د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان : وەرزش وەك ئامرازێك بۆ خۆناساندنی نەتەوە و خەمە نیشتمانییەكان لە ناو بانگەشەیەكی گەرمی هەڵبژاردندا

د.سالار عوسمان  بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و  ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان  :  وەرزش وەك ئامرازێك بۆ خۆناساندنی نەتەوە و خەمە نیشتمانییەكان لە ناو بانگەشەیەكی گەرمی هەڵبژاردندا

 

ڕۆژی 15ی تەموزی ساڵی 2025 لە یەكەمین كۆبوونەوەی وەزری شەشەمی بازنەی گفتوگۆ، بڕیارمان دا، تایتڵی سەرەكیی ئەم وەرزەمان «هێزی نەرم» بێت، وەك ئامرازێك بۆ ناساندنی شكۆ و گەورەیی نەتەوە و نیشتمان، بۆ ئەمەش بە شكۆی زمانی كوردی و هونەری ڕەسەن و شوێنەوارە دێرینەكانمان دەستمان پێكرد و، گفتوگۆی ئەم جارەشمان تایبەت كرد بۆ «وەرزش وەك ئامرازێك بۆ خۆناساندنی نەتەوە».

لەم گفتوگۆیەدا كە جیا لە گەورەبەرپرسانی ئۆلمپی و دامەزراوەی وەرزشی و سەرپەرشتیاری پەروەردەی وەرزشی و سەرۆكی یانەكانی كوردستان ئامادە بوون، چەند وەرزشوانی خانمیش ئامادە بوون، كە نازناوی پاڵەوانێتییان لەسەر ئاستی عێراق و ئاسیا و جیهان بە دەست هێنابوو و، ئاڵای كوردستانیان لە ناو گۆڕەپانەكانی وەزرشدا بە جیهان ناساندبوو و، گفتوگۆیەكی زۆر ڕاشكاوانە لەسەر كۆی كایە جیاوازەكانی وەرزش لە كوردستان كرایەوە و چەندین پێشنیار و ڕاسپاردەی گرنگیان خستە ڕوو، كە لەم ژمارەیەی گۆڤاری گوڵاندا تەواوی بیروبۆچوونەكانیان و تەواوی لێدوانەكانی ڕاپۆرتی مەیدانیی بازنەی گفتوگۆ بڵاو كراوەتەوە.

خاڵێكی گرنگ كە لەم گفتوگۆیە  ڕاشكاوانە وەرزشوانانی كوردستان پێیان گوتین، ئەوە بوو كە «هەتا ئێستا هیچ لایەنێكی حزبی و حكوومی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لەم ڕوانگەیەوە نەیتوانیوە كە – وەرزش وەك ئامرازێك بۆ خۆناساندنی نەتەوە- پێكەوە كۆ بكاتەوە و گفتوگۆیەكی ئاوا ڕاشكاوانەی بۆ ڕێك بخات»، لەمەش زیاتر بەشێك لە وەزرشوانانە پاڵەوانەكان ڕاشكاوانە گوتیان «ئەمە یەكەمین جارە بەشداری لە گفتوگۆیەك لەم ئاستە بەرزەدا لەسەر بایەخی وەرزش دەكەین». بۆیە زۆر سەرسام بوون لەوەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان ئێستا لە گەرمەی هەڵمەتی هەڵبژاردنێكی چارەنووسسازدایە و بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی ئەم پارتە لەبری ئەوەی وەرزش بكاتە ئامرازێك بۆ خزمەتی سیاسەت و بانگەشەی هەڵبژاردن، كۆی لایەنە بەرپرسیارەكانی وەرزشی كوردستانی پێكەوە كۆ كردووەتەوە بۆ ئەوەی سیاسەت بخاتە خزمەتی وەرزشەوە.

سێكتەری وەرزش یەكێكە لەو سێكتەرانەی دەكەوێتە چوارچێوەی دەسەڵاتەكانی حكومەتی فیدڕاڵی و تەنانەت پاڵەوانە كانی كوردستانیش بەناوی عێراقەوە بەشداریی كێبڕكێ نێودەوڵەتییەكان دەكەن، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراق نەك لە چوارچێوەی دەستووردا مامەڵە لەگەڵ سێكتەری وەرزشی هەرێمی كوردستان ناكەن، بەڵكو چەند بۆیان كرابێت ئاستەنگیان بۆ ئەم سێكتەرە دروست كردووە و دژایەتیان كردووە، لە سەرووی هەمووشیانەوە لیژنەی ئۆڵمپیی عێراق، كە تائێستاش بە یاسا كۆنەكانی ڕژێمەكانی پێشووی عێراق كار دەكات و یاسایەكی فیدڕاڵی بۆ بەڕێوەبردنی سێكتەری وەرزش نییە.

ئامادەكارییەكانی بازنەی گفتوگۆ بۆ ئەم گفتوگۆ گرنگە، پێش پەیڤە بەرزەكەی سەرۆك بارزانی بوو كە لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا ئاماژەی بە گرنگیی وەزرش كرد و فەرمووی «لەوانەیە زۆر كەم لە ئێوە بزانن سەرۆكی پورتوگال كێیە، بەڵام هەمووتان دەزانن كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ خەڵكی پورتوگالە»، ئەم پەیڤەی سەرۆك بارزانی بووە هەوێن و بناغەی گفتوگۆی ئەم جارە بازنەی گفتوگۆ و، چەندین جار بەشداربووانی ئەم گفتوگۆیە دووبارەیان كردەوە و هەڵوەستەیان لەسەر دەكردەوە.

لە ڕوانگەی ئەم پەیڤە بەرزەی سەرۆك بارزانی-یەوە، بازنەی گفتوگۆ وەك پەیامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن بە ئامادەبووانی گەیاندن و پێی گوتن ڕاستە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن بە شێكی گرنگی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەڵام هەر ئەو ڕاسپاردە بەرزەی سەرۆك بارزانی جێبەجێ دەكات كە «پارتی ئامرازە و ئامانجە گەورەكەمان كوردستانە»و، خەمی گەورەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنیش خەمی خاك و نیشتمان و خواست و داوای هاووڵاتیانە و، لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ئەم جارەی پەرلەمانی عێراقیشدا پارتی دیموكراتی كوردستان تەنیا لایەنی سیاسییە كە بە درووشمی «هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان» بە زمانێكی سەنگین و هێمن بانگێشەیەكی سەركەوتووی بەڕێوەبرد و، ئومێدێكی تازەی بۆ گەلانی عێراق ژیاندووە، بەوەی پرۆسەی سیاسەت و حوكمڕانی تەنیا دروشمی باقوبریق نییە، بەڵكو خزمەتكردنی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان و تەواوی گەلانی عێراقە و دەبێت بسەلمێندرێت، نەك تەنیا وەك دروشم بەرز بكرێتەوە.

وەك بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و سەرپەرشتیاری بازنەی گفتوگۆ، دەستخۆشییەكی گەرم لە ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ دەكەم كە سەربەرزانە هۆڵی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنیان كردووەتە پلاتفۆرمێكی كراوە بۆ كۆكردنەوەی جیاوازییەكان و پێكەوە گرێدانەوەی كۆی سێكتەرە جیاوازەكانی ئەم نیشتمانە و، بناغەیەكیان بۆ ئەو هزرە دروست كردووە، كە پرۆسەی پەرەپێدانی بەردەوام بە گەشەی هاوسەنگی كۆی سێكتەرە جیاوازەكانی كۆمەڵگە سەركەوتوو دەبێت، ئەمەش تێڕوانینی سەرۆك بارزانی و سیاسەتی لۆژیكانەی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ ئایندەی گەشی كوردستان و خۆشگوزەرانی.

 

Top