تەنها پنتە ڕەشەکان نەبینین

تەنها پنتە ڕەشەکان نەبینین

 

(چینیەكان) دەڵێن"چرایەكی بچووك دابگرسێنی زۆر باشترە بۆ تۆ لە جیاتی ئەوەی تەمەنت بە فیرۆ بدەیت لەگلەیی و نەفرەت كردن لە تاریكی".
سروشتی ژیانی هەر تاكێك بریتییە لە هەوراز و نشێوو سەختی و ئاسودەیی و هەڵكشان و داكشان. بەڵام گرینگ ئەوەیە لە هەوراز و سەختی و داکشاندا چۆك دانەنێی و نەچەمێی و دەستەوەستان نەوەستی، بەڵكو هەوڵدان و تێكۆشان و تێپەڕاندنی دۆخە قورسەكان ئەركی سەرەكی بێت و هەوڵبدەی بتوانی لە هەموو ئاستەنگ و سەختییەك دەرفەت و هەل بدۆزیتەوە و زیاتر وێنە گەورەكە ببینی و بزانی لەوەی كەوا هەموو ئاستەنگی و ئاڵۆزییەك قۆناغێكی بچووكن لە قۆناغە دوور و درێژەكانی ژیان و تەمەن و لە كۆتایشدا دەبنەوە ئەزموون و شارەزایی و سەركەوتن. گرینگە قوتابیەكانمان لە قۆناغەكانی خوێندن فێریان بكەین و ئاشنایان بكەین لەوەی هەردەم وێنە گەورەكە ببینن، نەك تەنها تەگەرە و كۆسپێك كە دێتە پێشیان. هەروەك دەگێڕنەوە " لە یەكێك لە ڕۆژەكاندا مامۆستا دەچێتە پۆڵ و داوا لە قوتابیەكان دەكات خۆیان ئامادە بكەن بۆ تاقیكردنەوەیەكی لە ناكاو، هەموویان چاوەڕێیان كرد بە پشوو درێژیی و لە شوێنی خۆیان بۆ دەستپێكردنی تاقیكردنەوەكە. مامۆستا پرسیارەكانی دابەشی سەر قوتابیەكانی كرد كە بریتی بوون لە كاغەزێك و پێیانی گوت سەیری مەكەن تا تەواو دەبم لە دابەشكردن. ئەوەی بووە مایەی سەرسورمان قوتابیەكان ئەوە بوو هیچ پرسیارێك نەنوسرابوو لە سەر كاغەزەكە تەنها وتەنها خاڵێكی ڕەش داندرابوو لە ناوەڕاستی كاغەزەكە. مامۆستا هەستی بە سەرسورمانی قوتابیەكان كردو كە هەموو تەماشای یەكتریان دەكرد و كە هیچ نەنوسراوە لە سەر كاغەزەكە. مامۆستاكە گوتی " دەمەوێ بنووسن لە سەر ئەوەی چی دەبینی لەو پەڕاوی تاقیكردنەوەیە. قوتابیەكان بە ترس و شڵەژاوی دەستیان كرد بە نووسین كە هیچ نەنوسرایە. لە كۆتایی وانەكەدا مامۆستاكە پەڕاوەكانی لە قوتابیەكان وەرگرتوو كۆی كردنەوە و یەكە یەكە وەڵامەكانی خوێندەوە بە دەنگی بەرز لە پێش هەموو قوتابیەكان. هەموویان بە گشتیی باسی خاڵە ڕەشەكەیان كردبوو كەوا لە ناوەڕاستی پەڕاوەكەدا هەیە، دوای خوێندنەوەی سەرجەم پەڕاوەكان بێ دەنگی و خامۆشی باڵی بە سەر پۆڵدا كێشا بوو. مامۆستاكە دەستی كرد بە باس كردن و گوتی " نمرەتان بۆ دانانێم لە سەر وەڵامەكانتان تەنها ویستم شتێكتان فێر بكەم بیری لێ بكەنەوە . كەستان باسی پەڕاوەكەتان نەكردوە، هەمووتان جەختان لە سەر خاڵە ڕەشە بچوکەکە كردۆتەوە هەمان شت ڕوودەدات لە ژیانمان. بەڵام سوورین و وڕك تەنها لە خاڵە ڕەشەكە دەگرین. گیروگرفتە تەندروستیەكان و خراپی بارودۆخی دارایی و پەیوەندییە ئاڵۆزەكان لەگەڵ ئەندامانی خێزان و كۆمەڵگە و دڵشكان و نا ئومێدی لەگەڵ برادەران كە هەموویان وەكو پنت و پەڵە و خاڵێكی بچووكی ژیانمان وایە ئەگەر بەراورد بكەین بەوەی هەمانە لە ژیانماندا، بەڵام ئەو پنتانە بیروهزرمان پیس و بۆگەن دەكەن كە جەخت لەو خاڵە بچووكانە دەكەینەوە لە ئێش و ئازار كەچی رووبەڕێكی گەورە و فراوان لە خۆشی و ئاسودەیی و جێگیریی لە یاد دەكەین كە هەمانە نەهێڵین ئەو خاڵ و پنتە ڕەشانە جوانی و جێگیری ژیانی سپی و بێگەردیمان لێ تاڵ بكەن و، بۆیە دەبێ چاو و نیگامان لە خاڵە ڕەشەكان دوورخەینەوە لە ژیانمان خۆشی ببینین لەو هەموو چاكە و خێر و ئاسودەییەی خودای گەورە پێ بەخشیوین و ژیانمان جوانتر دەكات و دڵخۆشتر و ئاسودەتر دەبین و، بۆیە پێویستە بژین لە ژیانێكی تەژی و پڕ بێت لە خۆشەویستی و ئاسودەیی. لەو كاتەدا زەنگ لێیدا و قوتابیەكان چوونە دەرەوە قسە و ئامۆژگارییەكانی مامۆستاكەیان لە گوێچكەیان دەزرینگایەوە بۆ ئەوەی سوود لە خۆشی و ئاسودەیی ژیان ببینن.


ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top