مەسعود تەتەر جێگری سەرۆكی یانەی زاخۆ: وەرزش بە پشتگیریكردنی یاریزانان و دامەزراندنی سیستەمێكی وەرزشیی پێشكەوتوو گەشە دەكات
وەرزش سەرچاوەی خۆشەویستی و پێگەیەكی تایبەتی لەلای خەڵكی بەگشتی و گەنجان بەتایبەتی هەیە، سەرەڕای ئەم خۆشەویستییە زۆرەش، بەهۆی كەمیی پشتگیری و نەبوونی ژێرخانی پێویستەوە، گەشەكردنی ئەم كەرتە ئاستەنگێكی گەورەی بۆ دروست بووە. ئەوەتا شارێكی وەكو زاخۆ كە لەهەموو ڕوویەكەوە لەچوار ساڵی ڕابردوودا گەشەسەندنێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، كەچی بەهەمان شێوە كەرتی وەرزش گەشەسەندنی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە. بۆیە داواكارین حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی گەورەتر بە وەرزش بدات و كێشەكانی چارەسەر بكات. بەتایبەتی كێشەكانی نەبوونی ژێرخانی وەرزشی، ئەوەتا شاری زاخۆ پێویستی بە دروستكردنی سێ هۆڵی وەرزشیی نوێ هەیە، لە ناوچەكانی (تلكەبەر و بێدار و عەباسیك)، لەكاتی ئێستادا تەنیا یاریگای دەلال هەیە، لەلایەكی دیكەوە بە هۆی نەبوونی پشتگیریی پێویستەوە كاریگەریی نەرێنی لەسەر بەشداریی یانەكانی زاخۆ لە یارییە نێودەوڵەتییەكاندا هەیە، بۆ نموونە لە یارییەكانی بەحرێن سەرەڕای حەزی زۆری جەماوەری زاخۆ بۆ ئامادەبوونیان لەو وڵاتە، كەچی نەیانتوانی بگەنە یارییەكان، ئەمەش بەهۆی كەمیی پشتگیرییەوە بووە كە یانەكە ناتوانێت بە شێوەیەكی شایستە نوێنەرایەتی شارەكە و تەنانەت كورد بكات. ئەمەش پرسیار دروست دەكات، كە بۆچی نەتەوەیەك بە ملیۆنان هاووڵاتییەوە، ناتوانن بەپێی پێویست لە دەرەوەی وڵات پشتگیریی یانە وەرزشییەكانی بكەن، لە كاتێكدا وەرزشوانێكی بەتوانای زۆری هەیە؟
لەم ڕوانگەیەوە داوا لە جەنابی سەرۆك بارزانی و بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، بە هاوشێوەی گرنگیدان بەكەرتەكانی دیكە گرنگییەكی تایبەت بە وەرزش لە زاخۆ بدات. خەڵكی زاخۆ بە تایبەتی ئەوانەی ئاشقی تۆپی پێن، هیواخوازن حكومەت بێتە سەر خەت و پلانێكی تۆكمە بۆ پەرەپێدانی وەرزش لە زاخۆ دابنێت. ئەمەش تەنیا بە زیادكردنی ژێرخان و پشتگیریكردنی یاریزانان نایەتە دی، بەڵكو بە دامەزراندنی سیستەمێكی وەرزشیی پێشكەوتوو كە لە هەموو لایەنێكەوە پشتگیریی وەرزشوانان بكات، لە سەرەتای تەمەنیانەوە تا دەگەنە ئاستی پیشەگەر، ئەمەش دڵنیایی دەدات كە زاخۆ لە داهاتوودا دەتوانێت ببێتە ناوەندێكی وەرزشیی دیار و یاریزانانی بە توانا پێشكەش بە هەرێم و عێراق و تەنانەت جیهان بكات.
