ڕۆژئاوا قوربانی ئایدۆلۆژیای پەکەکە
٣٠ی ١ لە دیمەشقی پایتەختی سووریا ڕێککەوتنێکی نوێ لەلایەن هەسەدە و حکومەتی دیمەشق واژووکرا
وەک بڵاوکراوەتەوە ڕێککەوتنەکە چەند خاڵێکە لەوانە کۆتایی هێنانە بە شەڕ، چارەسەری ئەمنی و سەربازی و ئیداری و مەدەنی
ئەم ڕێککەوتنە دوو لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، هەندێک کەس پێیان وایە تەسلیمبوون و فرۆشتنە و هەندێکی دی پێیان زۆڕ باشە، لە ڕاستیدا نە فرۆشتنە و نە زۆڕ باشە بەڵکۆ خاڵی ناوەندە، ئەم ڕێککەوتنە بۆ ئەم کاتە گونجاوە ڕاستە دوزی کورد لە ڕۆژئاوا لەوانەیە ١٥ ساڵ گەڕابێتە دواوە بەڵام باشترە لە لەناوچوون، بەرهەمی زاڵبوونی ئایدۆڵۆژیای پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان دوزی کوردی لە ڕۆژئاوا بەرەو لەناوبردن دەبرد بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن لە لەناوچۆن سەرکردایەتی کورد لە سووریا ڕێککەوتنێکی لەم چەشنەیان هەڵبژارد
بۆچی ئایدۆلۆژیای پەکەکە؟
یەکەم: برایەتی گەلان کە لە ئایدۆلۆژیای پەکەکەدا زۆڕ باوەڕیان پێیەتی وای کرد هەسەدە بکەوێتە ژێرباری ئەوەی کە بەشێکی گەورەی سوپاکەی بە عەرەبی سووریا پڕبکاتەوە و لەوەش گرنگتر پێدانی ڕێژەیەکی چەکی قورس و سوک بەو هۆزە عەرەبیانە، کە سەردەمانێک لەگەڵ داعش بوون کاتێک لەگەڵ هەسەدەش بوون لە هەسەدە ڕازی نەبوون و خۆزگەیان بە داعش دەخواست و نەفرەتیان لە هەسەدە دەکرد، بە چۆنە پاڵ حکومەتی دیمەشق هەسەدە و کورد تۆشی شکستێکی گەورەبوون، کە نیوەی ئەو هێزەی بە جددی پشتیان پێ دەبەست هەڵگەڕانەوە و لەوەش زیاتر نیوەی چەکی هەسەدەیان لەگەڵ بوو کە دوو لە گەورەترین عەمباری چەک بەو عەرەبانە درابوون کە لە ڕیزەکانی هەسەدەدا بوون ئەمە نەک شۆکێکی گەورە بەڵکو هەسەدەی ناچار بە پاشەکشەیەک کرد کە نەیدەتوانی خۆی بگرێتەوە، هێزێکی گەورەی دەوڵەتێک بە هاوبەشی لەگەڵ گرۆپە تیرۆریستییەکان بە پاڵپشتی بەشێک لە وڵاتانی ئیقلیمی ڕووبەڕووی هێزێک ببێتەوە و نیوەی هێزەکەش لێی هەڵبگەڕێنەوە ئەو هێزە زۆڕ ئەستەمە لە شکست ڕزگاری بێت، برایەتی گەلان و پشت بەستن بەم ڕوئیایە یەکەم و گەورەترین هەڵەی هەسەدە بوو کە بەم دەردەی برد.
دووەم: ناڕوونی لە خواستەکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان کە ئەوەش هەر بەشێکی لە ئایدۆلۆزیای پەکەکە، لە ڕۆژئاوا ئامانج و خواستی کورد ڕوون نەبوو یانی نەیاندەزانی چیان دەوێت و داوای چی دەکەن، نە کۆنفیدرالیان دەویست و نە فیدرالی و نە باوەڕیان بە کیانی نەتەوەیی هەبوو بۆ کورد، نە ئەمریکا و نە ئیسرائیل و نە حکومەتی دیمەشقیش لایان ڕوون نەبوو کە هەسەدە و کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان چیان دەوێت، زۆڕ دوور ناڕۆین هەر با بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای کەوتنی ڕژێمی ئەسەد کاتێک لە سووریا هەژموونی کورد زیاتربوو لە هێزی شەرع ئەوکات کە لەسەر هەسەدە پێویستبوو خاکی کورد بگرێت و سنووری خۆی دیاری بکات کە وای نەکرد بەڵکو زۆڕترین قوربانی لەو شوێنانەدا کە هی کورد نەبوون، ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥ هەستان چوونە دیمەشق و ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ شەرع واژووکرد کە ڕەوایەتی تەواوی بە دەسهەڵاتی شەرع دا بێ ئەوەی هیچ لەبەرامبەردا بۆ کورد بەدەست بهێنرێت، مەزڵۆم عەبدی خۆی ئیمزار لەسەر ئەو ڕێککەوتنە کرد و ئامادەییان دەربڕی کە تێکەڵی هێزەکانی سووریا ببن بێ گوێدانە ئەو خوێن و قوربانییەی کە کورد بۆ خاکی ڕۆژئاوای کوردستانی داوە بە تەواوەتی تەسلیمی خواستەکانی شەرع بوون، ئەو ڕێککەوتنەش تاپۆیە لەدەستی شەرع و نە ئەمریکا و نە ئیسرائیل و نە کەس ئامادەنییە دەستتێوەردان بکات کە خۆت ڕێککەوتن بکەی و ڕازی بی بەو شتە دەبێ پابەندیش بی، دواتر کە هەسەدە بە هۆش خۆی هاتەوە و کەمێک بەنجی ئایدۆلۆژیای پەکەکە بەریدا هەستیان بەو هەڵە گەورەیە کرد کە لە ١٠ی ئازار ئەنجامیان داوە بۆیە دەڵێین ئەو ڕێککەوتنەی ئێستا خراپە بەڵام ئەوەی ١٠ی ئازار خراپتر بوو.
لە ئایدۆلۆژیای پەکەکە نەتەوە و دەوڵەتی نەتەوەیی بوونی نییە و ڕۆژئاوا یەکەم قوربانی ئەو ئایدۆلۆژیایەیە کە ساڵانێکە هاواردەکەین بەدوای نەکەون لە ماڵوێرانی زیاتر هیچ خێرێکی بۆ کورد نییە، بەڵگە بۆ قسەکانم لە خوارەوە دەنووسم
-ئوجەلان ڕێبەری پەکەکە، لە کتێبی قائد و شەعب کە چاوپێکەوتنێکە لەگەڵیدا کراوە لە لاپەرە ١٦٧دا سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستان دەڵێت: لە سووریا کێشەی کورد نییە چونکە ئەو کوردانەی لەوێ هەن ئاوارەی باکوورن کاتی خۆی لە سەردەمی عوسمانی ڕایانکردووە بۆ سووریا. خۆی ئەسڵەن دان بە کوردستانی بوونی ڕۆژئاوادا نانێت چجای شەڕی بۆ بکەن
-هێلین ئومێد کە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکەیە و زۆڕجار وەکو وتەبێژی فەرمی پەکەکە لێدوانی لێ وەردەگیرێت، بەر لە ماوەیەک وتی: ئەگەر ئێمە نەباین لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمریکا دۆخی سووریای دەقوستەوە هەرێمێکی دروست دەکرد و دەیبەستەوە بە هەرێمی کوردستان
-ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەیەدە بە ئاشکرا و لەسەر شاشە وتی ئێمە دژی دەوڵەتی نەتەوەیین، نەک دەوڵەتیان ناوێت بەڵکۆ بە هەموو شێوەیەک دژایەتی دەکەن
-نورسەل ئایدۆغان، کە سێ خۆل پەرلەمانتاری هەدەپە بووە دەڵێت: لە ئەقلی ئوجەلام هەرگیز دەوڵەتێک نەبووە بەناوی کوردستان
پەکەکە کێشەی ئەوەیە نەک دەڵوەتی کوردی ناوێت بەڵکۆ دژی دەوڵەتی کوردییە، کە پەکەکە هاتنە ناو شەنگال سەرۆکی یەپەژە وتی: ئێرە خاکی عێراقە پێویستە ئاڵای عێراقی لێ بەرز بکرێتەوە.
ئەوان کە ئامادەبوون هەموو ئەو شوێنانەی کە جاکی کوردستانن بدەنە عێراق بەڵام نەیدەنە کورد و پێشمەرگەی کوردستان جا ئەم ئەقلییەتە چۆن لە ڕۆژئاوای کوردستان دەسکەوتیان بۆ کورد دەبێت

زانا عبدالباقی ستونی