ئازاد سابیر یاریزان و ڕاهێنەری نێودەوڵەتی لە یاریی شەترەنج: دەتوانین بە پێگەیاندنی نەوەیەكی بەتوانای وەرزشوان دڵی خەڵكی دەرەوەی كوردستان بۆ خۆمان ڕابكێشین
وەرزش لە هەرێمی كوردستان تەنیا چالاكییەكی جەستەیی نییە، بەڵكوو ڕۆڵێكی یەكجار گرنگ دەگێڕێت وەك ئامرازێك بۆ خۆناساندنی نەتەوەیی و بەرزكردنەوەی ئاستی نیشتمانپەروەری، بەتایبەتی لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەكاندا. ناساندنی یاریزانە كوردەكان و بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان لەسەر ئاستی جیهان، بەندە بە دروستكردنی ستراتیژێكی تۆكمە كە تەواوی كەرتی وەرزش و لایەنی سیاسی و پەروەردەییەكان بگرێتەوە. قورسایی دەنگی كورد لە بەغدای پایتەختی عێراق، كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر هەموو كایەكانی ژیان هەیە، لەنێویاندا كەرتی وەرزش و خزمەتگوزاریی. بۆیە پێویستە بەیەك ئاست گرنگی بە سەرجەم یاری و پاڵەوانێتییەكانی وەرزشی لەناو هەرێمی كوردستان و لە دەرەوەش بدرێت. ئەم دوو پاڵەوانێتییە هەردووكی میكانیزمی جیاوازیان هەیە و تەنیا مەبەست لێی نابێت بەدەستهێنانی ئەنجامێكی باش بێت، بەڵكو پێویستە شوناس و كەلتووری خۆمان بە میوانەكان بناسێنین. من ئاگادارم زۆر لەو پاڵەوانێتییە دێتە كوردستان گرنگیمان بەم لایەنە نەداوە.
گرنگیدانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بونیادنانی ژێرخانی وەرزشی، هەنگاوێكی گرنگە، بەڵام ئەمە پێویستی بە بەردەوامی و پلانی ستراتیژیی دوورمەودا هەیە. دروستكردنی ژێرخانێكی بەهێز، لە یاریگا ستانداردەكان و هۆڵە وەرزشییەكان و شارە وەرزشییەكان، سەرەتا و مەرجی سەرەكییە بۆ گەیشتن بە ئاستی نێودەوڵەتی. هەروەها بەڕێوەبردنی پاڵەوانێتییە گەورەكان لە ناوخۆی هەرێم، دەرفەتێكی زێڕینە بۆ ناساندنی هەرێمی كوردستان بە جیهان. ئەمە تەنیا بریتی نییە لە بەدەستهێنانی ئەنجامی وەرزشی، بەڵكو ناساندنی كەلتوور، پیشاندانی ئاستی باڵای ئەمنییەت و ئارامیی هەرێم و هاندانی گەشتیارانە بۆ سەردانیكردنی ناوچە گەشتیارییەكانمان. ئەم پرۆسەیە پێویستە هەموو دەزگاكانی وەرزش و گەشتوگوزار و ئاسایش، بە شێوەیەكی هەماهەنگ كاری بۆ بكەن.
یەكێك لە كێشە هەرە گەورەكانی كەرتی وەرزش لە هەرێم، پشتگوێخستنی قوتابخانەكانە، قوتابخانە دەبێت ببێتە بنەمایەك بۆ بەرهەمهێنانی وەرزشوانانی بەتوانا، نەك تەنیا وەك وانەیەكی ئاسایی سەیر بكرێت. لەم سۆنگەیەوە، ئەمانە زۆر پێویستن:
1. گرنگیدان بە بەهرەی جەستەیی: توانای وەرزشوان، لێهاتوویی جەستەیی و بەهرەی تایبەتیی ئەو، نابێت ببەسترێتەوە بە ئازایەتی لە لەبەركردنی بابەتێكی خوێندنەوە.
2. پلان و ئەكادیمیای زانستی: پێویستە پلانێكی درێژخایەن دابنرێت، بە دامەزراندنی ئەكادیمیای وەرزشی زانستی، كە سەرنج بخاتە سەر تەمەنە بچووكەكان (لە شەش ساڵی تا قۆناغەكانی باڵا).
3. هەمەچەشنكردنی وەرزش: نابێت وەرزش تەنیا لە تۆپی پێدا كورت بكرێتەوە. پێویستە گرنگیی تەواو بە یارییە تاكەكان (وەك شەترەنج، پاسكیلسواری، پینگ پۆنگ) و یارییە بەكۆمەڵەكانی دیكە (وەك باسكە و بالە) بدرێت.
4. چالاككردنی ژێرخانی قوتابخانە: دووبارە گەڕاندنەوەی سەرۆكی یاریگا تایبەتەكان بۆ قوتابخانە و چالاككردنەوەی خولەكانی قوتابخانە، هەروەها دابینكردنی پێداویستییە وەرزشییەكان.
بەگشتی، بۆ ئەوەی وەرزش بە تەواوی ڕۆڵی نەتەوەیی خۆی ببینێت، پێویستە لە هەموو كایەكانی سیاسی و پەروەردەیی و جێبەجێكردن، كار لەسەر ئەو خاڵە گرنگانە بكرێت. تەنیا بە پێگەیاندنی نەوەیەكی بەتوانای وەرزشوان و كۆمەڵگەیەكی پڕ لە ئارامی و ئەمنییەت، دەتوانین دڵی خەڵكی دەرەوەی كوردستان بۆ خۆمان ڕابكێشین.
