سەرۆك بارزانی: ئەو دەرفەتەی لە ٢٠٠٣ هاتە پێشەوە، هێشتا ئەو دەرفەتە ماوە و دەبێت ئێمە لە دەستی نەدەین

سەرۆك بارزانی:  ئەو دەرفەتەی لە ٢٠٠٣ هاتە پێشەوە،  هێشتا ئەو دەرفەتە ماوە و دەبێت  ئێمە لە دەستی نەدەین

 

 

• ئەم كۆڕبەندە «كۆڕبەندی ئاشتی و سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست»، لە كاتێكی زۆر هەستیاردا دەبەسترێت. قەیران لە هەموو جیهاندا زۆرن، بەڵام بەتایبەتی لە ناوچەی ئێمە، لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەیرانی یەكجار زۆر و مەترسیدار هەیە و ئومێدەوارین ئەم جۆرە كۆڕبەندانە ببنە یارمەتیدەر بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی چارەسەر بۆ ئەو قەیرانانە.

• زۆر ئاساییە هەڵە بكرێن، بەڵام بەردەوامبوون لەسەر هەڵە تاوانە. سیاسەتی خۆسەپاندن و دەست بەسەرداگرتن بەسەر هەموو بوارێكدا سەرنەكەوتووە، نە لە لای ئێمە لە عێراق و نە لە هیچ وڵاتێكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەموو لایەكیش زەرەرمەند بوون. نەوەی داهاتوو پێویستییان بەوە هەیە كە ژیانێكی خۆش و بەختەوەر بەسەر ببەن، ئەو گرفتانەی كە ئێمە و ئەوانەی پێش ئێمە تێیدا ژیان و بینیمان، هەقە ئەو كێشانە بۆ ئەو نەوانەی كە دوای ئێمە دێن، جێ نەهێڵین.

• ئێمە سەلماندمان وەكوو كورد كە ئێمە ئاشتیخوازین، ئەو كارەساتانەی بەسەرماندا هات، ئێمە لەبیرمان ناچێت، بەڵام ئێمە بە دوای تۆڵەكردنەوە نەچووین، چونكە ئێمە زۆر باش دەزانین برایەتیی ئێمە و عەرەب و پێكهاتەكانی دیكە زۆر بەرزتر و مكۆمترە لەو خیلافانە، یان تاوانێك كە بكرێت لە تەرەفی حكومەتدا، خیلاف لەگەڵ حكومەت شتێكە و برایەتی و دۆستایەتی و تەباییش لە نێوان میللەتان شتێكی دیكەیە.

• ئەو دەرفەتەی لە ٢٠٠٣ هاتە پێشەوە، هێشتا ئەو دەرفەتە ماوە و دەبێت ئێمە لە دەستی نەدەین. دەستوورێكمان هەیە، ئێمە پابەندین بەو دەستوورە و ئەو دەستوورە ڕێنیشاندەرە بۆ ئەوەی ئەگەر كێشەیەك هاتە پێشەوە، چۆن چارەسەر دەكرێت. ئێمە هیوادارین ئەو هەڵبژاردنەی كە پێش چەند ڕۆژێك كرا، ڕێگە خۆش بكەن بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ ڕێگەیەكی دروست و پرۆسەی سیاسی لە عێراق بگەڕێتەوە بۆ ڕێچكەیەكی ڕاست و دروست تاوەكوو هیچ كێشەیەك لە نێوان ئێمەدا نەمێنێت.

• پێویستە هەموو پێكڕا هەوڵ بدەین دەوڵەتی دامەزراوەیی دابمەزرێت، چیدی دەوڵەتۆك لەنێو دەوڵەتدا نەبنە ڕێگر و كێشە دروست بكەن، یاسا سەروەر بێت، هەر هاووڵاتییەك مافی خۆی و ئەركی خۆی بزانێت و تەركیزێكی زیاتریش بكرێت لەسەر خزمەتگوزاری بۆ سەرتاسەری عێراق.

• هیوادارم دیسان ئەم هەڵبژاردنانەی فیدڕاڵی كە كراوە، ببنە هاندەر، من جارێكی دیكەش ئەو داوایە لە هەموو لایەنە كوردستانییەكان دەكەم بێنەوە و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش پێك بهێندرێت. هیوادارم هەردوو حكومەت پێكڕا پێك بهێندرێن بۆ ئەوەی سەنگی هەموو لایەك بپارێزرێت.

• هیوادارم لایەنە كوردستانییەكان باش گوێ بدەنە ئەم گوتارەی من، ئێستا ئەو هەلومەرجانەی كە پاش هەڵبژاردنی فیدڕاڵی هەیە، ئەو هەلومەرجانەی پێش ئێستا نییە، پێویستە بەپێی ئیستحقاقی ئینتیخابی، هەموو لایەك بگاتە هەقی خۆی.

 

Top