بــەرەو پــــاراستنی دەستووری بۆ سیستەمی فیدراڵی عێراق

بــەرەو پــــاراستنی دەستووری بۆ سیستەمی فیدراڵی عێراق

 

پابەندبوون بە دەستوور و جێبەجێکردنی تەواوی برگەکانی، زامنی بنەڕەتیە بۆ پاراستنی سیستەمی فیدراڵی عێراق و سەقامگیریی وڵاتێکی فرە نەتەوەیی، فرە ئایینی، فرە تائیفی .

خاڵی ئەم باسە ئەوەیە، لەکاتێکدا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی عێراق لە نێوان مشتومڕێکی بەرچاو لە دەوری ئەدای ڕکابەرەکان دەستیپێکرد، هەروەها کۆمسیۆنی سەربەخۆی باڵای و خودی سیستمی هەڵبژاردن، عێراق هێشتا بەتەواوی دەستبەرداری ئەم داب و نەریتە کۆنە نەبوون، کە دەگەڕێتەوە بۆ داڕشتنی دەستوور دوو دەیە لەمەوبەر، دوابەدوای ئەنجامی هەر هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی. ئەم داب و نەریتە بریتییە لە دانپێدانانی تەواو لە لایەن هێزە سیاسییەکانەوە بە ئەنجامەکان و پەسەندکردنی دابەشکردنی هەر سێ سەرۆکایەتییەکە کە پێشتر ڕێککەوتنی لەسەر کراوە لە حکومەت و دابەشکردنی  وەزاری بەپێی هێزی هەر لایەنێک و ژمارەی کورسییەکانی بەدەست هێناوە.

هەموومان دەزانین دەستوور گرێبەستێکە لە نێوان گەل و دەسەڵات، کۆدکردنی ماف و ئەرکەکانە و سەرچاوەی باڵای یاسادانانە، بۆ ئەوەی هیچ یاسایەک نەتوانێت بڕگەکانی پێشێل بکات. گەرەنتی سەقامگیری وڵات و پاراستنی هەموو مافەکانی هاووڵاتیانیە. زانایانی و شارەزایانی یاسایی دەڵێن "دەستوور یاسای باڵای دەوڵەتە، هەروەها کۆمەڵێک ڕێسای بنەڕەتییە کە فۆڕمی دەوڵەت و سیستەمی حکومەت و دەسەڵاتە گشتیەکان دیاری دەکەن: یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری". هەروەها دەستوور پەیوەندی ئەو دەسەڵاتانە لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ تاکەکان ڕێکدەخات و ماف و ئەرکە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیان دیاری دەکات. بە واتایەکی تر ئەو بەڵگەنامەیەیە کە چوارچێوەی یاسایی بۆ دەوڵەت دادەنێت و مافەکان زامن دەکات و دەیپارێزێت. دەستوور یاسای باڵای دەوڵەتە، هیچ یاسایەکی تریش لە سەرووی ئەوەوە نییە.

لە عێراق لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٥ بە زۆرینەی دەنگی هاووڵاتیان دەستوور دەنگی لەسەر درا و چووە بواری جێبەجێکردن. بەڵام بەداخەوە بەهۆی ڕووداوە پێشبینینەکراوەکانی وڵاتەوە، ئەم دۆخە نائاساییانە بوونە بیانوویەک بۆ هەندێک کەس کە لە بنەڕەتدا ئامادە نەبوون پابەندی دەستوور بن. ئەمەش وایکرد کە دۆخی ناکۆکی لەنێوان پێکهاتەکانی عێراق بەتایبەت کورد و دەسەڵاتی بەغدا لەلایەک و سوننە و هەمان دەسەڵات لەلایەکی تر دروستکرد.

پابەندنەبوون بە دەستوور و جێبەجێکردنی بڕگەکانی لێکەوتەی نەخوازراوی لێکەوتەوە، لەوانە هێرشی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر عێراق، دەربڕینی هەندێ میلیشیا دڵسۆزییان بۆ ئەم دەوڵەتە دەرەکییە و ئەو دەوڵەتە دراوسێیە و نەدانی مافی شایستە بە هاووڵاتی. لەم پێوەندییەدا هەڵوێستی ناوچە جێناکۆکەکانی مادەی ١٤٠ی دەستوور لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەت لە بەغدا وەبیر دێنینەوە. پابەندنەبوون بە بڕگەکانی دەستوور وەک مادەی 140 و ڕەتکردنەوەی دەرکردنی یاسای نەوت و گاز و ئەنجوومەنی فیدراڵی و قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی ڕژێمی پێشوو و بەتایبەت کورد لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی بەرامبەریان ئەنجامدرا، بووە هۆی دروستبوونی کێشەی زۆر لەنێوان پێکهاتەکانی عێراقدا.

یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوای هەڵبژاردنی، چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە دواخراوانەیە. ئەمە ئەرکێکی زۆر قورسە، بەڵام عێراقییەکان کە بە پەرۆشەوە بۆ سەقامگیری وڵات، هیوادارن پابەندبن بە بڕگەکانی دەستوور و بنیاتنانی دەوڵەتێکی شارستانی و دیموکراتی کە تێیدا هەمووان یەکسان بن لەبەردەم یاسایەکی دادپەروەرانەدا کە لەگەڵ دەستووردا بگونجێت، و هەمووان تێیدا بەشداربن لە حوکمڕانیدا.

زۆربەی عێراقییەکان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی عێراقێکی نوێی داهاتوو دەکەن کە دوور بێت لە ململانێی تائیفی و مەزهەبی، عێراقێک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ ئەو پێشکەوتنانەی کە لە سەرانسەری جیهاندا ڕوودەدەن. ئەمەش بەو مانایەیە کە پابەندبوون بە دەستوورەوە بۆ قازانجی هیچ لایەن و گرووپێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو بۆ بەرژەوەندیی دەستەجەمعی میللەتە.

لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە دەستووری عێراق پایەکانی بۆ دەوڵەتی پەرلەمانی فیدراڵی داناوە، بەڵام بێ ئەوەی هیچ جێبەجێکردنی ڕاستەقینەی هەبێت. ئەم دەستوورییە بۆتە شتێکی ڕابردوو، لە لایەن هەندێ گروپ و هەندێک لێکدانەوەیان بۆ خزمەتکردنی ئەو ئەجێندایانە کردووە کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی عێراق و هاووڵاتیانی دەگەیەنن. ئەمەش بەو مانایەیە کە پەرلەمانی تازە هەڵبژێردراو، لە خولی شەشەمی خۆیدا، دەبێت بە پەرۆشەوە کار بکات بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستوور و چاودێری حکومەت بۆ پاراستنی مانەوەی عێراقێکی یەکگرتوو و دیموکراسی.

هەڵبژاردن میکانیزمێکی دیموکراسییە کە بە ژماردنەوەی دەنگەکان و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان کۆتایی نایەت. بەڵکو لە جێبەجێکردنی دەستوور و جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی کە تێیدا هاتووە دەست پێدەکەن، هەروەها بەکردار کردنی ئەو بەڵێنانە کە بەهاووڵاتیان داوە، بە مەبەستی پاراستنی ئەو ماف و ئازادیانەی کە بە جێبەجێکردنی کاریگەرانەیان تەواوکەرن، لە ڕێگەی یاساوە کە ناتوانرێت تەحەدای بکرێت. ئەگینا ئێمە لە بازنەیەکی خراپەکاریدا دەمێنینەوە کە تیایدا سوڕانەوە بە دەوری هەر پڕۆسەیەکی سیاسی یان هەڵبژاردندا هیچ سوودێکی نییە و عێراقیش وەک خۆی دەمێنێتەوە و پێکهاتەکانیشی لە دۆخ و قەیرانەکانی خۆیاندا دەمێننەوە.

لێرەوە پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆک مەسعوود بارزانی، پابەندبوونی خۆیان بە دەستوور راگەیاندوە بۆ ئەوەی لە خزمەتی هەمووان و بنیاتنانی دەوڵەتێکی مەدەنی فیدراڵی دووپات دەکەنەوە.

Top