هونەرمەندی فەرەنسی تیتی ڕۆبن بۆ گوڵان:كولتووری مۆسیقا و شیعری كوردی قووڵە، چونكە گوزارشت لە مێژووی گەلی كورد دەكات
تیتی ڕۆبن ئاوازدانەر و مۆسیقاژەنێكی دیاری فەڕەنسییە و لە ساڵی 1957 لەدایكبووە. بە یەكێك لە پێشەنگە دیارەكانی ئەو مۆسیقایە دادەنرێت كە پرد لە نێوان كولتوورەكاندا دروست دەكات، و وێستگە گرنگەكانی كاروانی هونەریی ئەو ئەمانەن:چەندین ئامێری ژێدار دەژەنێت، وەك: عوود، بزق، و گیتار، كاری لەگەڵ هونەرمەندانی كوردی، ئێرانی و عەرەبی كردووە؛ وەك مۆسیقاژەنی ئێرانی «كەیوان شێمیرانی»، و هونەرمەندی مەغریبی «مەهدی ناسولی» لە دەرفەتێكدا چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد.
*كاروانی هونەریت لەگەڵ مۆسیقا چۆن دەستی پێكرد؟
-لە سەرەتاوە ستایلێكی تایبەت بە خۆم دانا، هەوڵمدا هەماهەنگی لەنێوان كولتوورە جیاوازەكاندا بكەم، بەتایبەتی كولتووری قەرەج و ڕۆژهەڵاتی - و ژینگە ڕۆژئاواییەكە كە تێیدا دەژیام؛ ئەم كولتوورانە كاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر من هەبوو، لەناو ئەم دوو كۆمەڵگەیەدا بوو كە وەڵامێكی پەسەندكردن و هاندەرم بەدەست هێنا، چونكە دیمەنی سەرەكیی مۆسیقای فەڕەنسی لەو كاتەدا لە ئاراستەی هونەریم تێنەدەگەیشت. هونەری عەرەب و قەرەج ئەو دەرفەتەیان پێدام تاكو تایبەتمەندی ڕوانگە مۆسیقاییم تاقی بكەمەوە لەگەڵ ئەم نەریتە دەوڵەمەندانەدا، بەڵام هیچ كات لاساییانم نەكردەوە، چونكە بەدوای ڕێگەیەكدا گەڕام بۆ ئەزموونی مرۆڤایەتی خۆم.
ئەو مۆسیقاژەنانەی لەو ماوەیەدا هاوڕێم بوون لەم كۆمەڵگەیانە هاتبوون - وەك عەبدولكەریم سامیی ژەنیاری ئامێرە ئیقاعییەكانی بەربەری موغریبی، كامارۆن دی لا ئیسلا، گۆرانیبێژی قەرەج فلامێنكۆ، و مونیر بەشیر مامۆستای عوود، و گۆرانیبێژ محەممەد ڕەزا شەجەریان، و ڕۆماننووس یەشار كەمال، هەروەها زۆرجار ئیلهام لە شیعردا وەردەگرم (مەشرەب، حافز، شێماس هینی) و لە نیگاركێشاندا (سیزان، ڤان كوخ).
لە سەرەتای هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو دەستم بە شێوازێكی تایبەت بە خۆم كرد كە بە «مەدیتەرانی» ناسراوە.
*چۆن توانیویتە مۆسیقای باكووری ئەفریقا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەلكان و ئەوروپا تێكەڵ بكەیت لەگەڵ پاراستنی ناسنامەی جیاوازی هەر نەریتێك؟
-لە ڕاستیدا، بۆ ڕێزگرتن، من مۆسیقاكانی پەیوەست بەم نەریتانە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ ناژەنم. بۆ نموونە، من زۆر حەزم لە بەغڵەمە (سازی توركی)، بەڵام بەهۆی گرنگی ڕۆحییەوە كە بۆ عەلەوییەكان هەیە، بڕیارم دا نەیژەنم. لەگەڵ ئەوەشدا كاریگەرییەكەی ڕوونی بەسەر گیتار ژەنینیمدا هەبوو، هاوڕێیانی توركم بە تایبەتی ڕوحی بەغڵەمەی ئەناتۆلی بە ڕوونی دەبیستن لە پێشەكییە ئازادەكەی «La petite mer». هەر لە سەرەتاوە، هەوڵمداوە زمانی مۆسیقایی تایبەت بە خۆم بدۆزمەوە. ڕێز لەم سەرچاوە و كولتورانە دەگرم، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم كولتوورە جیاوازانە - كە لە باشووری ڕۆژئاوای ئەوروپاوە تا باكووری هیندستان درێژ دەبنەوە - چەندین تایبەتمەندی هاوبەشیان هەیە كە ڕەگ و ڕیشەیان لە مێژووەكانیان بۆ بڵاوبوونەوەی ئیسلام و ئاراستەی قەرەجەكان دەگەڕێتەوە، بۆ نموونە، گۆرانی و شیعری قەوالی سووفی پەیوەندی لەگەڵ گۆرانی و شیعری فلامێنكۆدا هەیە و وەك لقی جیاوازی یەك دارن.
*ئامێرەكانی گیتار، عوود، بزق، و ماندۆلین چ ڕۆڵێكیان هەیە لە كارە هونەرییەكانتدا هەیە؟
-ئامێرەكانم كەسایەتی جیاوازیان هەیە پێش هەموو شتێك، ئەوان سێ بران - یان خوشكن، چونكە هەموویان لە بنەماڵەی عوودن.
گیتاری ڕۆژئاوایی لە عوود پەرەی سەندووە، و ئەو عوودە ئەوروپییەی سەردەمی نوێبوونەوە (Renaissance) خۆی لە عوودی ڕۆژهەڵاتییەوە هاتووە. ژەنینی گیتارێكی جۆری مانووش كاریگەریی لەسەر شێوازی ژەنینی عوودی مەدیتەرانی و عوودی ڕۆژهەڵاتی هەبووە؛ هەندێك جار تەنانەت هەستی ئیقاعیی هونەرمەندێك وەك عەلی فەركا تووریی تێدا دەبینرێت، چونكە مۆسیقاژەنانی وەك خۆم لە تێكەڵەیەك لە كاریگەری عەرەبی و ڕۆژئاوایی پێك هاتوون. من لەنێو مانووش و قەرەجیە باشوورییەكاندا گەورە بووم لەلایك ڕومبا و فلامێنكۆوە و لەلایەكی ترەوە مۆسیقای سوینگ جازی. لە كۆتاییدا بەرەو لایەنی مەدیتەرانی ڕاكێشام - بەشێكی بەهۆی بوونی بەهێزی كۆمەڵگەی عەرەب و مەغریبییەوە لە دەوروبەرم، بەڵام زۆرتر بەهۆی ئەوە بوو كە لەگەڵ كەسایەتیم گونجاوە؛ شێوازی ژەنینم بە تەواوی «فەڕەنسی»یە، لە نێوان گیتاری مانووشی باكووری فەڕەنسا و ئیقاعییەكانی كاتالۆنیای باشوور لەدایك بووە.
بزق ئاماژە بە ئاسیای ناوەڕاست دەكات؛ مێژووەكەی تەنانەت پێش مێژووی عوودیشە، و پەیوەندی بە كولتوورە كۆچەرەكانەوە هەیە، بەڵام ئەو ئامێرەی من دەیژەنم یۆنانییە و شێوازێكی تایبەت بەكار دەهێنم، كە زیاتر لە كەلتووری كوردی و مۆسیقاژەنانی گەڕۆكی ئاسیای ناوەڕاست وەرگیراوە نەك یۆنانی، لەگەڵ تێكەڵكردنی كاریگەری ئیقاعیی لە نەریتی قەرەجی باشووری فەڕەنسا و ئیسپانیاوە. هەرچەندە ئامێرەكەم لە ئەسینا كڕی، بەڵام لەبەر ئەوە نەبوو كە بمەوێت بە شێوازی نەریتی پەیوەست بەو ئامێرە یان وڵاتەكە بیژەنم، بەڵكو بەهۆی ئەوەی بزقی یۆنانی نوێنەرایەتی تێكەڵەیەكی ئۆرگانۆلۆژیكی پێشكەوتوو دەكات لەنێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا. هەروەها عودیش بە شێوازی تایبەت بە خۆم دەژەنم هەرچەندە كەسایەتی و هەستیاری هونەرمەندی تاك عێراقی مونیر بەشیر كاریگەریی لەسەر من هەبووە. چەند مانگێك پێش كۆچی دوایی هات بۆ كۆنسێرتێكم لە ئوردن، لەگەڵ خێزانەكەی، ڕۆحی فرەكولتووریی مووسڵ شاری لەدایكبوونی واتایەكی گەورەی بۆ من هەیە، بەڵام ماندۆلین ناژەنم، هەرچەندە كە گەنج بووم هەندێك تاقیم كردەوە.
*تۆ نزیك لە كۆمەڵگەی عەرەبی، ئەمازیغی، توركی و هیندی ژیاوی، چی لەم كولتوورە مۆسیقییە زیندووانە فێربوویت؟
-ئەمە پرسیارێكە وەڵامدانەوەی ئاسان نییە، چونكە كەسانی پەیوەندیدار - هونەرمەندان و تاكەكان - پێش هەموو شتێك بەستراونەتەوە بە كولتوورەكانیانەوە، بەڵام دەتوانم هەوڵ بدەم بە شێوەیەكی گشتیتر قسە بكەم. ئەم كولتوورانە زمانێكی مۆسیقیی هاوبەشیان هەیە كە لە ڕێگەی مۆداڵیتی دەردەبڕدرێت - وەك ڕاگای هیندی یان مەقامەكانی عەرەبی - هەروەها هەستێكی دەربڕینی سۆزداری كە زۆر گرنگە بۆم، بەتایبەتی لە بەدیهێنانی مۆسیقیدا، هەروەها بەستراونەتەوە بە پەیوەندیی نێوان مۆسیقا و شیعرەوە، و بە بینینێك بۆ جیهان كە پیرۆز و دونیایی تێدا تێكەڵ بوون بەیەكەوە بە شێوەیەكی نزیك. ئەم كولتوورانە لە ڕابردوودا پێكەوە پەیوەست بوون و ئەو مێژووەیە ئەم پەیوەندییانە لە ئەمڕۆدا دەكاتە شتێكی شیاو.
*شیعری سۆفی، فارسی و مەدیتەرانی بە قووڵی لە كارەكانتدا بەدی دەكرێت، دەقێكی شیعری چۆن بۆ تۆ دەبێتە زمانێكی مۆسیقی؟
-شیعر ئیلهام بە مۆسیقام دەدات، نیگاركێشان و وێنەگرتنیش - دەتوانن ئەوە بكەن، بەڵام ئیلهامم پێدەدەن بەو ڕادەیەی كە هەستێك دەردەبڕن دەنگدانەوەیەكی دڵسۆز بۆ ژیان و ئەو هەستانەی كە تێیدا دەڕۆن: خۆشەویستی، ئازار، هیوا، پەشیمانی، خەون، و هەموو ململانێكانی نێوان ئاسمان و زەوی. هونەر وەرگێڕانی بینینێكە بۆ جیهان كە لە وشە، نۆتی مۆسیقی، یان ڕەنگدا دەرببڕدرێت.
بۆ من شیعر و مۆسیقا دوو شێوازی جوانیناسین كە ڕایاندەگرم؛ ژەنینی مۆسیقی و نووسینی شیعر، لە بنەڕەتدا هەمان جووڵەن - وەرگێڕانی جیهانی ناوەوەی و نزیكی خۆم كە دەمەوێت لەگەڵ كەسانی دیكەدا بەشی بكەم، سەرچاوەیەك هەیە، دواتر بەشكردنێكە وەك ئەوەی كە زۆر لە ئاوی ڕووبار بەرەو دەریا دەڕوات.
*لەگەڵ هونەرمەندانی نەتەو جیاجیاكاندا كارت كردووە، وەك حەمید خان، فەیز عەلی، و ئێسما ڕەجەپۆڤا، مەبەستت چییە لەم هەماهەنگییە؟
-بۆ من هەماهەنگی پێش هەموو شتێك لە نێوان دوو كەسدایە، دواتر كولتوور وەك ئامرازێك كاردەكات بۆ ئاسانكردنی ئاڵوگۆڕ و بەدیهێنانی هاوبەشی كارێكی هونەری، كولتوور مامناوەندە، بەڵام ئەگەر هەستم بە پەیوەندییەكی مرۆڤایەتی ڕاستەقینە لەگەڵ هونەرمەندێك نەكرد، ناتوانم پرۆژەیەكی هونەری لەگەڵیدا گەشەپێ بدەم، بۆیە من لە «فیوژن» بەشداری ناكەم واتە تێكەڵكردنی كولتوورە جیاوازەكان بۆ دروستكردنی پارچەیەكی مۆسیقی. ئەوەی گرنگە بۆم كەسەكەیە، كولتوور لە پلەی دووەمدایە، چونكە بۆ ئاسانكردنی ئاڵوگۆڕ بوونی هەیە. بێگومان، ئەو كولتورانەی كە هونەرمەندیان بەرهەم هێناوە كاریگەرییان لەسەرم هەیە و پێیان سەرسامم، هیچ شتێكی نامۆ لە مۆسیقاكەمدا نییە؛ ئەوە ژیانی تایبەتی خۆم دەردەخات، و ئەو هونەرمەندانەی كاریان لەگەڵ دەكەم وەك ئەو كەسانەن كە ژیانم لەگەڵیاندا بەش دەكەم. بۆ نموونە، كاتێك دەستم بە كاركردن لەگەڵ فەیز عەلی فەیز خان سەحاب كرد، ئاشنا بووم بەو شێوازە قەوالییە نەك تەنیا لە ڕووی مۆسیقییەوە، بەڵكو لە ڕووی ڕۆحیشەوە. پێش چەند ساڵێك پێشتر گەشتم بۆ زیارەتگای ئەجمێر شەریف لە ڕاجستان كردبوو، ئاوازدانان بۆ ئەم شیعرە سۆفییانە واتایەكی ڕاستەقینەی هەبوو بۆ ژیانی كەسی و پیشەییم بەیەكەوە. هەرگیز پەیوەندییە بەهێزەكەی نێوان كولتوورە مۆسیقاییەكان و بنەمای مرۆڤایەتی و كۆمەڵایەتییان لەبیر ناكەم، ئەمە میراتێكە لە پێشینانەوە كە پێویستە یەكەم جار ڕێزی لێ بگیرێت پێش ئەوەی لێی فێربین و شێوازی نوێ بۆ ئەمڕۆ و بەیانی داهێنین.
*مۆسیقا دەتوانێت ببێتە پرد لە نێوان گەلان و كولتوورە جیاوازەكاندا؟
-بەڵێ مۆسیقا ڕێگە بە خەڵكی كولتوورە جیاوازەكان دەدات بەشداری بكەن، یەكتری بدۆزنەوە، فێربن، و گەشە بكەن. لەگەڵ ئەوەشدا، بڕوام نییە كە ئەو هێزەی هەبێت لە كاتی جەنگ یان كۆلۆنیالیزمدا. مۆسیقا پردێكە، بەڵام پردێكە كە لێی نەزانی لەوانەی وێرانی بكەیت، مۆسیقا یەكێكە لەو ئامرازە ئەرێنییانەی مرۆڤەكان هەیانە بۆ بەهێزكردنی برایەتی، بەڵام ئامرازێكی ئێستا بەداخەوە ناسكە.
ناسكە بێگومان، بەڵام ناچارییە، چونكە لەوانەی ڕێگە دەدات بۆ دووبارە بونیادنانەوە و كۆكردنەوەی خەڵك. پێویستە هونەر ئامانجی هەبێت، چونكە دەتوانێت شتی گەورە لەم جیهانەدا بەدی بهێنێت، هەروەها سادە بێت، چونكە ئەم جیهانە توندوتیژە.
پێش چەند ساڵێك كۆنسێرتێكم لە غەززە ئەنجام دا، دوو كاتژمێر پێش كۆنسێرتەكە، سوپای ئیسرائیل دەسترێژی گوللەی كردە سەر ئۆتۆمبێلێك كە چەند بەرپرسی فەلەستینیی تێدا بوو، توندوتیژی گەیشتە لووتكە و باس لە هەڵوەشاندنەوەی كۆنسێرتەكە كرا، بەڵام لە كۆتاییدا بەڕێوە چوو. دوای ئەنجامدانی، سەرۆكی شارەوانی شاری غەززە - كە پزیشكێك بوو هاتە سەر سەكۆ و گوتی كە ئێمە هەر ئێستا شتێكمان ئەنجام دا كە هیچ سیاسەتمەدارێك نەیتوانیبوو بیكات: بۆ ماوەی دوو كاتژمێر، لە زیندانە كراوەكەیان دوور خرابوونەوە؛ گەشتیان كرد بە ڕێگەی مۆسیقاوە. دۆخە تراژیدییەكەیان بیرچووەوە و هەستیان بە ئازادی كرد. پاشان جەماوەر هاتە سەر سەكۆكە بۆ لە باوەش گرتنمان. هەر كاتێك گومانم لە خۆم وەك هونەرمەند دەبێت، ئەو ساتەی ژیانی خۆمم بیر دێتەوە و بەردەوام دەبم.
*پەیوەندیت لەگەڵ هونەرمەندانی كورد هەیە؟
-هەمیشە حەزم لە شێوازە جیاجیاكانی مۆسیقای كوردی بووە. یەكەم هونەرمەند كە لە كۆنسێرتێكدا بینیم تەمۆ بوو؛ ئەوە لە نمایشێك تایبەت بوو لە شاری ئانژێر دوای ئەوەی بووم بە مۆسیقاژەنێكی پیشەیی، دەرفەتم بۆ ڕەخسا كە لەگەڵیدا كار بكەم لەسەر پرۆژەیەكی مۆسیقی، كە ئیقاعژەنی تورك ئۆكای تیمیز، و كلارنێتژەنی قەرەج حەسەن یاریم دونیا، و گۆرانیبێژی برێتۆنی ئێریك مارشان تێیدا بەشدار بوون. لەو كاتەدا گوێم لە شڤان پەروەر و گولستان و كامگاران دەگرت. حەزم لەو شێوازە بوو كە تەمبوور ژەنان چیرۆكیان بێ وشە دەگێڕایەوە، تەنیا بە ئاواز و ئیقاعی - و كاتێك چاوەكانم دادەخستن، ئەسپی شاهبووی ئینجە مەمەد وێنام دەكرد كە بەناو چیاكاندا ڕادەكات. من باسی ئەو شێوازەم كردووە بە شێوەی خۆم لە پارچەی «La course de l›alezan» (پێشبڕكێی ئەسپی شاهبوو)، كە كێڤان چمیرانیش لەسەر ئامێری دەف تێیدا بەشدارە.
هەرچەندە خۆم مۆسیقای كوردی ناژەنم، بەڵام ئەو خۆشەویستییەی بۆی هەمە بێگومان كاریگەری لەسەر شێوازی ژەنینم هەبوووە، هەروەها لەگەڵ مۆسیقاژەنی كوردی ڕۆژهەڵات شادی فەتحی كارم كردووە، كە زۆر شتی فێركردم لەبارەی تەریقەتە سووفییە كوردەكانی كرماشان یان سنە.
لە ڕاجستان، ئەو كەسانەی پەیوەندیم لەگەڵیاندا هەیە - كە لە توێژە مۆسیقاژەنە كۆچەرەكانی بیابانی ساڕەوە هاتوون - زۆر حەزیان لێیە كاتێك لە پارچەكانی وەك «Lerzan»ی كامگارانیان بۆ دەژەنم. ئەوە شتێكی نوێیە بۆیان، بەڵام لە هەمان كاتدا زۆر ئاشناش - زۆر زیاتر لە مۆسیقای باشووری هیندستان كە بۆیان زۆر زەحمەتە.
*بە بۆچوونی ئێوە، مۆسیقای كوردی لەكوێدا وەستاوە لەنێو هونەرە جیهانییەكاندا؟
-من باوەڕم بە ڕكابەری یان پلەبەندیی شێوازەكان نییە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە كولتوورێك چی بە نەتەوەیەك بەخشیوە وەك زمان كە هەم دەربڕی كۆمەڵگەیە و هەم ناخی تاكەكانە لەو كۆمەڵگەیە، كە ڕێگەی پێ دەدات لەگەڵ كەسانی دیكەدا بەشی بكات. ئەمە سامانێكی زۆر گەورەیە، چونكە مێژووی گەلێك و یادگاریی باب و باپیرانیان دەگوازێتەوە و سەرچاوەی شانازییەكی گەورەیە.
لە بواری جیهانیدا ئەوەی پێی دەڵێن «world music» – كە چەمكێكی كۆلۆنیالی، نەژادیە و لە ڕەگەزپەرستی نزیكە دەبێتەوە - ڕكابەری و خەڵات لە نێوانیاندا هەیە بۆ نموونە، مۆسیقای ڕێگی ئەوروپی و سەماكردنی ئەمریكای باشوور و گۆرانی ڕۆحانی ئاسیایی. من بە ئاشكرا ڕەتم كردووەتەوە بەشداری لەم بۆنە میدیاییانەدا بكەم و لەم بارەیەوە ڕاشكاوانە قسەم كردووە.
كولتووری مۆسیقا و شیعری كوردی قووڵە، چونكە گوزارشت لە مێژووی گەلی كورد دەكات، بە هەموو لایەنەكانییەوە - میللی، پیرۆز، ئاهەنگی، و زانستی. هەموو كولتوورێك شایانی ئەوەیە كە بەم شێوەیە ڕێزی لێ بگیرێت.
*چۆن دەكرێت هونەری كوردی زیاتر گەشە پێ بدرێت یان بەرزبكرێتەوە تاكو لەگەڵ هونەرەكانی كولتوورە جیهانییەكانی دیكەدا شان بە شان بوەستێت؟
-پێموایە ئەمە پشت بە هونەرمەندە تاكەكان دەبەستێت، ئەوانەی كەسایەتییان هەیە كە لە سنووری شێوازیش تێدەپەڕن.
بۆ نموونە لە فلامێنكۆدا پاكۆ دێ لووسیا سەركەوت لە گەیاندنی ئەم جۆرە بۆ نەتەوەكانی جیهانی زۆر دوور لە ئەندەلوس و ئیسپانیا، لەگەڵ شانازیكردن بە ڕەچەڵەكی خۆی و بەبێ ئەوەی هیچ لە سازشێك لە ڕەچەڵەكی خۆی بكات. هەمان شت بۆ مامۆستا نوسرەت فەتح عەلی خانیش دەگوترێت.
