١٤ی ئادار؛ لەدایکبوونی سەرکردەیەک و بونیادنانی عەقیدەی بەرگریی نەتەوەیەک
لە مێژووی نەتەوەکاندا، هەندێک بەروار هەن کە لە چوارچێوەی یادکردنەوەیەکی ئاسایی دەردەچن و دەبنە خاڵی وەرچەرخانی ناسنامە و هۆشیاریی نەتەوەیی. ١٤(ی ئاداری ١٩٠٣)، کە هاوکاتە لەگەڵ لەدایکبوونی مستەفا بارزانی، تەنها سەرەتای ژیانی کەسایەتییەک نەبوو، بەڵکو لە ڕوانگەی مێژووی هاوچەرخەوە، زەمینەسازییەک بوو بۆ لەدایکبوونی مۆدێلێکی نوێ لە سەرکردایەتیکردنی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کورد. کاتێک بە چاویلکەی زانستی ستراتیژی و مێژووییەوە لە ژیان و خەباتی ئەم سەرکردەیە دەڕوانین، دەبینین میراتەکەی زۆر لەوە قووڵترە کە تەنها لە چوارچێوەی شۆڕشگێڕێکدا کورت بکرێتەوە؛ ئەو ئەندازیاری گۆڕینی تفەنگی بێپلان بوو بۆ ئیرادەیەکی سەربازیی ڕێکخراو.
یەکەم: لە فەزعەی خێڵەکییەوە بۆ دیسیپلینی نیشتمانی
گەورەترین داهێنانی مەیدانیی مستەفا بارزانی، گۆڕینی فەلسەفەی شەڕکردن بوو لە کوردستان. پێش دەرکەوتنی ئەو لە گۆڕەپانی فەرماندەییدا، زۆربەی بەرەنگاربوونەوەکان پشتبەستوو بوون بە هێزی کاتی و کۆکەرەوەی خێڵەکی، کە لە زانستی سەربازیدا هێزێکی نابەردەوامە و لەبەردەم سوپایەکی مۆدێرنی خاوەن تۆپخانەدا زوو دادەڕمێت.
بارزانی ئەم دۆخەی گۆڕی. بەکارهێنان و چەسپاندنی چەمکی پێشمەرگە وەک شوناسێکی نیشتمانیی سەروو-ناوچەیی، یەکەمین هەنگاوی بوو بۆ دروستکردنی سوپایەک کە ئینتیمای بۆ ئامانجێکی گەورەتر هەبێت. ڕێکخستنی ئەم هێزە بەپێی یەکە و میحوەری سەربازی، و دروستکردنی هێڵی فەرماندەیی ، وایکرد کورد خاوەنی هێزێکی بەرگری بێت کە بتوانێت نەک تەنها بۆ چەند مانگێک، بەڵکو بۆ چەندین دەیە بەرگەی سوپایەکی پڕچەکی وەک سوپای عێراق بگرێت.
دووەم: پڕاگماسییەتی سەربازی و خوێندنەوەی جیۆپۆلەتیک
هیچ سەرکردەیەکی سەربازی ناتوانێت سەرکەوتوو بێت ئەگەر نەتوانێت نەخشەی جیۆپۆلەتیکیی سەردەمەکەی بخوێنێتەوە. مستەفا بارزانی لە سەردەمێکی زۆر ئاڵۆزدا ژیا؛ لە ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە تا جەنگی سارد و ململانێی بلۆکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا.
خوێندنەوەی ئەو بۆ هاوکێشەکان، خوێندنەوەیەکی پڕاگماتی (واقیعبینانە) بوو. لە کاتی قەیرانە گەورەکاندا، ئەو دەیزانی کەی پێویستە بەرگرییەکی سەخت بکرێت و، کەی پێویستە هێزەکان بکشێنرێنەوە بۆ پاراستنیان. ڕێپێوانە مێژووییەکەی بەرەو ڕووباری ئاراس لە ساڵی (١٩٤٧)، یەکێکە لە وانە گەورەکانی زانستی سەربازی بۆ پاراستنی هێزی ناوەکیی شۆڕش لە کاتی گەمارۆدانی ستراتیژیدا. ئەم تێگەیشتنە قووڵە بۆ کات و شوێن، وایکرد هێزی کورد هەمیشە وەک کارەکتەرێکی زیندوو لەسەر مێزی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بمێنێتەوە.
سێیەم: تێکەڵکردنی هونەری جەنگ لەگەڵ ئامانجی سیاسی
لە ئەدەبیاتی سەربازیدا باوە کە ئەگەر جەنگ خزمەت بە ئامانجێکی سیاسی نەکات، ئەوا تەنها توندوتیژییەکی بێهوودەیە. بارزانی ئەم هاوکێشەیەی زۆر بە جوانی پراکتیزە کرد. ئەو هەمیشە هێزی چەکداری وەک ئامرازێک بۆ ناچارکردنی دوژمن بە دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ بەکاردەهێنا.
لێدانە تاکتیکییەکانی هێزی پێشمەرگە لە پەیکەری سوپای عێراق لە دەیەی شەستەکاندا، تەنها بۆ وێرانکردن نەبوو، بەڵکو ستراتیژێک بوو بۆ گەیاندنی دەسەڵاتدارانی بەغدا بەو قەناعەتەی کە بژاردەی سەربازی چارەسەر نییە. دەرەنجامی ئەم فشارە مەیدانییە ڕێکخراوە، بەیاننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ی لێ کەوتەوە، کە یەکەمین بەڵگەنامەی یاسایی و سیاسییە لە مێژووی هاوچەرخدا دان بە مافە نەتەوەییەکانی کورددا دەنێت.
ئەمڕۆ، لە یادی لەدایکبوونی ئەم سەرکردە مێژووییەدا، دەبێت لێکۆڵینەوەکانمان لە قۆناغی گێڕانەوەی سۆزدارییەوە بپەڕنەوە بۆ قۆناغی هەڵسەنگاندنی ئەکادیمی و سەربازی. میراتی مستەفا بارزانی، ئەو دامەزراوە و ئیرادە سەربازییەیە کە تا ئەمڕۆش پارێزەری قەوارەی هەرێمی کوردستانە.
خوێندنەوەی ژیانی بارزانی، وانەیەکی پراکتیکییە بۆ توێژەران و فەرماندە مەیدانییەکانی ئەمڕۆ، کە چۆن دەتوانرێت بە کەمترین کەرەستەی لۆجستی، بەڵام بە ئیرادەیەکی پۆڵاین و تێگەیشتنێکی قووڵ بۆ زانستی بەرگری و دیپلۆماسی، نەتەوەیەک لە مەترسیی سڕینەوە بپارێزرێت و بکرێتە خاوەنی پێگەیەک کە زلهێزەکانی جیهان حیسابی بۆ بکەن. ١٤ی ئادار، یادی لەدایکبوونی فەرماندەیەکە کە پێناسەی جووڵانەوەی چەکداریی کوردی بۆ هەمیشە گۆڕی.
ئەو عەقیدە سەربازی و نەتەوەییەی مستەفا بارزانی لە سەدەی ڕابردوودا بناغەی بۆ دانا، ئەمڕۆش مانیفێستی مانەوەی هەرێمی کوردستانە. لە قۆناغی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییە نوێیەکانی وەک تیرۆریزم (بەدیاریکراوی جەنگی داعش) و ناسەقامگیرییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هێزی پێشمەرگە سەلماندی کە هەڵگری هەمان ئەو ئیرادە خۆگونجێنەرە یە کە بارزانی دایڕشتبوو.
ئەمڕۆ، هێزی پێشمەرگە پرۆسەیەکی گەورە تێدەپەڕێنێت؛ لە هێزێکی پارتیزانییەوە گۆڕاوە بۆ هێزێکی بەرگریی مۆدێرن کە لەبری تەنها شاخەکان، بەرگری لە قەوارەیەکی دەستووری، ئابووری و مەدەنی دەکات. هەنگاوەکانی ئێستا بۆ یەکخستنی تەواوەتیی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی یەک سوپای نیشتمانی و فەرماندەیییەکی یەکگرتوودا، لە ڕاستیدا وەرگێڕانی پراکتیکیی هەمان ئەو دیدگا ستراتیژییەیە کە بارزانی بۆ دروستکردنی هێزێکی داماڵراو لە ئینتیمای تەسک و خاوەن ئینتیمایەکی نیشتمانی هەیبوو. پێشمەرگەی ئەمڕۆ، بەرهەمی ڕاستەوخۆی ئەو خوێندنگە سەربازییەیە کە بۆ یەکەمجار چەکی لە ئامرازێکی بەرەنگاربوونەوەی سادەوە، خستە خزمەتی پاراستنی سەروەری و ئامانجە باڵاکانی نەتەوەیەکەوە.

هاوكار محهمهد محهمهدڕهشید