراق یەک پارچەیە و دابەش ناکرێت. ئەگەر حکومەتی فیدراڵ نەتوانێت ڕێگری لە گرووپە لەیاسابەدەرەکان بکات، ئەوا نەک هەر قەوارەی هەرێم، بەڵکو بنەماکانی دەوڵەت و سەروەریی نیشتمانی لە عێراقدا دەکەونە ژێر پرسیارێکی جدییەوە؛ ئەمەش پێویستی بە گەڕانەوەیەکی دەستبەجێ هەیە بۆ بنەما دەستوورییەکان و چەسپاندنی سەروەریی یاسا.
کۆتاییهاتنی پەیامەکە بە چەمکی "ئیرادەی پۆڵایین"، پەیامێکی ڕەوانبێژانەی سیاسییە بۆ هەموو لایەک کە هێرشە تەکنیکی و سەربازییەکان ناتوانن بنەماکانی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان پاشەکشە پێ بکەن؛ ئەمە دووپاتکردنەوەی ئەو ڕاستییە مێژووییەیە کە قەوارەی هەرێمی کوردستان، دەرئەنجامی خەبات و قوربانیی پۆلێک شەهید و ئیرادەیەکی نەتەوەییە کە بە هێرشی کاتی و فشاری دەرەکی تێکنەشکاوە و ناشکێت. پەیامەکەی سەرۆک بارزانی لە (٢٩ی ئاداری ٢٠٢٦)، بەڵگەیەکی مێژوویی و سیاسیی بەهێزە لەسەر دانایی و دووربینیی سەرکردەیەک کە لە نێوان بژاردەی شەڕ و بژاردەی بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی، هەمیشە پاراستنی سەروماڵی خەڵک و خاکی کوردستانی هەڵبژاردووە، بەڵام هاوکات هۆشدارییەکی جددی و کۆتایییە کە چیتر زوڵم و ناهەقی لە بەرامبەر مافە دەستوورییەکان و شکۆی نەتەوەیی قبوڵکراو نییە و دەبێت چارەسەرێکی یەکلاکەرەوەی بۆ بدۆزرێتەوە.

سەنار شێرۆكی