لە مەراسیمێكی تایبەتدا ڕێز لە هونەرمەند (وەلید مەعروف) نرا
ئەمڕۆ دووشەممە ڕێكەوتی 22/12/2025 لە ژێرچاودێری (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی (فەرهەنگ غەفور) بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەر و (هیوا سوعاد) سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندان و ژمارەیەك لە هونەرمەندان و شانۆكاران و هونەردۆستان, لە ڕێورەسمێكی تایبەتدا لەپای ئەزموون و بەخششی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان/لقی هەولێر بە هەماهەنگی پارێزگای هەولێر, خەڵاتی ڕێزلێنانی بەخشی بە هونەرمەندی دیاری شاری هەولێر و كوردستان (وەلید مەعروف)لەپای ئەزموون و بەخششی 55 ساڵ تەمەنی بە شانۆ و سینەما و هونەری كوردی.
لە ڕیورەسمەكەدا، پارێزگارى هەولێر لە وتارێکدا نیو سەدە مێژوو و ڕۆڵ و کاریگەرى هونەرمەندی,لە نێوەندی هونەرى شانۆ و دراما و سینەماى کوردی بەرز نرخاند,هەروەها وەك یەكێك لە دامەزرێنەرانی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی هەولێر و ئەو خزمەتە زۆرەى لە ماوەى ژیانى خۆی پێشکەش بە قوتابیان و هونەری کردووە بە شانازیی بۆ شارى هەولێر لە قەڵەمدا.
هونەرمەند (وەلید مەعروف جارۆ) ساڵی 1953 لە شاری دهۆك لەدایكبووە ,لە ساڵی1979 ئەكادیمیای ھونەرەجوانەکان/بەشی شانۆی لە شاری بەغدا تەواوكردووە,دەستپێكی كاری هونەریی ئەم هونەرمەندە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1976 كاتێك لەگەڵ شانۆكاری دیاری عێراقی سامی عەبدولحەمید شانۆگەری (گلگامێش)ی ئەنجامدا,لەو كاتەوە تاوەكو ئێستا لە چەندین بەرھەمی سینەمایی و شانۆیی و تەلەفزیۆنی دەرکەوتنی ھەبووە,دیارترین ئەو فیلمانەی كە تێیدا بەشداربووە پێكدێت لە فیلمی(نوقتەی 40,سرتە لەگەڵ با,لاس و خەزال,كەواتە چاوەڕێبە,گەڕەكی داهۆلەكان),هەروەها هونەرمەند (وەلید مەعروف)بە درێژایی ئەزموونی هونەریی تاوەكو ئێستا لە 150كاری هونەریی بەشداری كردووە بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی لە هەولێر و بەغدا.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
