د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان ، هونەری چارەسەركردنی كێشەكانی كۆمەڵگە بونیادنانەوەی متمانە و ڕاستگۆییە لە ناو گفتوگۆی كراوەدا

د.سالار عوسمان  بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و  ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان ، هونەری چارەسەركردنی كێشەكانی كۆمەڵگە بونیادنانەوەی متمانە و ڕاستگۆییە لە ناو گفتوگۆی كراوەدا

 

زمان و كەلتوور، دوو كۆڵەگە سەرەكییەكەی ناسنامەی هەر نەتەوەیەك پێك دەهێنن و، هەر «زمان»یشە بە ڕێگەی مامەڵە و دیالۆگی نێوان تاكەكانی نەتەوە بە درێژایی هەزاران ساڵ، كەلتوورێكی جیاواز بۆ نەتەوە بەرهەم دەهێنێت و، هەر ئەمەش وای كردووە، زمانە جیاوازەكانی نەتەوە، كەلتوورێكی جیاواز بەو نەتەوەیە بەرهەم دەهێنێت و هاوشانی زمان ئەم كەلتوورەش دەبێتە ناسنامەی ئەو نەتەوەیە و هاووڵاتیان شانازیی پێوە دەكەن.

هونەر بە هەموو بەشەكانیەوە «موزیك و گۆرانی، شانۆ و دراما و سینەما و نیگاركێشان و پەیكەرسازی» كە بەشێكی سەرەكیی كەلتووری ئێمەیە، ڕەنگدانەوەی متمانەی نەتەوەییمانە، كە تاكەكانی نەتەوە لە سەرتاسەری كوردستان ڕاستگۆیانە مامەڵەیان لەگەڵ كردووە و سەرەنجام شێوەیەك لە كۆدەنگیی نەتەوەیی لە ناو ئەو هونەردا دروست بووە، كە نەتەوە بە دەستەجەمعی مامەڵە لەگەڵ بەرهەمە هونەرییەكان دەكات و ناسنامەی نەتەوەیی خۆی لەناو ئەو بەرهەمە هونەرییەدا دەبینێتەوە.

بازنەی گفتوگۆ، وەك ئۆرگانێكی سەربەخۆی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕاستە تەمەنی كەمە، بەڵام خەرمانێكی گەورەی لە «هونەری چارەسەركردنی كێشەكانی كۆمەڵگە»ی لە 32 بازنەی گفتوگۆدا خستووەتە بەر دیدەی خوێنەران، لە هەمان كاتدا بەسەدان پێشنیار و ڕاسپاردەی لە بیروبۆچوونە جیاوازەكانی ناو گفتوگۆكان دروست كردووە و پێشكەشی لایەنە پەیوەندیدار و بەرپرسەكانی ئەم نیشتمانەی كردووە و، ئامانجی ئەوە بووە لەسەر بنەمای «بونیادنانەوەی متمانە و ڕاستگۆیی» میكانیزم و نەخشە ڕێگەی جیاواز بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كۆمەڵگەی خۆمان بدۆزینەوە.

لە گفتوگۆی ئەم جارەدا، كە من نامەوێت هەڵوەستە لەسەر ناوەرۆكەكەی بكەم، لەبەر ئەوەی هەر لەم ژمارەیەی گۆڤاری گوڵاندا بڵاودەبێتەوە و لە بەردەستی ئێوەدا دەبێت، چەمكی «متمانە و ڕاستگۆیی» وەك شانازییەك بۆ «بازنەی گفتوگۆ» سەرنجی ڕاكێشام. بەشداربووانی ئەم گفتوگۆیە كە هونەرمەندە دیار و گەورەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان بوون لە بوارە جیاوازەكانی «هونەری كوردی»، لە میانی دەڕبرینی بۆچوونە جیاوازەكانیان لەسەر كێشەكانی بواری هونەر، هەستێكیان پیشان داین، كە لە ناو پلاتفۆرمێك قسە دەكەن كە «متمانەیان» پێیەتی، دڵنیاییان پیشان داین، بەوەی ئەم پلاتفۆرمە بە ڕاستگۆیی مامەڵە لەگەڵ بۆچوونە جیاوازەكانیان دەكات و لە پێناوی چارەسەركردنی كێشەكانی «هونەر» پێشنیار و ڕاسپاردەی دروست بەرهەم دەهێنێت و وەك ڕاوێژكارێكی ڕاستگۆ پێشكەشی حكومەت و دامەزراوە بەرپرسەكانی ئەم نیشتمانەی دەكەن، لەمەش زیاتر ئامادەبووان خۆڕسكانە و ڕاشكاوانە لە گفتوگۆكانیاندا ئەوەیان پێ گوتین: «زۆر ناوەند و پلاتفۆرمی دیكە بانگهێشتیان كردووین، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر كێشەكانی هونەر بكەین، بەڵام نەچووین، چونكە پێشوەختە زانیومانە كەس گوێمان لێ ناگرێت، بەڵام بانگهێشتنامەی بازنەی گفتوگۆمان پەسەند كرد، چونكە متمانەمان پێیەتی و دەزانین گوێمان لێ دەگرن و ڕاستگۆیانە مامەڵە لەگەڵ كێشە و بۆچوونە جیاوازەكانمان دەكات»، لەدایكبوونی ئەم پەیڤە بەرزانە لەناو پلاتفۆرمی بازنەی گفتوگۆدا، بەتایبەتی بونیادنانەوەی «متمانە و ڕاستگۆیی‌« بەرهەمی ماندووبوون و بڕوابوونی ئەندامانی بازنەی گفتوگۆیە لەگەڵ بۆچوونە جیاوازەكان، بۆیە وەك سەرپەرشتیاری بازنەی گفتوگۆ دەستخۆشی لە ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ دەكەم و، پێیان دەڵێم: شانازییەكی گەورەتان بۆ پلاتفۆرمی بازنەی گفتوگۆ تۆمار كرد.

لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر هەڵوەستەیەكی خێرا لەسەر كۆی سێكتەرەكانی كۆمەڵگە و نەتەوە و نیشتمانی خۆمان بكەین، كە بازنەی گفتوگۆ هەتا ئێستا لەسەر 32 سێكتەری جیاواز گفتوگۆی ڕاشكاوانەی ڕێك خستووە، دەبینین ڕەگ و ڕیشەی كۆی كێشەكانی سێكتەرە جیاوازەكان‌ نەبوونی «متمانە و ڕاستگۆی»یە، ڕاشكاوانەتر بیروبۆچوونە جیاوازەكانی ناو حزبە سیاسییەكانی كوردستان لە ڕیشەوە «متمانە و ڕاستگۆیی» ناو كۆمەڵگەی كوردستانیان شێواندووە و، بەشی هەرە زۆری حزبە سیاسییەكانی كوردستان، سێكتەرە جیاوازەكانی ژیانی كۆمەڵگەیان بۆ بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتی خستووەتە پەراوێزەوە، سەكۆیەكی ئازادیان نەهێشتووەتەوە بۆ ئەوەی هێزی بێ هاوتای بیرووبۆچوونە جیاوازەكان وەك ئیرادەی نەتەوەیەكی زیندوو دەربكەوێت، كە بتوانێت «ئالنگارییەكان تێپەڕێنێت و دەرفەتەكان بقۆزرێنەوە».

بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن كە هەنگاوی بۆ دامەزراندنی ئەم پلاتفۆرمە كراوەیە بەناوی «بازنەی گفتوگۆ» هەڵگرت، ئیلهامی لە ڕێبازی بارزانی وەرگرتووە، كە هەمیشە پارتی دیموكراتی كوردستان سەكۆیەكی كراوە بووە بۆ ڕاڤەكردنی ئەم هزر و ڕێبازە، كە ئێستا سەرۆك بارزانی جەختی لەسەر دەكاتەوە، بەوەی «دەبێت خەڵكی كوردستان بە جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی و بیرۆبۆچوونی سیاسییانەوە» سەنتەری بڕیار بن بۆ بونیادنانی ئەو «كوردستانە بەهێزە»ی كە هەر هاووڵاتییەكی كوردستان هەست بە بوونی ئاسوودەیی و ژیانێكی خۆشگوزەران بكات. نەخشە ڕێگەی ئەم ئامانجە نیشتمانییە كە لە «ڕێبازی بارزانی»یەوە سەرچاوە دەگرێت،‌ ڕێنماییمان دەكات، ڕاستگۆیانە جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینی و سیاسییەكانی ئەم نیشتمانە قبووڵ بكەین، بە متمانەبوونەوە مامەڵە لەگەڵ یەكتری بكەین، بۆ ئەوەی لەناو «متمانە و ڕاستگۆیی»دا ئیرادەی بێ كۆتایی ئەم نەتەوەیە و ئەم نیشتمانە وەك خۆی دەربكەوێت.

 

Top