١٤ـی ئادار؛ ئەو چرکەساتەی مێژووی کورد تێیدا ڕێڕەوی خۆی دۆزییەوە.
لە مێژووی هەر نەتەوەیەکدا، چرکەساتگەلێک هەن کە ئاڕاستەی مێژوو دەگۆڕن. ١٤ـی ئاداری ١٩٠٣، یەکێکە لەو چرکەساتە مێژووییە درەوشاوانەی تێیدا پێشەوایەک لەدایک بوو، و دواتر بوو بە ناسنامەی شۆڕش و قەڵای بەرگری لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان. ئەو ڕۆژە تەنها لەدایکبوونی سەرکردەیەک نەبوو، بەڵکو مژدەی سەرهەڵدانی ئیرادەیەکی پۆڵایین بوو کە چۆکی بە مەحاڵ دادا و پرسی کوردی لە پەراوێزی مێژووەوە گەیاندە ناوەندی بڕیاری جیهانی.
بارزانی نەمر، فەلسەفەی شۆڕشی لە چوارچێوەی تەنها خەباتی چەکدارییەوە گۆڕی بۆ قوتابخانەیەکی نەتەوەیی؛ قوتابخانەیەک کە تێیدا کوردایەتی واتە: خۆڕاگری، مرۆڤدۆستی و پێکەوە ژیان و سازشنەکردن لەسەر شکۆ. بارزانی نەمر لە چیا سەرکەشەکانەوە وانەی ئازادیی بە گوێی جیهاندا چرپاند و سەلماندی کە گەلی کورد وەک لوتکەکان ناچەمێتەوە. ئەمڕۆکە یادی ١٤ی ئادار، تەنها بیرهێنانەوەی ڕابردوو نییە، بەڵکو نوێکردنەوەی پەیمانی وەفادارییە بۆ ئەو ڕێبازەی کە هەمیشە وەک قیبلەنمایەکی ڕاستەقینە، بەرەو ئاسۆی سەرفرازی و سەربەخۆیی ڕێنماییمان دەکات.
سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی بارزانی نەمر و تەواوی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری کوردستان؛ ئەو ڕێبازەی هەمیشە وەک قیبلەنمای ڕاستەقینە بەرەو ئاسۆی سەربەخۆیی ڕێنماییمان دەکات.

حهسیبه گهردی