کۆدەنگی و هەستی نیشتیمانپەروەری
(ئیمامی عەلی كوڕی ئەبو تالب) خەلیفەی ڕاشدین دەڵێ"وڵاتەكان بنیات دەنرێن بەخۆشەویستی نیشتیمان".
كۆی زانایان و بیرمەندان و سەركردەكان كۆكن لە سەر ئەوەی كەوا نیشتیمان گرانترین و بەبەهاترین شتە كەوا مرۆڤ هەیەتی، نیشتیمان ماڵە، ناسنامەیە، ڕەوشتە، ئابڕووە، ئەو خوێن و گیانەیە كە پێی دەژین. هەستی نیشتمانپەروەری ئەو هەستە خۆڕسكە و خۆماکەو سروشتییە كە لە ناخی هەر تاكێكدا بوونی هەیە پێویستی بە چاودێری كردن و پاڵپشتی كردنی بەردەوام هەیە لە ڕێگای پەروەردەی خێزان و پەروەردەی قوتابخانە ، تاوەكو لە منداڵیەوە بتوانرێ تۆوی نیشتمانپەروەری لە ناخی منداڵان و قوتابیان بچینین و سەوز بێت و گەشە بكات و لەگەڵ گەورەبوونی كەسەكان زیاتر گەشە بكات و گەورە بێت.
نیشتمان ناسنامەی هەموو تاكێكە هەر كەسێك بێ نیشتمان بێت بێ ناسنامە و بێ ناو دەبێت. بۆیە گرینگە پابەندی و خۆبەندی قایم و بەهێز و پتەومان هەبێت بە نیشتمانەكەمان بە كوردستان كە هەردەم و هەردەم مایەی شانازی و شكۆمەندی و سەرفرازی و پایە بەرزی و هێز و هەڕەتە، بۆیە هەردەم نیشتمان هەموو شتێكە. ناسنامەی نیشتمانپەروەری بنچینە و ڕەسەن و خۆبەندییە، مرۆڤ بەرامبەر بەرگری كردن و قوربانیدان بۆ نیشتمانەكەی هیچی نایەتە بەرچاو و گرانترین شتی مرۆڤ كە گیانەكەیەتی لە پێناو پارێزگاری كردن لە نیشتمان و پاراستنی بەخت دەكات. دیتمان لە ڕۆژانی ڕابردوو خوشك و برا كوردەكانمان لە ڕۆژئاوای كوردستان گیان لە سەر دەست بەرگرییان لە بست بە بستی خاكی كوردستان و نیشتمان و گوند و شارە كوردییەكان كرد و، وەكو شاخ وەستان و تیرۆرستان و دوژمن نەیتوانی پێشڕەوی بكەن و پاشەكشەیان كرد و كوڕان و كچانی شەڕڤان و پێشمەرگە وەك شاخ بەرگرییان كرد. لەوەش گرنگتر سەركردایەتی كورد و كوردستان بە سەرۆكایەتی جەنابی سەرۆك بارزانی هەموو هەوڵێكی خستە گەڕ بۆ ئەوەی كورد و كوردستان پارێزراو بێت و بە سەربەرزی بمێنێتەوە و، یەك دەنگی و کۆدەنگی و هاودەنگی بۆ پاڵپشتی كوردستان و كوردستانیان دروست بكات و قەوارەی كوردستانی ڕۆژئاوا بە پارێزراوی بمێنێتەوە و هەوڵەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی و سەركردایەتی كوردستان بەرهەمیان هەبوو، ئەوە بوو جەنابیان جەختی لەوە كردەوە كەوا كتێبی (بۆ مێژوو)بخوێنێتەوە كە جەنابیان فەرموویەتی گەر (تۆ هەبی خەڵك هەیە، تۆ نەبی كەس نییە) هاوشان لەگەڵ ئەوە كوردستانیان لە هەموو هەرێمی كوردستان بە هەولێرو شاروشارۆچكەكانی تر ڕژانە سەر شەقامەكان دژی پێشڕەوی داگیركاری سەربازی تیرۆرستان بۆ سەر ڕۆژئاوا و بەهەمان شێوە ڕەوەندی كوردی لە دەرەوە لە هەموو وڵاتانی كەوا كوردی لێ دەژی ڕژانە سەر شەقامەكان دژی جینۆسایدكردنی كوردانی ڕۆژئاوا. ئەو کۆدەنگی و یەكدەنگی و یەك ڕەنگییەی كوردستان و كوردستانیان لە ناو هەرێمی كوردستان و لە دەرەوەی كوردستانیش مایەی شانازی و خۆشی و بەختەوەری هەموو كوردێك بوو لە بەرامبەردا بووە مایەی شۆك بۆ ناحەزان و دوژمنانی كورد. كەوا كورد بە یەك دەنگ پاڵپشتی یەكترن بەخۆپێشاندان و بە كۆمەك و كۆكردنەوەی هاوكاری كردن و چەك هەڵگرتن هەموویان گیان لە سەر دەست بۆ پاراستنی خوشك و برایانمان لە ڕۆژئاوای كوردستان. ئەوەش دەرخەری ئەوەیە كەوا نیشتمان عشقێكی ئەبەدییە لە نێوان مرۆڤ و خاكەكەی و هەرگیز دەستبەرداری نابێت.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

بەکر کەریم حەسەن