لەنێوان حیکمەتی بارزانی و عەقڵییەتی "گورگە بۆر": وانەیەک لە کەرامەتی نەتەوەیی
لە مێژووی گەلانی ژێردەستە و نەتەوە زیندووەکاندا، هەمیشە ساتەوەختگەلێک هەن کە تێیدا ڕاستییەکان وەک خۆیان دەردەکەون و دەمامکەکان دەکەونە خوارەوە. ئەو گرژییەی ئەم دواییە لەنێوان بارەگای بارزانی و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە درووست بوو، تەنیا ئاڵوگۆڕێکی میدیایی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو بەریەککەوتنی دوو دیدگا و دوو جیهانبینی جیاواز بوو؛ یەکێکیان هەڵگری پەیامی ئاشتی و کولتوور و ئەوی دیکەیان نوێنەری عەقڵییەتی ئینکار و سڕینەوە.
سەردانەکەی جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ باکووری کوردستان و بەشداریکردنی لە "سیمپۆزیەمی مەلای جزیری"، پەیامێکی قووڵی نەتەوەیی و شارستانی تێدابوو. بارزانی نەچوو بۆ نمایشکردنی هێز، بەڵکوو چوو بۆ ڕێزگرتن لە پایەیەکی ئەدەبی و ڕۆحیی نەتەوەی کورد. مەلای جزیری سیمبولی عیرفان و زمانی کوردییە، و ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی لەوێ، سەلماندنی ئەو ڕاستییە بوو کە سنوورە دەستکردەکان ناتوانن ڕۆحی یەکگرتووی نەتەوەیەک دابەش بکەن.
لە بەرانبەر ئەم هەنگاوە شارستانییەدا، دەوڵەت باخچەلی، کە نوێنەرایەتی ڕەوتی توندڕەوی ناسیۆنالیستی تورک دەکات، نەیتوانی بەرگەی دیمەنی شکۆی کورد بگرێت. تووڕەیی باخچەلی لە بوونی پاسەوانە کوردەکان و ڕێوڕەسمە پرۆتۆکۆڵییەکان، دەرخەری ئەو ترسە مێژووییەیە کە شۆڤێنیزم لە "خودی کورد" هەیەتی. باخچەلی بە بەکارهێنانی دەستەواژەی وەک "شانۆگەری" و "پێشێلکردنی سەروەری"، هەوڵیدا ئەو ڕاستییە بشارێتەوە کە کورد لەسەر خاکەکەی خۆیەتی. ئەو عەقڵییەتەی باخچەلی نوێنەرایەتی دەکات، هێشتا لەو قۆناغەدا دەژی کە پێی وایە بوونی کورد هەڕەشەیە بۆ سەر تورک، نەک دەرفەتێک بۆ پێکەوەژیان. وەک چاودێران ئاماژەیان پێداوە، باخچەلی دەیەوێت بەم هێرشانە دڵی جەماوەرە توندڕەوەکەی ڕازی بکات کە لەسەر درووشمی "تورکیا تەنیا هیی تورکە" پەروەردە کراون.
وەڵامە مێژووییەکەی بارەگای بارزانی: گورگە بۆرەکە ناسرایەوە
وەڵامەکەی بارەگای بارزانی، وەڵامێکی دیپلۆماسیانەی شەرمنانە نەبوو، بەڵکوو دەنگێکی دلێر و پڕ لە متمانە بەخۆبوون بوو. بەکارهێنانی دەستەواژەی "گورگە بۆرەکەی جاران لە پێستی مەڕدا"، لێدان بوو لە جەوهەری ئایدۆلۆژیای مەهەپە. بارزانی بەم وەڵامە هێڵێکی سووری کێشا و ڕایگەیاند کە سەردەمی بێدەنگی و سەرشۆڕکردن بۆ شۆڤێنیزم کۆتایی هاتووە. کاتێک بارەگای بارزانی دەڵێت: "ئێمە وامان دەزانی خودا هیدایەتی داوە"، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کورد هەمیشە دەستی ئاشتی درێژ کردووە، بەڵام کاتێک بەرانبەرەکەی بە زمانی هەڕەشە دەدوێت، کورد بە زمانی کەرامەت وەڵام دەداتەوە.
ئەم ڕووداوە چەند ڕاستییەکی بۆ تاک بە تاکی کورد دەرخست:
1. یەکێتیی چارەنووس: هەرچەندە سنوورەکان جیامان دەکەنەوە، بەڵام ئازار و شانازییەکانمان یەکن. هێرش بۆ سەر بارزانی لە باکوور، هێرشە بۆ سەر تەواوی دەستکەوتەکانی کورد.
2. شکستی عەقڵییەتی ئینکار: کاردانەوەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و باخچەلی نیشانەی بەهێزییان نییە، بەڵکوو نیشانەی لاوازییانە لە بەرانبەر واقیعی کورددا. ئەوان ناتوانن قبوڵی بکەن کە سەرکردەیەکی کورد بە فەرمی و بە جلوبەرگی پێشمەرگانەوە لە جەرگەی باکووری کوردستان ڕێزی لێ دەگیرێت.
3. پەیامی ئاشتی لەگەڵ پاراستنی کەرامەت: سەرۆک بارزانی سەلماندی کە دەکرێت بانگەشەی ئاشتی بکەیت (وەک پاڵپشتیکردنی پڕۆسەی ئاشتی)، بەڵام هەرگیز سازش لەسەر کەرامەتی نەتەوەیی و سیمبولەکانت نەکەیت.
لەکاتێکدا دەوڵەت باخچەلی و هاوبیرانی هەوڵ دەدەن بە زمانی زبر و هەڕەشە مێژوو بۆ دواوە بگەڕێننەوە، هەڵوێستەکەی بارزانی وەک ڕووناکییەک دەردەکەوێت کە ڕێگای داهاتوو نیشان دەدات. داهاتوویەک کە تێیدا کورد بە سەربەرزی دەژی، ڕێز لە دراوسێکانی دەگرێت، بەڵام هەرگیز ڕێگە بە "گورگە بۆرەکان" نادات کەرامەتی بریندار بکەن. ئەم ڕووداوە وانەیەکە کە پێمان دەڵێت: ڕێزگرتن لە خۆمان، کلیلی ناچارکردنی بەرانبەرە بۆ ڕێزگرتن لێمان.

سەنار شێرۆكی