چاولێکەری و لاساییکردنەوە.. ڕێگایەکە بەرەو پوکانەوەی کەسایەتی و بزربوونی ناسنامە...
پێمخۆشە خوێنەری ئەو وتارە بن بەڕای ئێوە جیاوازبوون لەو سەردەمە هێزە یان جیاوازی؟
ئایا بەڕای ئێوە گرنگە تاک هەردەم وێنەیەکی ڕاستەقینەی خۆی بێت یان دەنگدانەوەی دەوروبەرەکەی؟
(ڕالف واڵدۆ ئیمرسۆن) فەیلەسوف و شاعیری ناوداری ئەمریكی دەڵێ"حەز كردن بەوەی كە ببیتە كەسێكی تر. واتە بەفیڕۆدانی ئەو كەسەی كە ئێستا خۆتی".
ئەو وتەیە و دەربڕینە لە ناوەڕۆكدا هۆشدارییەكی توند و واقیع حاڵە، كە پێمان دەڵێ كە لە هەر چركەیەكدا مرۆڤ خەریكی چاولێكەری و لاساییكردنەوەی خەڵكانی تر بێت. لە ڕاستیدا لەو چركەیەدا(خۆی) نییە و ناسنامە و كەسایەتی خۆی فڕێ دەدات و بزر دەبێت. لێرەدا بۆمان دەردەكەوێت چاولێكەری تەنها گۆڕینی ڕەنگی قژ یان گۆڕینی شێوازی جلوبەرگ و یان كڕینی نوێترین مۆبایل نییە. بەڵكو لە ڕاستیدا جۆرێكە لە" پاشەكشێی عەقل" و خۆ بەكەمزانین و خۆ لە دەستدان بەرامبەر ئەوانیتر.
كاتێك مرۆڤ دەستبەرداری بڕیاردانی سەربەخۆی خۆی دەبێت و ڕێگە دەدات"قسە باوەكان" و "قسەی خەڵك" كۆنترۆلی بكەن و ئاراستەی ژیانی دەكەن. ئەو مرۆڤە چیتر بڕیاردەری سەرەكی ژیانی خۆی نییە و شوفێری ژیانی خۆی نابێت، بەڵكو كەسێكی چاولێكەرو لاساییكردنەوەی كەسانی ترە و وەكو سەرنشینێكی بێدەنگ و مەلوول لە پاسێكدا دانیشتووە و كەس نازانێت بەرەوكوێ دەڕوات. تەنها چاو دەتروكێنێ. ئەوەش بێمتمانەیی كەسەكان نیشان دەدات بەخودی خۆیان كە هەردەم بە لاوازی سەیری خۆیان دەكەن. گرنگە مرۆڤ ئەوپەری متمانەی بەخۆی هەبێت و خۆی لا پەسند بێت و نەترسێت لە تەنیایی و هەرگیز وا بیر نەكاتەوە كە دەبێ وەكو ئەوانیتر بێت، پێویستە خاوەن ڕاو مەزندە و بیركردنەوە و كەسایەتی سەربەخۆی خۆت بیت. هەرگیز نەهێڵێ سۆشیاڵ میدیا و نمایشكردنی ژیانی ساختەیی بە سەریدا زاڵ بێت. لە ڕووی قسەكردن و خواردن و پۆشین و تادوایی.
گرنگە خاوەن كەسایەتی ڕاستەقینەی خۆمان بین و كلتوور و بەها تایبەتەكان نەكەینە قوربانی شێوازە لاساییكەرەوەكان، پێویستە كار لە سەر داهێنان و جیاوازی بەرهەم بكەین، نەك لاساییكردنەوە و چاولێكەری لێرەش ڕۆڵی پەروەردە و خێزان و ڕاگەیاندن دەردەكەوێت و كە گرنگی بە بەهرەی تاكە كەس بدرێ و زیندووكردنەوە و پاڵپشتی متمانە بەخۆبوون پەرەی پێبدەین و تێبگەین لەوەی جوانی لەلاساییكردنەوە و چاولێكەریدا نییە، بەڵكو جوانی لە داهێنان و بەرهەم و جیاوازی دایە.
لێرەدا پەروەردەی تەندروست و كۆمەڵگایەكی پێگەیشتوو دەبێت فێرمان بكەن كە جیاوازی و بیركردنەوەی سەربەخۆ كەم و كوڕی نییە و ، بەڵكو ڕەسەنایەتی و متمانە بەخۆبوونە. بەڵكو چاولێكەری و لاساییكردنەوە دەبێتە هۆی پوكانەوە و لە دەستدانی داهێنان و كەسایەتی
# بۆ زیاتر پاڵپشتی ناوەڕۆكی وتارەكە دەمەوێ ئاماژە بەو چیرۆكە بكەم كە دەگێڕنەوە " شێوەكارێكی گەنج هەبوو كە تابلۆكانی زۆر سەرنج ڕاكێش و ناوازە بوون، بەڵام هەمیشە سەیری شێوەكارە ناودارەكانی تری دەكرد و هەوڵی دەدا لاسایی ئەوان بكاتەوە و لە سەر ڕێچكە و ڕێڕەوی ئەوان وێنە بكێشێت. ڕۆژێكیان چوو بۆ لای مامۆستایەكی پیر و شارەزا تابلۆیەكی نیشاندا كە بەتەواوی كۆپییەكی شێوازی"ڤان كۆخ" بوو، مامۆستاكە دوای تێڕامانێكی ورد و قوول گوتی" ئەوە زۆر جوانە، بەڵام ڤان كۆخێكی لێ دیارە و هیچ(تۆ)یەكی تێدا نییە، گەنجەكە بە نائومێدیەوە گوتی" مامۆستا من دەمەوێت وەكو گەورەكان بم تا خەڵك ڕێزم بگرن" مامۆستاكە ئاوێنەیەكی دایە دەستی و گوتی " ئەگەر هەموو جیهان ببێتە ئاوێنە و تەنها وێنەی یەك كەس نیشان بدات ئایا ئەو جیهانە شایەنی دیتنە؟ ئەو گەنجە لەو ساتەدا تێگەیشت كە گەورەیی شێوەكارە ناودارەكان لەوەدا نەبوو وەك كەس بن، بەڵكو لەوە دابوو كە بوێری ئەوەیان هەبوو تەنها وەك(خۆیان)بن.
لەوەدا دەبێ بزانین كە جیهان پێویستی بە (كۆپی)زیاتر نییە، چونكە كۆپییەكان هەمیشە نرخ و بەهایان كەمترە لە ئەسلەكە. چاولێكەری و لاساییكردنەوەی كوێرانە جۆرێكە لە خۆ كوشتنی مەعنەوی و لە ناوبردنی كەسایەتی و بزربوونی كەرامەتی فیكری و داهێنان.
گەورەترین سەركەوتنی مرۆڤ لە ژیاندا ئەوە نییە ببیتە باشترین كەسی ناو كۆمەڵگا بە پێی قسە و پێوەرەكانی خەڵك. بەڵكو ئەوەیە كە بوێری ئەوەی هەبێت (خۆی)بێت لە جیهانێكدا كە شەو و ڕۆژ هەوڵ دەدات بیكا بە كەسێكی تر.
لە بیرمان نەچێت هەر كاتێك چاولێكەری دەبێتە دیاردە كۆمەڵگا دەبێتە كارگەی بەرهەمهێنانی وێنەی دوبارە. هەمیشە چاولێكەری و لاساییكردنەوە ڕێگایەكە بەرەو پوكانەوە و لە دەستدانی كەسایەتی و داهێنان.
(*)
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

بەکر کەریم حەسەن