ناوی (رۆبەرت ئینگلوند)چووە ڕێرەوی ئەستێرە دیارەكانی هۆڵیوود
لە بۆنەیەكی تایبەتدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەكتەران و سینەماكاران,ناوی هونەرمەند و دەرهێنەری دیاری ئەمریكی(رۆبەرت ئینگلوند)لە ڕێرەوی ئەستێرە دیارەكانی هۆڵیوود دانرا.
بەخشینی ئەستێرەیەك بە ئەكتەر و سینەماكار(رۆبەرت ئینگلوند)ی ئەمریكی لە ڕێڕەوی بەناوبانگەكانی هۆڵیوود,لە ساتەوەختی هالویندا ڕێزێنانە لەو ئەزموونە سینەماییەی كە بەخشیویەتی بە هۆڵیوود و سینەمای ئەمریكی, بەو پێیەی كە ئەم ئەكتەرە فیلمەكانی ترسناك و كاریگەرن هەر بۆیەش ئەم ساتەوەختەی بۆ دیاری كرا.
رۆبەرت ئینگلوندی تەمەن 78 ساڵ,یەك لە ئەكتەر و دەرهێنەرە دیارەكانی هۆڵیوودە,دەستپێكی كاری هونەری ئەم ناودارە بۆ شانۆ دەگەڕێتەوە,بەڵام لە ساڵانی حەفتاكان دوای ڕووكردنە كاری سینەمایی ڕێچكەیەكی تایبەتی بەخۆی درووستكرد و زیاتر بە فیلمی ترسناك,تاوان,كوشتن ناوبانگی دەركرد,ئەمەش وایكرد فیلمەكانی لە هۆڵی سینەماكاندا بینەرێكی زۆری هەبێت,دیارترین كاری هونەریی بریتییە لە فیلمی(nightmare on elm street) كاتێك ڕۆڵی كەسێكی ترسناكی دەگێڕا بەناوی (فریدی كروگەر)ساڵی 1984,بەهۆی سەركەوتنی ئەم كارە سینەماییە دواتر چەند بەشێكی دیكەی لێ بەرهەم هێندرا,ڕۆبەرت ئینگلوند لە ساڵی 1988 ڕویكردە كاری دەرهێنان و بۆ یەكەمجار فیلمێكی سینەمایی ترسناكی بەناونیشانی (976-Evil)بەرهەم هێنا.هەروەها بەردەوامبوو لە كاری سینەمایی و وەكو دەرهێنەر و وەكو ئەكتەر لە ژمارەیەك كاری سینەمایی سەركەوتوو بەشداربووە.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
