لێکەوتە یاسایییەکانی تاوانی هێرشکردنە سەر نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان
( هێرشی سەركۆنسولخانەكان لە هەریمی كوردستان و بەغدا بە نمونە)
نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان، لە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی نێردراوان، تەنیا باڵەخانەی ئاسایی نین، بەڵکو وەک نیشانەی سەروەریی دەوڵەتان و پردی سەرەکیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێناسە دەکرێن. هەر هێرشێک بکرێتە سەر ئەم ناوەندانە یان کارمەندەکانیان، وەک دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی دەوڵەتی ڕەوانەکەر و تێکدانی نەزمی گشتیی جیهانی هەژمار دەکرێت.
لە ڕووی چوارچێوەی یاسایی و نێودەوڵەتییەوە، بەپێی ڕێککەوتننامەی ڤییەنا بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە ساڵی (1961)، دەوڵەتی خانەخوێ پابەند کراوە بە گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ دابینکردنی پاراستنی تەواو بۆ ئەم ناوەندانە. تاوانی هێرشکردنە سەر ئەم شوێنانە تەنیا زیانی ماددی و مرۆیی نییە، بەڵکو لێکەوتەی سیاسیی مەترسیداری هەیە کە دەکرێت ببێتە هۆی پچڕانی پەیوەندییە سیاسییەکان و گۆشەگیریی نێودەوڵەتی بۆ ئەو وڵاتەی کە ناتوانێت ئاسایشی دیپلۆماتکاران بپارێزێت.
یاسادانەری عێراقی بە بایەخێکی زۆرەوە سەیری ئەم جۆرە تاوانانە دەکات، چونکە ڕاستەوخۆ کار دەکەنە سەر ئاسایشی دەرەوەی وڵات و ناوبانگی نێودەوڵەتیی دەوڵەت. ئەم تاوانە لە ڕێگەی چەند دەقێکی یاسایییەوە ڕێک خراوە، لەوانە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (111)ی ساڵی (1969)، کە هێرشکردنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان وەک تاوانێک پۆلێن دەکات کە کاریگەریی لەسەر ئاسایشی دەرەوەی دەوڵەت یان پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەیە. هەر کردەوەیەک ببێتە هۆی تێکدانی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ دەوڵەتانی تر، بکەرەکەی ڕووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە.
هەروەها، یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراقی ژمارە (13)ی ساڵی (2005) بە توندی مامەڵە لەگەڵ ئەم هێرشانە دەکات و وەک کردەوەیەکی تیرۆریستی دەیناسێنێت. لە ماددەی (2) بڕگەی (6)ی ئەم یاسایەدا هاتووە کە هەر هێرشێک بۆ سەر باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان لە عێراق بە کردەوەیەکی تیرۆریستی دادەنرێت و سزای لەسێدارەدانی بۆ دیاری کراوە.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین کە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان ئەرکێکی یاسایی و ئەخلاقیی دەوڵەتە. یاسای عێراقی لە ڕێگەی دیاریکردنی سزای سێدارە بۆ ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئاسایشی دیپلۆماتکاران هێڵێکی سوورە و هیچ چاوپۆشییەک لە تێکدەرانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ناکرێت.

سەنار شێرۆكی