چـەمــچــەمـــاڵـــی شاری شەهیدان و ئەنفال لە كاتی لافاوەكەدا بەتەنیا نەبوو

چـەمــچــەمـــاڵـــی شاری شەهیدان و ئەنفال  لە كاتی لافاوەكەدا بەتەنیا نەبوو

 

 

شاڵاوی باران بارینەكەی هەفتەی ڕابردوو كە لە ڕۆژی سێ شەممە 9ی كانوونی یەكەمی 2025 بەشێكی زۆری ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە، ڕووداوێكی دڵخۆشكەر بوو كە مەترسیی وشكەساڵیی ڕەواندنەوە، بەڵام بارینی ڕێژەیەكی زۆری باران و بارینی بەخوڕ، بووە هۆكاری ئەوەی لە چەند شار و شارۆچكەی كوردستان لافاو دروست ببێت، بەڵام لە هەموویان دڵتەزێنتر ئەو لافاوە بوو كە شارۆچكەی چەمچەماڵ و هەردوو ناحیەی شۆڕش و تەكیەی گرتەوە و، دیمەنەكانی كارەساتی ئەم لافاوە كە لە میدیا و سۆشیال میدیاوە پیشان دەدران، ناخی هەموو كوردێك و هاووڵاتیانی كوردستانی هەژاند.

هاوكات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دیمەنە تراتیژییەكانی ئەم لافاوە سەرۆك بارزانی فەرمانی بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد كە دەستبەجێ یارمەتی و پێداویستی بگەیەننە زیانلێكەوتووانی لافاوەكە و، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بڕیاری دا كە تەواوی قوتابخانەكانی ئەو دەڤەرە نۆژەن بكرێنەوە.

 هەڵمەتی جوامێرانەی خەڵك بۆ زیانلێكەوتووانی لافاوەكە و ڕۆڵی كەناڵەكانی ڕاگەیاندن

لەگەڵ ئەوەی هەتا ئێستا نەزانراوە هۆكاری سەرەكیی ئەو لافاوە گەورەیە تەنیا باران بارینی بەخوڕە، یان یەكێك لە بەنداوەكانی ئەو ناوچەیە داڕماوە، بەڵام قەوارەی لافاوی ئەمجارەی چەمچەماڵ زۆر لە قەوارەی دوو لافاوە گەورەكەی سلێمانی لە ساڵانی 1957 و 1987 گەورەتر بووە و، جیا لەوەی زیانی زۆر گەورەی لە هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیە داوە، لە هەمان كاتدا چەند كەسێكیش بە هۆی لافاوەوە خنكاون و بوونەتە قوربانی. ئەوەی تا ئێستا باسی دەكەن، زیاتر لە 400 خانوو بە نزیكەی 80 سانتیمەتر تا یەك مەتر ئاویان تێ چووە و ئەمەش بووەتە هۆكاری ئەوەی بە تەواوەتی كەلوپەلی ناو ماڵەكان لەناو بچن و بە كەڵكی بەكارهێنان نەیەنەوە، هەروەها سەدان ئۆتۆمبێل نوقمی ئاوی لافاوەكە بوون و هەندێكیان بەكەڵكی بەكارهێنان نەماون و هەندێكیان دەبێت سەرلەنۆی چاك بكرێنەوە. قوتابخانە و فەرمانگە گشتییەكانی ئەو ناوچەیە هەموویان ئاوێكی زۆریان تێچووە و پێویستیان بەوەیە سەرلەنوێ نۆژەن بكرێنەوە، كە بێگومان قەرەبووكردنەوەی ئەم هەموو زیانە كارێكی ئاسان نییە و بە زیاتر لە سەدان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێن.

لەناو ئەم دیمەنە كارەستبارەی لافاوەكەدا، لە كاتێكدا كە میدیا و سۆشیال میدیا دیمەنە ناخ هەژێنەكانیان بۆ بڵاو دەكردینەوە، لە هەمان كاتدا بەشێكی زۆری كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی كوردستان وەك ئەركێكی نیشتمانی هەڵمەتێكی زۆر باشی كۆمەك كۆكردنەوەیان بۆ زیانلێكەوتووانی لافاوەكە دەست پێكرد، كە لە ناویاندا كەناڵی ئاڤا كەمپینێكی بۆ هەڵمەتێكی زۆر باشی كۆمەك كۆكردنەوە لە سەرتاسەری كوردستان ڕاگەیاند، كە جیا لەوەی بەدەیان لۆری پێداویستی لەلایەن خەڵكەوە بران بۆ ئەم كەمپینە، لە هەمان كاتدا بە دەیان سەرمایەداری نیشتمانی بە پارەی باش بۆ نموونە « 100 ملیۆن دینار» هاوكارییان بۆ زیانلێكەوتووان پێشكەش كرد.

لەسەر ئاستی كەسایەتییە خێرخوازە ناسراوەكانی كوردستانیش كەمپینی كۆكردنەوەی هاوكاری لە زۆر شوێنی گشتی دامەزرا و، هاوكارییان بۆ زیانلێكەوتووانی لافاوەكە كۆ كردەوە، لە ڕۆژی هەینییش مامۆستایانی ئایینی وتاری نوێژی هەینییان تایبەت كردبوو بۆ هاندانی خەڵك و دانانی كەمپین بۆ كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ زیانلێكەوتووانی لافاوەكە و، لەمەش زیاتر ئەوەی لەم چەند ڕۆژە وەك دەستی هاریكاریی نموونەیی پیشان درا، ئەوە بوو كە زیاتر لە 150 وەستا و كرێكاری بیناسازی لە شاری هەولێرەوە چوون بۆ چەمچەماڵ، بۆ ئەوەی خۆبەخشانە بەشداری لە نۆژەنكردنەوەی ئەو خانوو و بینایانەدا بكەن كە زیانیان پێ كەوتوووە و، بەڵێنیان داوە تا تەواوی ئەو بینایانە نۆژەن نەكرێنەوە، نەگەڕێنەوە بۆ هەولێر، هەروەها دیمەنێكی دیكەی هاوشێوەی ئەم هاریكارییە نموونەیە، هەڵوێستی بەشێك لە وەستاكانی چاككردنەوەی ئۆتۆمبێل بوو كە جوامێرانە ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی ئۆتۆمبێلیان نارد بۆ شاری چەمچەماڵ بۆ ئەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانە بگوازنەوە بۆ شوێنی كارەكانیان و خۆبەخشانەش بۆ خاوەنەكانیان چاكی بكەنەوە.

ئەوجا لەگەڵ ئەوەی ژان و ئازارەكانی ئەم لافاوەی چەمچەماڵ زۆر قورس و جەرگبڕ بوو، بەڵام لەناو ئەم ئازارە گەورەیەدا ئەو ئیرادە میللییە گەورەیەی گەلی كوردستانمان بینی كە یەك بە یەكی ماڵەكانی كوردستان پیشانیان داین. بینیمان منداڵانی تەمەن 6-7 ساڵان دەخیلەی ڕۆژانەی خۆیان دەهێنا بۆ كەمپینەكان، دەمانبینی زۆر لە ماڵەكانی هەولێر پێداویستیی ناو ماڵەكانیان لەگەڵ خەڵكی چەمچەماڵ بەش كرد و دەیانبردن بۆ كەمپینەكان و بە چاوی پڕ فرمێسكەوە پێداویستییەكانیان پێشكەش دەكرد.

 لافاوەكە ئیرادەی كوردبوون و نیشتمانپەروەریی زیندوو كردەوە

لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، جوانترین ئیرادەی خەڵكی كوردستان بۆ ئەوەی لە پێناوی خاكی كوردستاندا خۆ بەخت بكەن، ئەوە بوو كە دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، تەنیا دەسەڵات بوو لەسەر ئاستی ناوچەكە كە هیچ فەرمانێكی دەرنەكرد بۆ ئەوەی خەڵك بە زۆر چەكی بەرگریكردن هەڵبگرێت، یان ئەوەی پێی دەگوترێت «نەفیرعام» بكات، ئەمە لە كاتێكدا لە عێراق پەنایان بردە بەر مەرجەعییەتی باڵای نەجەف و لەوێوە فەتوای «جیهادی كیفائی» درا و، ناوی لێ نرا «حەشدی شەعبی» ئەمەش واتا دروستكردنی هێزێكی بەپەلەی میللی بۆ پشتیوانی لە سوپا و دامەزراوە سەربازییەكانی دیكە. هەر بۆیە ئەگەرچی لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش زیانی زۆر گەورە بە گەلی كوردستان كەوت و بە سەدان هەزار لە خوشك و برا ئێزدییەكانمان كۆمەڵكوژ كران و ئاوارە بوون و بەدیل گیران، بەڵام لەم كارەسات و ژانەدا ئیرادەیەك لە دایك بوو، كە ئەو ئیرادەیە هەموو جیهانی سەرسام كرد، كە ئەویش ئیرادەی گەلی كوردستان بوو لەژێر ناوی پێشمەرگەدا.

لە ناو دیمەنی كارەساتی لافاوی ئەم جارەی چەمچەماڵیشدا كە ئەمەیان كارەساتێكی سرووشتییە و دەسەڵاتی هیچ كەسێكی تێدا نییە، بەڵام دیسان ئیرادەی یەكگرتوو و بەهێزی خەڵكی كوردستان هەر لە زاخۆوە تا دەگاتە كفری و كەلار بە یەك دیمەن، هەموو پێكەوە سەلماندیان كە ناوی كوردستان لە سەرووی هەموو شتێكەوەیە و لە هەرشوێنێك كارەسات ڕوو بدات، هەموو گەلی كوردستان بە كارەساتی خۆی دەزانێت. ئەمە دەبێتە ئەو ڕایەڵە نیشتمانییەی كە هەست و سوزی كوردبوون و كوردستانیبوونمان پتەوتر پێكەوە گرێ دەداتەوە و، دەبێتە چیرۆكی ناو قوتابخانەكان و قوتابیان بۆ یەكتری دەگێڕنەوە.

شاری چەمچەماڵ كە هەردوو شارۆچكەی تەكیە و شۆڕشیش دەگرێتەوە، لەگەڵ ئەوەی خاوەنی سەرچاوەیەكی گەورەی سامانی سرووشتیی «گاز» و چەندین كارگەی پیشەسازیی دیكەن، بەڵام لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە وەك پێویست خزمەتی ئەم شارە نەكراوە، تەنانەت ئەوەشی پێی دەگوترێت «پەترۆڵ- دۆلار» و پێویستە لە كۆمپانیای گازی كۆرمۆر بۆیان تەرخان بكرێت، چەند ساڵێكە بە هۆكاری نادیار ئەو پارەیە بۆ شارەكە خەرج ناكرێت، بۆیە لەگەڵ ڕوودانی ئەم كارەساتە سرووشتییەدا پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاوڕێكی جددی لەو شارە بداتەوە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیان بۆ تەواو بكات، لە سەرووی هەموویانەوە پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی خواردنەوەی چەمچەماڵ كە لە ئێستا و لەم زستانەدا لە مانگێكدا تەنیا دوو ڕۆژ ئاویان هەیە.

 

چـەمــچــەمـــاڵـــی شاری شەهیدان و ئەنفال  لە كاتی لافاوەكەدا بەتەنیا نەبوو
چـەمــچــەمـــاڵـــی شاری شەهیدان و ئەنفال  لە كاتی لافاوەكەدا بەتەنیا نەبوو
چـەمــچــەمـــاڵـــی شاری شەهیدان و ئەنفال  لە كاتی لافاوەكەدا بەتەنیا نەبوو
چـەمــچــەمـــاڵـــی شاری شەهیدان و ئەنفال  لە كاتی لافاوەكەدا بەتەنیا نەبوو
Top