د. عەبدوڵڵا جەلال سەرۆكی یانەی وەرزشیی دهۆك: گرنگە خولی كوردستان بۆ یانەكان دروست بكەین و كێبڕكێ لەسەر جامی كوردستان بكەین

د. عەبدوڵڵا جەلال  سەرۆكی یانەی وەرزشیی دهۆك:     گرنگە خولی كوردستان بۆ یانەكان دروست بكەین و كێبڕكێ لەسەر جامی كوردستان بكەین

 

 

د.عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆكی یانەی وەرزشیی دهۆكە و یەكێكە لەو كەسایەتییە دیارانەی كە لە بەڕێوەبردن و كارگێڕیدا بە كەسایەتییەكی سەركەوتوو هەژمار دەكرێت و، لەو كاتەوەی سەرۆكایەتیی یانەی دهۆكی وەرگرتووە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ یانەكە باشتر چووەتە پێشەوە و سەركەوتنی باشتری بە دەست هێناوە. لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (وەرزش وەك ئامڕازێك بۆ خۆناساندنی نەتەوە) كە بڕیار بوو لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵمان ئامادە بێت، بەڵام بە هۆی دروستبوونی پابەندبوونێك بە چەند كاتژمێرێك پێش دەستپێكردنی كۆبوونەوەكە نەیتوانی سەفەر بۆ هەولێر بكات و لەگەڵمان ئامادە بێت، بۆیە لە ڕێگەی سكایپەوە بەم جۆرە دید و تێڕوانین و پێشنیار و ڕاسپاردەكانی خۆی خستە ڕوو.

 

 

 

زۆر سوپاسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم كە ئەم پۆلە لە پاڵەوان و ئەكادیمیست و بەرپرسانی دامەزراوە وەرزشییەكانی پێكەوە كۆ كردووەتەوە و گفتوگۆ لەسەر وەرزش دەكەن، وەك ئامڕازێك بۆ ناساندنی نەتەوە.

لە دەستپێكدا داوای لێبوردن لە بازنەی گفتوگۆ و تەواوی بەشداربووانی ئەم گفتوگۆیە دەكەم، لەبەر ئەوەی من سۆزم دابوو لەگەڵتان بەشدار بم، بەڵام پابەندبوونێكم بۆ دروست بوو كە نەمتوانی سەفەر بۆ هەولێر بكەم، بۆیە بە ڕێگەی سكایپ بەشداریتان لەگەڵ دەكەم.

لە ئێستادا وەرزش لە هەرێمی كوردستان لە هەر كاتێكی دی زیاتر پێویستی بە پشیوانیی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە و، وەك پێویست بایەخ بەم سێكتەرە گرنگە لە ناو حكومەتدا نەدراوە. جێگەی داخە كۆی وەرزشی هەرێمی كوردستان لە بەڕێوەبەرایەتییەكی گشتیدا كۆ كراوەتەوە، بۆیە دەبێت ئاستی وەرزش لە ناو حكومەت بەرز بكرێتەوە بۆ ئاستی دەستەیەكی سەربەخۆ، یان وەزارەتێك بە ناوی وەزارەتی وەرزش و لاوان دووبارە دروست بكرێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانین كۆی دامەزراوە وەرزشییەكانمان ڕێك بخەینەوە.

ئێستا لە ناو خولە نایەبەكانی عێراقدا چوار یانەی كوردستان بەشدارن، كە بریتین لە «هەولێر، دهۆك، نەورۆز و زاخۆ»، ئێمە دەتوانین وەبەرهێنانی زۆر باشتر لەم چوار یانەیەدا بكەین وەك ئامرازێك بۆ بەرزكردنەوەی هەستی نەتەوایەتی لەلای نەوەكانی ئێستا و داهاتوومان، وەك نموونە باس لە یاریی كۆتایی یانەی زاخۆ لە جامی عێراقدا دەكەم، كە لە یاریگەی شەعب لە بەغدا بەڕێوە چوو، بۆ ئەم یارییە زیاتر لە 25 هەزار هاندەر لە زاخۆ و دهۆكەوە لە یاریگەی شەعب ئامادە بوون، كە دەبوو بۆ ئەم یارییە حكومەت زیاتر پشتگیریی بكردایە، بۆ ئەوەی دوو هێندە و سێ هیندەی دیكەی گەنجەكانی خۆمان بناردایە بۆ بەغدا، ئەمەش نەك تەنیا بۆ هاندانی تیپی زاخۆ، بەڵكو بۆ ئەوەی بە چاوی خۆیان دیمەنی كۆڵان و شەقامەكانی بەغدایان ببینیایە و بیانزانیایە چەند خراپ و پیسن و چۆن كاول بوون. ئەو گەنجانەی ئێمە كە هەرێمی كوردستان ڕەخنە دەگرن لەوەی كەموكووڕی هەیە، پێویستە بزانن بێگومان لە هەموو شوێنێك كەمووكووڕی هەر هەیە، بەڵام ئەگەر بەغدا و پارێزگاكانی دیكەی عێراق لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەروارد بكەین، ئەوا ڕاشكاوانە هەست بەوە دەكەن كە پارێزگاكانی كوردستان چەند پێشكەوتوون. بینینی ئەم بەراوردە هەستی نەتەوایەتی لای لاوەكانمان بەرزتر دەكات و هەست دەكەن كە حكومەتی كوردستان چۆن خزمەتی هاووڵاتیی خۆی دەكات، هەروەها دەیانبینی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئێمە دەكەن و ڕێگریمان لێ دەكەن لەوەی ئاڵای كوردستان بەرز بكەینەوە. جەماوەری یانەی دهۆك كاتێك دەچنە بەغدا و پارێزگاكانی دیكەی عێراق بۆ هاندانی تیپەكەیان، لەوێ هەستی نەتەوایەتییان بەرز دەبێتەوە و زیاتر شانازی بە ئاڵای كوردستانەوە دەكەن و بەرزی دەكەنەوە، با بچوونایە بۆ ئەوەی بزانن ئەوان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئێمە دەكەن و دژایەتیمان دەكەن.

بۆ بەرزڕاگرتنی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی لە قەتەر ئەكادیمیایەكی پەروەردەی وەرزشی هەیە، یەكێك لە یاریزانەكانی قەتەر كە بە ڕەچەڵەك عێراقییە و باوكی بە منداڵی بردوویەتە قەتەر دەرچووی ئەو پەیمانگایە، لە ساڵی 2008 لە پاڵەوانێتیی جامی ئاسیا گۆڵێكی لە دژی عێراق تۆمار كرد، ئەم گۆڵە بووە هۆكاری ئەوەی ڕەخنەیەكی زۆری لێ بگیرێت، بەوەی چۆن دەبێت یاریزانێكی بە ڕەچەڵەك عێراقی گۆڵ لە تیپی وڵاتەكەی خۆی تۆمار بكات. لەو ئەكادیمیایە كە میری قەتەر خۆی ڕاستەوخۆ پشتگیریی دەكات، بە ئاستێكی زۆر بەرز هەر لە باخچەی ساوایانەوە بە هەستی نەتەوەیی پەوەردەیان دەكات، ئەوا كاتێك دێنە یاریگە بۆ تیپی وڵاتەكەی خۆیان یاری دەكەن، بێجگە لە سەركەوتنی وڵاتی خۆیان و پاراستنی شكۆی وڵاتەكەیان بیر لە هیچی دیكە ناكەنەوە، بۆیە زۆر گرنگە ئەم ڕووداوە نموونەیەك بێت بۆ ئێمە تا سوودی لێ وەربگرین، دەبێت ئێمە هەر لە باخچەی ساوایانەوە تا دەگاتە قوتابخانەی بنەڕەتی و ئامادەیی و زانكۆ دەبێت نەوەكانی خۆمان بە ئاستی بەرزی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری پەروەردە بكەین، فێریان بكەین وەرزش ئامرازێكە بۆ ناساندنی نەتەوە. لە دیدارێكمان وەك وەرزشوانان لەگەڵ بەڕێز سەرۆك بارزانی پێی گوتین: «ڕۆڵی ئێوەی وەرزشوانان لە هیچ لایەنێكی سیاسی كەمتر نییە بۆ ناساندنی كوردستان لەسەر ئاستی جیهان، لەمەش زیاتر گەلێك جار ڕۆڵی وەرزش زۆر لە سیاسەت گەورەترە».

ئەوجا ئەگەر هەر بە نموونە باسی یانەی وەرزشیی دهۆك بكەین، كاتێك ئەم یانەیە وەك نوێنەرایەتیی دهۆك لە خولی نایابی عێراق بەشدار دەبێت و پلەی یەكەم بەدەست دەهێنێت، ئەوا تێكڕای پارێزگاكانی عێراق باشتر دهۆك دەناسن، یان كە بەشداری لە خولی پاڵەوانێتیی یانە یەكەمەكانی دەوڵەتانی كەنداو دەكات و هاندەرانی هەزاران كیلۆمەتر دەبڕن و لەوێ ئاڵای كوردستان بەرز دەكەنەوە و هانی یانەكەی خۆیان دەدەن، ئەوا نەك هەر دهۆك، بەڵكو كوردستان بە وڵاتان دەناسێنن.

بۆ ئەوەی وەرزش بگاتە ئەو ئاستەی بەشداری لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەكان لە كۆی یارییە وەرزشییە جیاوازەكان بكات، ئەوا پێویستە وەبەرهێنانی گەورە لە توانا و لێهاتوویی وەرزشوانەكانماندا بكەین. وڵاتانی دیكە هەتا پاڵەوانێكی ئۆلمپی دروست دەكەن، یەك تا دوو ملیار دۆلاری تێدا خەرج دەكەن، هەر بۆیە ئەگەر پشتیوانی و پشتگیریی وەرزش لە ئاستێكی لاواز و نزمدا بێت، ئەوا ناتوانین پاڵەوان لەسەر ئاستی جیهان دروست بكەین. لە ئێستادا هەست دەكرێت پشتیوانی بۆ وەرزش لە هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی نزم و لاوازدایە، هەتا ئەگەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش پڕۆژەیەكی هەبێت، دامەزراوەكانی دیكە ئاستەنگی بۆ دروست دەكەن و ڕێگە نادەن ئەو پڕۆژانە جێبەجێ بكرێن، بەو جۆرە سەیری پڕۆژەكە دەكەن كە ئەمە سەركەوتنە بۆ ئەو كەسەی كە وەرزش بەڕێوە دەبات و دەبێتە هۆكارێك كە زیان لە بەرژەوەندیی كەسیی ئەو بدات.

بۆ ئێستا پشتیوانیكردنی وەرزش لە هەرێمی كوردستان زۆر گرنگ و پێویستە، لەبەر ئەوەی وەرزش لە عێراقدا لە باردۆخێكی زۆر خراپدایە، بە هەموو شێوەیەكیش دژایەتیی دامەزراوە وەرزشییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن، ڕێگە نادەن هاندەرانی ئێمە بە ئازادی ئاڵای كوردستان بەرز بكەنەوە. ئێمە تەنیا چوار یانەمان لە خولی نایابی عێراقدا هەیە، واتە ئەوان بە تەواوەتی خولی عێراقیان كۆنتڕۆڵ كردووە، بۆیە ئەو زوڵمەی كە لە هەرێمی كوردستانی دەكەن، گەنجەكانی ئێمەی بێهیوا كردووە، كە بۆچی دەبێت ئێمە ئەو هەموو غەدرە قبووڵ بكەین لە پێناوی ئەوەی لە پاڵەوانێتییەك بەشداری بكەین كە بەهایەكی ئەوتۆی نییە. داوا دەكەن خۆمان لە هەرێمی كوردستان وەرزش بەهێز بكەین، یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان بەهێز بكەین، خولی یانەكانی كوردستان بكەینەوە و كێبڕكێ لەسەر جامی كوردستان دروست بكەین و لە بەشداریی خولی عێراق بكشێینەوە. ئایا ئەمەمان پێ دەكرێت؟ بە دڵنیاییەوە پێمان دەكرێت، لە ئێستادا هاندەر و جەماوەری تەنیا چوار یانەكەی كوردستان (زاخۆ، هەولێر، نەورۆز، دهۆك) لە هەموو هاندەر و جەماوەری یانە عێراقییەكان زیاتر و باشترن، یاریگەكانی كوردستان لە یاریگەكانی هەموو یانەكانی عێراق باشترن و بەشی زۆری یانەكانی عێراق دێنە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی مەشق و ڕاهێنانی خۆیان بكەن. بۆیە ئەگەر ئێمە یانەكانی كوردستان لە خولی عێراق بكشێنینەوە، گورزێكی گەورە بەر خولی عێراق دەكەوێت و لە سەرووی هەموویانەوە «عەدنان درجال» سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی عێراق باش ئەو ڕاستییە دەزانێت و خولی یانەكانی بەبێ یانەكانی كوردستان بەهایەكی ئەوتۆی بۆ نامێنێت.

سەبارەت بەوەی چۆن وەرزش بگەیەنینە ئەو ئاستەی كە ببێتە ئامرازێك بۆ ناسنامەی نەتەوەییمان، بێگومان ئەركی سەرشانمان تەنیا بەهێزكردنی وەرزشی هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو دەبێت پشتیوانی لە هەموو یانە وەرزشییەكانی كوردستان بكەین، لە بەشەكانی دیكەی كوردستانیش، ئێستا لە ئامەد یانەی «ئامەد سپۆرت 1» هەیە كە هەموویان كوردن و لە خولی توركیا بەشدارن، هەفتەی پێشوو گەمەیان هەبوو، هاندەرانی ئێمەش هانی یانەی ئامەد سپۆرتیان دەدا.

هەروەها دەبێت پشتیوانیی یاریزانەكانی خۆمان بكەین و ڕاهێنەری زۆر باشیان بۆ بهێنێن، وەك «مەسعود میرال» كە خۆی كوردە و توانا و لێهاتووییەكی بەرزی هەیە، پێشنیاری بۆ یانەی دهۆك كردووە و ئەو توانایەی پیشان داوە كە ئەگەر ئەكادیمیایەكی پەوەردەی وەرزشی دابمەزرێت، كارێك دەكات لە چەند ساڵی داهاتوو پێویستمان بە یاریزانی بیانی نەبێت. زۆر پێویستە گرنگی بە بەرزكردنەوەی هۆشیاریی هاندەرانی خۆمان بدەین و ڕایانبهێنن كە تەنیا هاندەری كوردستان بن، نەك لەسەر ئەم شار و ئەو شار لە یاریگەكان لەگەڵ یەكتری شەڕ بكەن. هەروەها دیسان جەخت لەسەر ئەوە دەكەمەوە، زۆر گرنگە ئێمە خولی یانەكانی كوردستانمان هەبێت و لەسەر جامی كوردستان كێبڕكێ بكەین.

Top