فەرامۆشكردنی وانەی كارامەیی و بەها كۆمەڵایەتییەكان لە قوتابخانەكاندا نیگەرانی لای پەروەردەكاران دروستكردووە

فەرامۆشكردنی وانەی كارامەیی و بەها كۆمەڵایەتییەكان لە قوتابخانەكاندا نیگەرانی لای پەروەردەكاران دروستكردووە

 

 

بابەتی كارامەیی و بەها كۆمەڵایەتییەكان یەكێكە لەو كتێبانەی لە ساڵی 2018 ەوە وەك بابەتێكی سەرەكی و گرنگ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پرۆگرامەكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە و بە پاڵپشتی ڕێكخراوی یونسێف بۆ ناوەندەكانی خوێندن زیاد كرا، بەپێی بەدواداچوونەكان هەفتەی یەك وانە لەم بابەتە دەخوێندرێت ئەم وانەیەش لە قوتابخانەكان بایەخی تەواوی پێنەدراوە و وەكو وانەیەكی لاوەكی سەیر دەكرێت، لە كاتێكدا و بە وتەی پەروەردەكاران كارامەیی و بەها كۆمەڵایەتییەكان وانەیەكی گرنگ و پێویستی هەنوكەییە. مامۆستایانی بەشداربووی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان زانیاری زیاتر لەسەر ئەم بابەتە باس دەكەن.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

بۆتان كەریم ڕاهێنەری پەروەردەییە سەرەتا باس لەوە دەكات كە «گرنگیی گەورەیی پەروەردە بۆ ژیانی مرۆڤ وەسف ناكرێت، ئەوەی مرۆڤ لە بونەوەرەكانی تر جیادەكاتەوە پەروەردەیە، كاتێك مرۆڤ لە پەروەردەكردن دادەبڕێت سنوورەكانی مرۆڤ بوون و مرۆڤایەتی دەبەزێنێت و وەك ئاژەڵێكی دڕەندە ڕەفتار دەكات.

تێكەڵبوونی كلتووری هەموو نەتەوە جیاوازەكان بەهۆی سۆشیال میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وایكرد هەموومان ئاشنا بین بە كلتوور ئایین و دابونەریتی جیاواز هەندێكیان ئەرێنی و هەندێكیان نەرێنی، هەندێكیان گونجاو و هەندێكیان دژ بە دابونەریتی نەتەوەكەمان، بۆیە پێویستە لە ڕێگەی پەروەردەوە بە بابەتێكی پەروەردەیی گرنگ بۆ پێكەوە ژیانی ئایینی ونەتەوەیی و كلتووری بتوانین ئەو چەمكانە بەشێوازێكی تەندروست نەوەكانمان لەسەر پەروەردە بكەین.

لەناو پڕۆگرامەكانی خوێندندا كۆمەڵێك بابەت دەخوێندرێت وەك زمانەكان (كوردی، عەرەبی، ئینگلیزی) زانستییەكان (بیركاری، زانستەكان، بابەتە كۆمەڵایەتییەكان) پەروەردەییەكان (ئایین، كارامەیی وبەها كۆمەڵایەتییەكان، وەرزش، هونەر، میوزیك) هەموو بابەتەكان گرنگی و بایەخ و سوودی خۆیان هەیە بەگشتی بەڵام بابەتە پەروەردەییەكان بەتایبەت تر ڕۆڵی ئەرێنییان لە پەروەردەكردن و دەرووندروستی و پێكەوەژیانی فێرخوازان لەناو ناوەندەكانی خوێندن و كۆمەڵگەدا هەیە».

مامۆستا بۆتان لە درێژەی قسەكانی دەڵێت: «ئێمە كە ئێستا لە هەزارەی سێیەمدا دەژین زانست و تەكنەلۆژیا پێشكەوتنێكی گەورە و بەرچاویان بەخۆوە بینیوە هەموو جیهانی وەك گوندێكی بچووك لێكردووە، لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەموو ئایین و كلتوور و زمان و نەتەوەكانی بەیەك ئاشنا كردوە بۆ ڕێزگرتن لەیەكتر و پێكەوەژیانێكی ئارام پێویستمان بە بابەتی پەروەردەیی دەبێت لەناو ناوەندەكانی خوێندن.

حكومەتی هەرێم لە ڕێگەی وەزارەتی پەروەردەوە و بەدەستپێشخەریی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و (یونیسێف) پڕۆگرامی پەروەردەیی (فێربوونی كارامەییەكانی ژیان و هاووڵاتی بوون لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست) كەوتە بواری جێبەجێكردن لە ڕێگەی شارەزایان و پسپۆڕانی پەروەردەیی هەستان بە دانانی پڕۆگرامێكی پەروەردەیی جوان بۆ قۆناغی بازنەكانی (1 – 2 – 3) واتە پۆلەكانی (1 تا 9) بنەڕەتی.

پڕۆگرامەكە باس لە چوار تەوەری سەرەكی دەكات (هاووڵاتیبوون، مافەكان، كارامەییەكان، بەهاكان) گرنگی دەدات بەبابەتەكانی (ژینگە، خۆراكی تەندروست، هێماكانی هاتوچۆ، سوودەكانی خوێندنەوە، ئامانجەكانی پەرەپێدانی بەردەوام) .

پڕۆگرامێكی بەسوود بەتامی پەروەردەی ڕەسەن بەڵام بە ئەندازەی گرنگیدان بە بابەتەكانی زمان و زانستییەكان وەك پێویست گرنگی بەبابەتە پەروەردەییەكان نادرێت بەتایبەت كارامەیی و بەها كۆمەڵایەتییەكان هۆكار زۆرن لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەچەند ڕستەیەك بكەم:

• كەمیی بەشە وانە لە هەفتەیەكدا لە بازنەی یەكەم پۆلی (1 – 2 – 3) بنەڕەتی دووبەشە وانە لەهەفتەیەكدا و لەبازنەی (2 – 3) پۆلی (4 تا 9) بنەڕەتی یەك بەشە وانە لە هەفتەیەكدا دەخوێندرێت هەندێك جاریش ئەو بەشە وانەیە دەكەوێتە وانەی شەشەم یان هەر ناخوێندرێت.

• نەبوونی مامۆستای پەروەردەیی و پسپۆڕ بەو بابەتە.

• نەبوونی سەرپەرشتیاریی پسپۆڕی تایبەت بە كارامەیی و بەها كۆمەڵایەتییەكان بە مەبەستی سەرپەرشتیكردن و بەدواداچوون.

• دەستەی كارگێڕی و مامۆستایان وەك پێویست گرنگی بە بابەتی كارامەیی و بەها كۆمەڵایەتییەكان نادەن.

• وەك بابەتێكی لاوەكی سەیر دەكرێت و بەشەوانەی مامۆستایانی پێ پڕدەكرێتەوە.

• دەدرێت بەو مامۆستایانەی بەتەمەنن و توانای وانە وتنەوەیان نییە.

• لە وانەی شەشەم و كۆتایی لە خشتەی وانەكان دادەنرێت.

• نەبوونی خولی بەردەوام و ڕاهێنان بەمامۆستایان.

• مامۆستایان بەشەوانەی كارامەیی و بەها كۆمەڵایەتییەكان بەوانەكانی تر پڕ دەكەنەوە بەتایبەت مامۆستایانی پۆلی نۆی بنەڕەتی.

• نەبوونی نمرە و تاقیكردنەوە لە بابەتەكە مامۆستایان و فێرخوازان و خانەوادەكەیان وەك پێویست گرنگی بە بابەتەكە نادەن هەرچەندە پەروەردە بە نمرە پێوانە ناكرێت.

• مامۆستایان ئەو بابەتە بە شێوازیكی كلاسیك پێشكەش دەكەن.

• مامۆستایان زیاتر زانیاری بە فێرخوازان دەدەن وەك لە بەكرداریكردنی بابەتەكە».

تەنكە مەجید مامۆستا لە قوتابخانەی ڕۆژگاری بنەڕەتی، سەبارەت بە هەمان پرس ئاماژە بۆ ئەوە دەكات «لە ئێستادا ئەو بابەتە پەروەردەییە گرنگە بۆتە بابەتێكی لاوەكی و بێناز لەناو ناوەندەكانی خوێندندا، بەمەبەستی زیاتر گرنگیدان بەبابەتە پەروەردەییەكان بە گشتی و بە تایبەتی كارامەیی و بەها كۆمەڵایەتییەكان. ئەم چەند خاڵە كورت دەكەمەوە:

• لە هەموو وڵاتە پێشكەوتووەكاندا گرنگی بە بابەتە پەروەردەییەكان دەدرێت و وانەیەكی تایبەتییان هەیە بەناوی وانەی (ڕەوشت) بۆیە گرنگە ئەو بابەتە زیاتر گرنگی پێ بدرێت.

• پەروەردە بۆتە بابەتێكی گرنگی سەردەم.

• كارامەیی و بەها كۆمەڵایەتییەكان وەك بابەتێكی پەروەردەیی گرنگ سەیر بكرێت.

• ئەو بابەتە بدرێت بە باشترین مامۆستای قوتابخانە لەڕووی پەروەردە و فێركردنەوە.

• بەشە وانەی كارامەیی و بەها كۆمەڵایەتییەكان لەلای یەك مامۆستا یان دوو مامۆستا بێت نەوەك دابەش بكرێت بەسەر چەند مامۆستاییكی پسپۆڕی جیاواز.

• بەشە وانەكانی زیاد بكرێت و لە هەفتەیەكدا بكرێت بە سێ یان چواربەشە وانە.

• وانەكان زیاتر بەكرداری لەناو پۆل و قوتابخانە پێشكەش بكرێن بۆئەوەی فێرخوازان بتوانن لە دەرەوەی قوتابخانە لەناو خێزان و كۆمەڵگەو شوێنە گشتییەكان بە جوانی جێبەجێی بكات.

• لە پشووی هاویندا خول و ڕاهێنانی بەردەوام بۆ مامۆستایانی ئەو بابەتە بكرێتەوە بە ئامانجی ڕاهێنان و بەرزكردنەوەی ئاستی مامۆستایان.

• ئەنجامدانی كۆڕ و سیمینار بۆ دەستەی كارگێڕی بەتایبەت بەڕێوەبەرەكان، چونكە زۆربەیان گرنگی و بایەخی ئەو بابەتە پەروەردەییە نازانن.

• كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەكی سەربەخۆ و تایبەت بەبابەتە پەروەردەییەكان ئەویش بە مەبەستی سەرپەرشتیكردن و بەدواداچوون و ڕاهێنان بە مامۆستایان.

• بە هەندوەرگرتنی سەرنج و تێبینی و پێشنیاری مامۆستایان و شارەزایانی پەروەردەیی بە مەبەستی دەوڵەمەندكردنی ئەو بابەتە پەروەردەییە.

• بەئامانجی باشتركردن و بەهێزكردنی بابەتەكانی كارامەیی و بەها كۆمەڵایەتییەكان لیژنەیەكی پسپۆڕی و زانستی هەبێت ساڵانە پێداچوونەوە بكات.

•  دابینكردنی گشت هۆیەكان و پێداویستییەكانی فێركردن تایبەت بە بابەتەكانی كارامەیی و بەها كۆمەڵایەتییەكان.

• گەشتی زانستی و مەیدانی ئەنجام بدرێت بۆ مامۆستایان و فێرخوازان.

• ئەو بابەتە لە بابەتێكی پێدانی زانیاری بكرێتە بابەتێكی كرداری كە ڕەنگ بداتەوە لە هەڵسوكەوتی فێرخوازان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا.

• ئەو بابەتە لە زانكۆكان بخوێندرێت و وەك بابەتەكانی تر ببێتە پسپۆڕی و بەشی تایبەت بەخۆی هەبێت و گرنگی پێ بدرێت بەتایبەت لە هەردوو كۆلێژی پەروەردە و پەروەردەی بنەڕەتی.

• كارامەیی و بەها كۆمەڵایەتییەكان بكرێتە بابەتێكی سەرەكی وەك مێژوو و جوگرافیا لە بەشی زانستە كۆمەڵایەتییەكان».

مامۆستا تەنكە لە درێژەی سەرنج و تێبینییەكانیدا گوتی: «لەگەڵ ڕێزم بۆ مامۆستایانی ئەم بابەتە كە لە ناوندەكانی خوێندن دەخوێندرێ بەڵام خوێندنێك كە قوتابی فێری بەهاكانی نابن، فەرامۆشكراوە یاخود بڵێین پشتگوێ خراوە، ئەم بابەتە لەسەر بنەمای ڕەوشت و چاكسازی منداڵ داندراوە، كە منداڵ چۆن ڕابهێندرێت هەڵسوكەوت لەگەڵ چواردەوری خۆی بكات، بێگومان پەرتووكێكی پەروەردە و ڕەوشتە لە ناوەندەكانی خوێندن داندراوە، بەڵام زۆر بەداخەوە كە لەلایەن مامۆستا و بەخێوكەری قوتابی گرنگی پێنادرێت، ئەویش دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی كە تاقیكردنەوەی لەسەر ناكرێت، زۆربەی مامۆستاكان سەیری هەڵسوكەوتی قوتابی ناكەن، كەچی لە ناوەندەكانی خوێندن ئەو نمرەیەی بۆ دادەدرێت لەسەر بابەتی كۆمەڵایەتییە، چونكە هەمان مامۆستا بابەتەكە دەڵێتەوە. لە بنەڕەتدا دەبێت بەپێی هەڵسوكەوتی قوتابی نمرە دابندرێت، چونكە ڕەفتاری قوتابی حوكمی نمرەكەی دەكات، زۆرجار كە نمرەی كەم بۆ قوتابییەك دادەندرێت خودی دایك و باوك دێن ناڕەزایەتی دەردەبڕن و دەڵێن (بەهای كۆمەڵایەتی چییە؟) مامۆستا نمرەی كەمی بۆ منداڵەكەی من داناوە. ناچێت لێ پێچینەوە لە منداڵەكەی بكات ئایا بۆ نمرەی كەمی هێناوە لەم بابەتە، ئەمانە هەمووی دەگەڕێتەوە سەر كۆمەڵگە و ڕەفتار و ڕەوشتی بنەمای ژیان.

بابەتی (بەهای كـــــۆمەڵایەتی) دەبێ بەهای بۆ بگەڕێتەوە لە ناوندەكانی خوێندن ساڵانە لە قوتابخانەكان گیرۆدەی دەستی چەندان قوتابی دەبینەوە كە هەڕەشە لە مامۆستا دەكات یاخود هەڕەشە لە هاو پۆلەكەی دەكات، ئەمە لەلایەك و لەلایەكی ترەوە قوتابی لە ناوەندەكانی خوێندن سەركێشی دەكات بە خواردنی جگەرە و ڤەیپ و چەندان شتی تر، من خۆم چەندین جار ئەم جۆرە شتانەم لە قوتابی گرتووە، بەڵام چونكە بنەمایەك نییە لەسەر خوێندنی ئەم بابەتە قوتابی بەلاڕێدا ڕۆیشتووە، بەداخەوە لە زۆربەی زۆری قوتابخانەكان ئەم وانەیە مافی خۆی نادرێتێ .

بێ گومان دەبێ گرنگیی تەواو بەم بابەتە بدریت هەر لە پۆلی یەكەمی سەرەتایی ئەم پەرتوكە هەیە تا قۆناغەكانی تر ئەگەر لە پۆلی یەك بەشێوازیك كە لە پەرتووكەكەدایە قوتابی پابەند بكرێت بە چۆنیتیی هەڵسوكەوت و ڕەفتاری، چونكە منداڵ وەك خامێكی سپی وایە چۆن ڕایبهێنی ئاوا دەردەچێت، بەهای بۆ دەگەڕێتەوە .

 مامۆستا دەبێ ئەم كارە بكات كە نمرە لەسەر ڕەفتاری قوتابی دابنێت ڕۆژانە چاودێری بكات لەگەڵ بنەماكانی پەرتووكەكە بڕوات و ڕۆژانە لێپێچینەوەی بكات تاچەند ئەم منداڵە پابەندە بە پەرتووكەكەی، ئایا گفتوگۆ لە نێوان مامۆستا و قوتابی لەكاتی وانەكە پەیدا دەبێت؟ دەبێت مامۆستا خۆی ئامادەسازی بكات بۆ بابەتی تازە. تا ئاستی ڕۆشنبیری قوتابی بجووڵێنێت، پێویستە وابكات قوتابی بەدوای سەرچاوەی تردا بگەڕێت تا بابەتێكی پوختی دەستبكەوێت».

عوبێد خدر گۆمەشینی سەرپەرشتیاری پەروەردەییە و لەمبارەیەوە دەڵێت: «پشتگوێخستنی پرۆگرامی كارامەیی و بەها كۆمەڵایەتییەكان پێویستی بە بڕیاری بەپەلەیە، بابەتی كارامەیی و بەها كۆمەڵایەتییەكان یەكێكە لەو كتێبانەی لە ساڵی 2018 ەوە و دواتریش وەك بابەتێكی سەرەكی و گرنگ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پرۆگرامەكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە و بە پاڵپشتی ڕێكخراوی یونسێف بۆ ناوەندەكانی خوێندن زیادكرا، ئەم كتێبە لە پۆلی یەكەم تا نۆیەمی بنەڕەتی دەخوێندرێ و بەشەوانەی تایبەتی بۆ دیاریكرا، كتێبەكە لە دوو پاكێج پێكهاتووە كتێبی قوتابی و ڕێبەری مامۆستایان بۆ وتنەوەی بابەتەكە، زۆربەی مامۆستایانی پسپۆری كۆمەڵایەتی لەلایەن ڕێكخراوی یونیسێف بۆ ماوەی 4 ڕۆژ خولی ڕاهێنانیان بۆ كرایەوە، بیرۆكەی دانانی ئەم كتێبە لە هەرسێ بابەتی (پەروەردەی مەدەنی و ماف و هاونیشتمانیبوون) تێدا ڕێكخرا، بابەتی دیكەی بۆ زیاد كرا، ئەم كتێبە لە چوار تەوەری سەرەكی پێكدێت، تەوەری هاووڵاتیبوون و تەوەری ماف و تەوەری بەهای كۆمەڵایەتی و تەوەری كارامەییەكانی ژیان لەخۆ دەگرێت، بە دیزاین و ناوەۆڕكێكی ڕەنگاو ڕەنگ و ستایلێكی سەردەمیانی و وێنەدار داڕێژراوە، من وەك ئەندامی لیژنەی ئامادەكاری‌ ئامانجی سەرەكیمان لە ئامادەكردن و دانانی ئەم كتێبە خۆی لە پێگەیاندن و فێربوونی قوتابییە بە ڕەفتار و هەڵسوكەوت و بەها جوانەكانی كۆمەڵگه، ڕەنگدانەوەی لە ژیانی ڕۆژانەیاندا، وەك بابەتی دڵسۆزی و خۆشەویستی نیشتمان و ئینتیما بۆ خێزان و كۆمەڵگە و گیانی لێبوردەیی و ئاشتیخوازی و چەند چەمكی جوان و گرنگ لەخۆ دەگرێت، بەڵام بەداخەوە لە زۆربەی ناوەندەكانی خوێندن ناخوێندرێ و گرنگی پێنادرێ، وەك بابەتێكی لاوەكی سەیر دەكرێ، ئەمەش هۆكاری زۆرە، یەكێك لەو هۆكارانە وانەكە تاقیكردنەوەی نووسینەكی تێدا نییە و قوتابی نابێت لەم بابەتە بكەوێت، ئەم بڕیارەش بۆ ئەوە بوو كە پێمانوابوو نابێت نمرە لەسەر ڕەفتار دابنرێت، هەندێك لە قوتابخانەكان لە وانەی شەشەمی دادەنێن بۆ ئەوەی نەخوێندرێ، یان وانەكە‌ دابەشی سەر مامۆستایان دەكرێت وەك وانەی تەواوكاری بەشەوانەیە، یان دراوەتە ئەو مامۆستایانەی خولی ڕاهێنانیان نەبینیوە. جگە لەوەش هەندێك لە كارگێڕیی قوتابخانەكان ڕێگە بە مامۆستای بابەت نادەن چالاكیی ناو كتێبەكە جێبەجێ بكەن، هەندێ لە قوتابخانەكان تەنانەت لە لیستی تاقیكردنەوە و هەڵسەنگاندن دانانێت وەك بابەتەكی زێدەكی سەیر دەكرێت.

ساڵانە وەزارەتی پەروەردە هەزاران دۆلار بۆ چاپكردن و تێچووی ئەم كتێبە تەرخان دەكات، كەچی لەلایەن زۆرینەی قوتابخانەكان هیچ وەرزێك بەسەر قوتابی دابەشی ناكات و لە كۆگاكان بێناز فڕێ دەدرێت، هەرچەندە بۆ ڕاگرتن و گرنگیدان بە ڕەفتار و بەها كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگە باشترین و ناوازەترین كتێبە بۆ ئەم سەردەمی كاڵبوونەوەی بەها و ڕەفتارە كۆمەڵایەتییە ڕەسەنەكانی كۆمەڵگە، بۆ كەمكردنەوە و نەهێشتنی ڕێژەی تاوان و دروستكردنی تاكێكی ڕاستگۆ و میانڕەو و دڵسۆز و لێهاتوو و بوێر، كە بتوانێ لە داهاتوودا بەرپرساریەتی كۆمەڵگە لە ئەستۆ بگرێت، ئەم چەمك و بەهایانەش هەموو بە شێوەی چالاكی و گروپ و بەشداریی ڕاستەخۆی قوتابی جێبەجێ دەكرێت، قوتابییان ‌چەقی فێربوون و ڕۆڵی سەرەكی لە گفتوگۆ و كردارەكان دەگێڕن.

بۆیە پێویستە‌ وەزارەتی پەروەردە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەزموونەكان، ڕێنمایی نوێ لەسەر ئەم بابەتە بدات و بۆ بازنەی یەكەم وەك بابەتەكانی دیكە هەڵسەنگاندنی ئاسایی هەبێت، بڕیار بدات بازنەی دووەم و سێیەم تاقیكردنەوەی نیو وەرزی و وەرزی نووسینەكی بۆ دابنرێت. ئەمەش وادەكات مامۆستایان و ستافی كارگێڕی گرنگی بە بابەتە بدەن. چیتر ئەم كتێبە پشتگوێ نەخرێت كە زۆر گرنگە بۆ ئەو ڕۆژگار و بارودۆخە ئاڵۆزەی ئێستای كۆمەڵگە پێیدا تێدەپەڕێت».

 

فەرامۆشكردنی وانەی كارامەیی و بەها كۆمەڵایەتییەكان لە قوتابخانەكاندا نیگەرانی لای پەروەردەكاران دروستكردووە
فەرامۆشكردنی وانەی كارامەیی و بەها كۆمەڵایەتییەكان لە قوتابخانەكاندا نیگەرانی لای پەروەردەكاران دروستكردووە
فەرامۆشكردنی وانەی كارامەیی و بەها كۆمەڵایەتییەكان لە قوتابخانەكاندا نیگەرانی لای پەروەردەكاران دروستكردووە
Top