ئەستێرەی هۆڵیوود (چاك نۆریس) لە تەمەنی 86 ساڵیدا كۆچی دواییكرد.
پاڵەوانی دیاری جیهانی و ئەستێرەی هۆڵیوود (چاك نۆریس) لە تەمەنی 86 ساڵیدا كۆچی دواییكرد.
بەپێی ڕاپۆرتە جیهانییەكان بە ماوەیەكی كەم پێش كۆچی دوایی,چاك نۆریس ڕەوانەی نەخۆشخانە كرا لە دورگەی “كوای”ی ویلایەتی هاوای,بەڵام دواجار بەفەرمی لەلایەن خێزانەكەیەوە كۆچی دوایی ڕاگەیەندرا,هەروەها كۆچی دوایی ئەم هونەرمەندە لە كاتێكدایە كە دە ڕۆژ لەمەوبەر ئاهەنگی 86هەمین ساڵڕۆژی لەدایكبوونی گێڕا و كورتە ڤیدیۆیەكی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكردەوە یاری بۆكسێنی دەكرد.
چاك نۆریس یەكێك بوو لە پاڵەوانانی هونەری جەنگی و هەمیشە بە جلی وەرزشی و جەستەیەكی ڕێك و بەهێزەوە دەردەكەوت,وە شارەزایی لە چەند وەرزشێك هەبوو وەك كاراتێ و تایكواندۆ و تانگ سوودو كە ئەمەش وەرزشێكی كۆرییە و تێكەڵە لە وەرزشی كاراتێ و كۆنگ فۆ,ئەم كەسایەتییە توانی وەرزشەكەی و هونەری بەرگری جەنگی بهێنێتە نێو شاشە و لە ژمارەیەك فیلمی ئاكشن بەشدار بێت و سەركەوتنێكی گەورەی تۆمار بكات.
سەرەتای دەركەوتنی چاك نۆریس دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1968دوای بەشداریكردنی لە فیلمێكی سینەمایی بەناونیشانی(the wrecking crew),بەڵام ناسینی ئەم كەسایەتییە وەكو ئەكتەرێكی سینەمایی و بەناوبانگ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1972 كاتێك لە فیلمی(the way of the dragon)بەشداربوو و لەم كارە سینەماییەدا شانبەشانی ئەستێرەی كۆچكردووی جیهانی(بروس لی)دەركەوت و هەردووكیان وەكو دوو پاڵەوانی وەرزشی ڕووبەڕووی یەكبوونەوە,كە ئەم فیلمە زیاتر دەرفەتی بۆ چاك نۆریس ڕەخساند تاوەكو بە یەكجاری بێتە نێو جیهانی فیلم و سینەما.
هەروەها فیلمی(missing in action)یەك لە كارە سینەماییەكانی ئەم هونەرمەندەیە كە ساڵی 1984بەرهەمهات,وە فیلمی (the delta force) كە ساڵی 1986بەرهەمهات و سەركەوتنێكی گەورەی تۆماركرد,هەروەها لە ساڵی 2012 لە بەشی دووەمی فیلمی(the expendables)بەشداری كرد,كە سەرجەم ئەكتەرەكانی نێو ئەم فیلمە لە پاڵەوانانی فیلمە ئاكشنەكانی هۆڵیوود پێكدێن و (سلفسلتەر ستالۆن) سیناریۆكەی ئامادەكردووە.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
