ئەیسەر مستەفا لە دهۆك: بۆ گەشەسەندنی پتر و بەدەستهێنانی دەستكەوتی زیاتر، پێویستە وەرزش لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان جیا بكرێتەوە

ئەیسەر مستەفا لە دهۆك:  بۆ گەشەسەندنی پتر و بەدەستهێنانی دەستكەوتی زیاتر، پێویستە وەرزش لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان جیا بكرێتەوە

 

 

لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بە دڵنیاییەوە وەرزشوانانی كوردستان شایستەی ناسناوی قارەمانین. ئێمە لە یارییە تاكەكاندا دەتوانین ناسناوی قارەمانی نەتەوەیی بەدەست بهێنین، چونكە وەرزشوانانی پارێزگاكان وەك دهۆك، هەولێر و زاخۆ توانای باشیان هەیە و شایستەی ئەو ڕێزلێنانەن، بەڵام جێگەی داخە كە وەرزشوانانی یارییە تاكەكان زۆر جار پشتگوێ دەخرێن، سەرەڕای ئەوەی كە بە پشتبەستن بەوان دەكرێت ئاڵای پیرۆزی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەرز بكرێتەوە، بە تایبەت لە پاڵەوانییەتییە تاكە كەسییەكاندا كە ناوی قارەمانییان تێدا تۆمار دەكرێت. لە بواری یارییە كۆمەڵییەكاندا بەتایبەتی یاریی تۆپی پێ، شیاوی ئەوەیە لەسەر ئاستی وڵاتانی ئاسیا و عەرەبی پێگەیەكی باشی هەبێت و جێگەی خۆی بگرێت. بەڵام گەیشتن بە ناسناوی جیهانی، یان دروستكردنی هەڵبژاردەیەك بەناوی كوردستانەوە بۆ ئەو ئاستە بە قورس دەزانرێت، چونكە زۆرجار لەسەر ئاستی وڵاتانی دراوسێ و عێراق، بە ناوی هەڵبژاردەی عێراقەوە بەشداری دەكرێت.

سەبارەت بە وەرزشی ئافرەتان لە كوردستاندا، جێگەی داخە كە كێشەیان هەیە و ژمارەی وەرزشوانانی ئافرەتان تەنیا لە گۆڕەپان و مەیدان و یارییەكانی فوتساڵدا كورت كراوەتەوە. سەرەڕای توانای ئەوان بۆ بەشداریكردن و بەدەستهێنانی ئەنجامی باش لە پاڵەوانییەتییەكانی ئاسیا و عەرەب، بەربەستێكی گەورە لەلایەن كۆمەڵگەوە دروست دەكرێت، بەتایبەتی بۆ كچان كە ڕێگرییان لێدەكرێت بچنە نێو بواری وەرزشییەوە. بۆ تێپەڕاندنی ئەو بەربەستە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان پشتگیرییەكی زیاتریان بكەن، بەتایبەتی لەڕووی میدیاوە كە دەكرێت خزمەتی زیاتری ئەم بوارە بكرێت و كاریگەریی باشی هەبێت لەسەر ناساندنی جوانیی دەنگ و ڕەنگی وەرزشوانانی كوردستان و پێشخستنی ڕەوشی وەرزشی.

من بڕوام وایە بۆ گەشەسەندنی پتر و بەدەستهێنانی دەستكەوتی زیاتر، پێویستە بواری وەرزش لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان جیا بكرێتەوە، تاوەكو پتر كار بۆ بكرێت و پشتگیری زیاتری لێ بكرێت، لەو كاتەدا وەرزشوانەكانمان دەتوانن سەركەوتن و ئەنجامی زیاتر بەدەست بێنن.

 

Top