ڕابەرایەتى بارزانى قەڵغانێکى بەهێزوکاریگەر
رووداو و پێشهاتەکانى ناوچەکە و جیهان و کاریگەرییان لەسەر پرسى کورد و خوێندنەوەى پێشوەختانەى ئەم قۆناغە لەلایەن سەرۆک مسعود بارزانى و بانگ و ئامۆژگارى گەلى کورد بۆ تەبایی و یەکهەوڵوێستى نێوماڵى کورد ؛ ئینجا ڕابەرایەتى و سەنگ وپێگەى و کاریگەرییان گوزارشتە لەسەر خەمخۆریان بۆ کوردوکوردستان و داهاتووەکەى ، هەنگاوە سیاسى و دیپلۆماسییەکانى لەسەر بنەماى کوردایەتى و بەرپرسیاریەتى نەتەوەیی ونیشتیمانى و ئاشتى بونیاتنراوە ، لەکاتێکدا گۆڕانکارییەکان لە ناوچەکە و بەتایبەتى لە سووریاو عێراق رۆژ بەرۆژ خێراتر و ئاشکراتر دەبن ، ئەوە دەخوازێت بە ژیرانە و لۆژیکانە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت
سەرۆک بارزانى ، وەک رابەرێکى نەتەوەی و نیشتیمانى بەهۆى بوونى ئەزموونى لەمێژینە لە ڕووى سیاسى ، دیپلۆماسى و سەربازییەوە ، خاوەن پێگەیەکى گرنگ وستراتیژییە لەسەر ئاستى ناوچەکە و نێودەوڵەتیی ، بۆیە ئەم کاریگەرییە تەنیا لە سنوورى کوردستاندا نامێێتەوە ، بەڵکو گشتگیرە بۆ هەموو نەتەوەی کورد و کوردستان ، چونکە خاوەن مێژووییەکى دەوڵەمەندە لەتێکۆشانى نەتەوەیی و توانایی دروستکردنى هاوسەنگی لەنێو هەموو بەرژوەندییە جیاوازەکاندا هەیە و لەهەمانکاتیشدا سەرۆک و سەرکردەى وڵاتانى ناوچەکە و جیهان بە متمانە و سەنگەوە لێ دەروانن
ئەم ڕابەرە نەتەوەیی ونیشتیمانییە و متمانەیەى کە گەلى کورد پێیانە وادەکات ڕۆڵێکى گرنگ و ستراتیژى و چارەنووسسازانەى هەبێت لە چارەسەرى قەیرانەکان و هەموو ئەو کۆسپ و ئاڵنگارییانەى دێنە بەردەم کوردستان ؛ بەتایبەتى کاتێک رۆژئاوا و باکوورى کوردستان ڕووبەڕووى کێشەى سیاسى وسەربازى و مەترسى گەورە بوونەتەوە ، کاریگەرى و پێگەى سەرۆک بارزانى وایکردووە داکۆکی و بەرگرى و پشتیوانى نێودەوڵەتى بۆ دۆزى کورد بەدەست بێنێت و بکات
ستراتیژ و دیپلۆماسیی سەرۆک بارزانى رژد و راستیانە وتایبەتە ، بە شێوەیەک لە قۆناغ و دۆخە جیاوازەکاندا باش دەزانێت چۆن مامەڵە بکات و هاوسەنگى لەنێوان بەرژوەندییە جیاوازەکاندا دروست بکات ، بەتایبەتى لەگەڵ زڵهێزانى ناوچەکە و نێودەوڵەتى و بەتایبەت لەگەڵ هاوپەیمانە ستراتیژییەکان و ئینجا بەدەستهێنانى پشتگیرى لەڤاتیکان و وڵاتانى دیکە وکاریگەر، ئەوەش ئاماژەیە بەو توانا بەهێزە لە هاوسەنگکردن کە ئەمەش خۆى لەخۆیدا لێهاتوویی وکارێزمایی سەرۆک مسعود بارزانى پیشان دەدات لە چۆنێتى هاوسەنگکردن و سەرکەوتنى کارە دیپلۆماسییەکان و کۆکردنەوەى پاڵپشتى بۆ بەرژەوەندى کوردو بەڕێگەى چارەسەرى ئاشتیانە ؛ چونکە هەموو کاتێک سەرۆک بارزانى باوەرى بە گفتوگۆ هەبووە وەک باشترین ڕێگە چارەسەر بۆ گەیشتن بە چارەسەرى بەردەوامە ، چونکە ئەگەر ئەو ستراتیژەى سەرۆک بارزانى نەبووایە ڕەنگە لەم قۆناغەدا گەلى کورد زیانى زۆرى بەربکەوتبایە
لە نێو هەموو ئەو ئاڵۆزى و قەیرانانەى ناوچەکەدا ، وێراى هەموو لەمپەر و ئاستەنگە زۆرەکاندا ، سەرۆک بارزانى توانیوێتى هاوسەنگییەکى باش دروست بکات ؛ لە هەماکاتیشدا هەوڵەکانى بۆ یەکریزى بیروبۆچوونەکانە لە پێناو دروستکردنى پێگەیەکى هاوبەش ،چونکە هاوسەنگى هێز لەناوچەکە گۆڕاوە ، ئەمەش دەتوانێت دەرفەتێکى نوێ و هەمیش مەترسى بێت ، بەڵام خوێندنەوەى ژیرانەى سەرۆک بارزانى بۆ رووداو و پێشهاتەکان ، ئەوەش وادەکات بە پێى گۆڕانکارییەکان ستراتیژەکان رێک بخات
دەبێ ئەوش بزانین ، ئەزموونى قەوارەى هەرێمى کوردستان دەرفەتێکى دیکە و سەرۆک بارزانى ئەزموونێکى باشى هەیە لە دامەزراندنى دامودەزگاکانى کوردستان و ئیدارەدانى ئابوورى و سیاسەت ، ئەم ئەزموونەش دەتوانێت بکرێتە نموونەیەکى باش بۆ رۆژئاواى کوردستان ؛ کاریگەرى و پشتیوانى سەرۆک بارزانى ، هێزومتمانە بەخۆبوونێکى زیاتر دەدات کوردانى رۆژئاواى کوردستان و بزانن کە ئەوان هەرگیز بەتەنیا جێناهێڵین ، ئەم هەستە دەتوانێت کاریگەرى گەورەى هەبێت لەسەر ڕۆحى کوردایەتى و ئیرادە بەرەو داهاتوویەکى گەشتر وچارەسەری و قازانجێکى بەردەوام لە بەژوەندى گەلى کورد ، ئەوەش ئاماژەیە بە خوێندنەوەى دوورى سەرۆک بارزانى و هەوڵەکانى بۆ چارەسەرى ومافى زیاتر بۆ کوردوکوردستان ؛ هەروەها بەهێزکردنى پەیوەندییە دیپلۆماسیەکان وهێزى نەرم لە جیاتى بەکارهێنانى هێز بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان ،ئەوەش ئاماژەیە بەدیپلۆماسى بەهێزو گفتوگۆیەکى گشتگیر و ڕەچاوگرتنى دەرفەتەکان ئەمەش خۆى لەخۆیدا کارێزمایی و ژیرى و رابەرایەتى سەرۆک بارزانى پیشان دەدات لە کاتە سەخت و هەستیارەکاندا لە پێناو پارێزگاریکردن لە دۆز و شوناسى گەلى کورد

رێبوار حەمەلاو شوانی