د.هلوڤان حسنی مامۆستای زانكوی نەورۆز لە دهۆك: دامەزراندن و كارپێكردن دەبێت لەسەر بنەمای شارەزایی و توانایی و لێهاتوویی و شایستەیی بێت، نەك تەنیا بڕوانامە

د.هلوڤان حسنی  مامۆستای زانكوی نەورۆز لە دهۆك:  دامەزراندن و كارپێكردن دەبێت لەسەر بنەمای شارەزایی و توانایی و لێهاتوویی و شایستەیی بێت، نەك تەنیا بڕوانامە

 

 

  بۆ ئەوەی خوێندنی باڵا بە شێوەیەكی كاریگەر ڕۆڵی خۆی لە بواری مرۆیی و زانستی و نەتەوەییدا بگێڕێت، پێویستە لەگەڵ پێداویستییەكانی سەردەمدا بڕوات و بەرنامەڕێژ كرابێت. ئەمڕۆ لە جیهاندا گرنگیی زیاتر بە لایەنی شارەزایی و توانایی (بەهرەمەندی) دەدرێت وەك لە بڕوانامەی كاغەزی. بەڵگەی ئەمەش بڕیارێكی فیدڕاڵی بوو لە ئەمریكا، كە ئاماژەی بەوەدا دامەزراندن و كارپێكردن لەسەر ئاستی ویلایەتە یەكگرتووەكان، دەبێت لەسەر بنەمای شارەزایی، توانایی، لێهاتوویی و شایستەیی بێت، نەك تەنیا بڕوانامە. ئەمڕۆ پێویستە كار لەسەر ئاواكردنی كەسی شایستە و بەهرەمەند بكرێت. بینین و ڕاهێنانكردنی قوتابی لەسەر دۆزینەوەی بەهرەمەندی زۆر گرنگترە لەوەی بە شێوەیەكی گوتنەوەی كۆن و پەرتووك ڕاهێنانی پێ بكرێت و تەنیا بڕوانامە هەڵبگرێت. پێویستە ئەم ڕوانگەیە بكرێتە كاری هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان، نەك تەنیا حكومەت، بەڵكو دامودەزگای تایبەت و تەنانەت مامۆستای خوێندنی باڵا و پەروەردەش كار لەسەر فێركردنی بەهرەمەندی بكەن و گرنگیی زیاتر بە لایەنی پڕاكتیكی بدەن، نەك تیۆری. كێشەیەكی كۆنی لای ئێمە هەبووە، كە بریتی بوو لە بۆشاییەكی گەورە لە نێوان لایەنی تیۆری و لایەنی پڕاكتیكیدا. هەروەها ئەم بۆشاییە لە نێوان دامودەزگای خوێندن (پەروەردە و خوێندنی باڵا) لەگەڵ كەرتی پڕاكتیكی (چ حكوومی بێت، یان تایبەت) بەدی دەكرا.

پێویستە كار لەسەر نەهێشتنی ئەو بۆشاییە بكرێت و لێكتێگەیشتن و لێكنزیكیی زیاتر هەبێت. بۆ ئەوەی پەیوەندییەكی دوولایەنەی پتەو دروست بكرێت و سبەینێ قوتابی كە دەردەچێت، بە تەواوی ئامادە بێت بۆ بازاڕی كار و فێركردن و ڕاهێنانەكەشی لەسەر بنەمای پێویستی بازاڕی كار بێت. زانكۆكانمان وەك كۆلێژەكانی كارگێڕی و ئابووری لە زانكۆ نوێیەكان، هەوڵیان داوە پەیڕەوێك بهێننە كایەوە بۆ نوێكردنەوەی پڕۆگرام و بابەتەكانی خوێندن بۆ ئەوەی زیاتر پڕاكتیكی بن، چونكە ئەمڕۆ بازاڕی كار پێویستی بەو بەهرەمەندییانەیە. لەلایەكی دیكەوە بۆ ئەوەی خوێندنی باڵا ڕۆڵی كۆمەڵایەتی و نەتەوەیی وەك وشەیەكی هزری و كەلتووری بگێڕێت، پێویستە گرنگی بە لایەنی نەتەوەیی بدرێت و زیاتر تەركیز لەسەر بەستنەوەی بابەتی بەهرەمەندی بە فكری نەتەوەییەوە بكرێت.

بۆ وڵاتێك، یان ناوچەیەكی وەك كوردستان كە لە قۆناغی گەڕان بە دوای سەربەخۆیی و سەقامگیریی سیاسی و جوگرافیدایە، زۆر گرنگە قوتابی هەر لە بواری خوێندنیشدا هەندێك بابەتی نیشتمانی و وانە، یان چالاكیی نەتەوەیی هەبێت. ئەمە وادەكات قوتابی لەگەڵ لایەنی زانستی، لایەنی وڵاتپارێزی و نیشتمانییش فێر بێت. نەبوونی زانیاری نەتەوەیی لەلایەن گەنجانەوە دەگەڕێتەوە بۆ باكگراوندی خوێندن، مامۆستاش لێرەدا ڕۆڵێكی گرنگی هەیە، هەرچەند نەبێت، تەرخانكردنی پێنج خولەك لە وانەیەكدا بۆ باسكردنی پارچەیەك لە مێژووی وڵات و میللەت بۆ قوتابی، دڵنیایە دەبێتە ڕەنگدانەوەیەكی نیشتمانی لە ناخیاندا. ئاواكردنی كەسانی بەهرەمەند و ئامادەكردنیان بۆ بازاڕی كار و داهاتوو، خۆی لە خۆیدا جۆرێكی دیكەی گرنگیدانە بە كۆمەڵگە. چونكە دروستكردنی كەسی شایستە و بەهرەمەند، ڕێگە لە زیادبوونی ڕێژەی بێكاری دەگرێت و داهاتوویەكی باشتر بۆ كۆمەڵگە، نیشتمان و وڵاتەكەمان دروست دەكات.

 

Top