پاریس . . . شكۆی پێشمەرگە لە ناو دڵی خۆی دادەنێت
سەرۆك بارزانی:
پێشمەرگە ئەركێكی پیرۆزی ئەنجام داوە، ئەم ڕێزگرتنەی ئەمڕۆش گوزارشت لە ڕێزگرتن لە خەباتی پێشمەرگە و دۆستایەتیی نێوان گەلی فەرەنسا و گەلی كوردستان دەكات
ڕۆژی هەینی ڕێكەوتی 5ی ئەیلوولی 2025 بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی و خاتوو ئان هیدالگۆ سەرۆكی شارەوانیی پاریس و جەماوەرێكی زۆر كە ئامادەی ئەم ڕێوڕەسمو بوون، سەرۆك بارزانی و ئان هیدالگۆ لەگەڵ یەكێك لە پێشمەرگە كەم ئەندامە قارەمانەكانی شەڕی دژی داعش، پەردەیان لەسەر تابلۆی ئەو شەقامە لابرد، كە بۆ گەورەیی شكۆی پێشمەرگە ناوی لێنراوە: «شەقامی پێشمەرگە - l›Allée des Peshmergas».
بایەخ و گرنگیی ئەم ڕێوڕەسمە لای شارەوانیی پاریس زۆر گەورە بووە و لەو هەواڵەی پێش ئەم ڕێوڕەسمە لە پەیجی شارەوانیی پاریس بڵاو كراوەتەوە، هاتووە: «پێشمەرگە تەنیا هێزێكی سەربازیی نییە، بەڵكو سیمبولی خەباتی هەموو نەتەوەی كوردە. پێشمەرگە لە ئێستاوە لەسەر نەخشەی پاریس تۆمار كراوە، دەبێتە دیمەنێكی ناوازەی سەر ڕووباری سەین. لە زۆنی 15ی پاریس».
بێگومان ئەگەر هەڵوەستەیەك لەسەر ئەو شەقامە بكەین كە بە ناوی پێشمەرگەوە ناونراوە لە زۆنی 15ی پاریس و لەناو پاركی «ئۆندری ستێرن» كە یەكێكە لە ناوچە گرنگەكانی پاریس، ئەمە دەرخەری ئەو شكۆ گەورەیەی پێشمەرگەیە كە فەرەنسا بەرز نرخاندوویەتی، هەر بۆیە كاتێك خاتوو ئان هیدالگۆ سەرۆكی شارەوانیی پاریس لە ڕێوڕەسمەكەدا گوتی: «ئەمڕۆ شەقامێكمان لە زۆنی 15ی پاریس بە فەرمی بە ناوی «پێشمەرگە» كردەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی برایەتی و دۆستایەتی نێوانمانە لەگەڵ كورد و پێشمەرگە». ئەم چەند وشەیەی سەرۆكی شارەوانیی پاریس پیشاندانی كۆمەڵێك هێمایە بۆ گەورەیی ناوی پێشمەرگە كە جیا لە ئاماژەكردنی بە شوێنی شەقامەكە كە (زۆنی 15)یە و یەكێكە لەناوچە گرنگەكانی پاریس، لە هەمان كاتدا جەختی لەوە كردەوە كە «ئەم بۆنەیە ڕەنگدانەوەی برایەتی و دۆستایەتی نێوانمانە لەگەڵ گەلی كورد و پێشمەرگە». لێرەدا سەرۆكی شارەوانیی پاریس ڕاشكاوانە جەخت لەوە دەكاتەوە، كە ئامانجی ئەم ڕێزگرتنە لە شكۆی پێشمەرگە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی فەرەنسایە لەگەڵ هەرێمی كوردستان و گەلی كورد بەگشتی، هەروەها خواستی خۆی بەو ئاراستەیە خستەڕوو كە دەخوازێت ئەم دۆستایەتییە دوولایەنە بێت و گەلی فەرەنساش بە تەواوی ئاگاداری ئەو خۆشەویستی و دۆستایەتیەی گەلی كورد بێت.
هێماكانی پێشمەرگە لەسەر ڕووباری سەین
بۆ گەل و حكومەتی فەرەنسا
سەرۆكی شارەوانیی پاریس لە پەیامەكەیدا گوتی: «پێشمەرگە و كورد دووانەیەكی پێكەوە گرێدراون و لێك جیانابنەوە، كوردو پێشمەرگە ئامانجیان (سەربەخۆیی، ئازادی، بەدەستهێنانی مافەكانیانە). ئەوەی وایكرد كە ئێمە وەك گەلی فەرەنسا خۆشەویستیمان بۆ گەلی كورد زیاتر بێت، ئەوەیە كە ئێمە هەرگیز لە بیری ناكەین، كە چۆن لەشەڕی دژی تیرۆریستانی داعش داكۆكیتان لە ئازادیی ئێمە كرد. ڕۆژی 13ی ئەیلوولی داهاتوو، ساڵڕۆژی هێرشە تیرۆریستییەكەی پاریسە و هیوادارین سەرۆك بارزانی بتوانێت لێرە لە فەرەنسا لەگەڵمان ئامادە بێت، كە سەرۆك ماكرۆنیش لەو بۆنەیە ئامادە دەبێت. بەبێ ئێوە نەماندەتوانی ئەمڕۆژە ببینین كە پێكەوە لێرەین».
ئەگەر بە وردی هەڵوەستە لەسەر ئەو وشانە بكەین، كە سەرۆكی شارەوانیی پاریس لە وتارەكەیدا بەكاری هێناون، دەبینین پەیامەكەی هێندەی ڕووی لەگەلی فەرەنسایە، هێندە ڕووی لە گەلی كوردستان نییە و، مەبەستێتی بە گەلی فەرەنسا بڵێت: «كورد واتە پێشمەرگە و پێشمەرگە واتە كورد، پێكەوە دەبنە چەمكەكانی «ئازادی، مرۆڤایەتی، یەكسانی»، كە ئەم سێ چەمكە بەرجەستەی دروشمە مەزنەكەی شۆڕشی فەرەنسا دەكات، كە دواتر لە ساڵی 1798 بۆ یەكەمین جار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا «مافەكانی مرۆڤ» ڕاگەیەندرا، لەم چوارچێوەیەدا «كورد و پێشمەرگە» دەبێت وەك پارێزەری مافەكانی مرۆڤ لە قەڵەم بدرێن و ئەگەر ئیرادەی كورد و پێشمەرگە ئەفسانەی تیرۆریستانی داعشی تێكنەشكاندایە، ئەوە ئەمڕۆ ئێمە نەماندەتوانی پێكەوە لێرە كۆبینەوە و لەم ڕێوڕەسمە مێژووییەدا پەردە لەسەر ئەو تابلۆیە لابدەین، كە شكۆ و ناوی پێشمەرگەی هەڵگرتووە، لەمەش زیاتر كاتێك داوا لەسەرۆك بارزانی دەكات، كە تا ڕۆژی 13ی ئەیلوول لە فەرەنسا بمێنێتەوە و لەگەڵ سەرۆك ماكرۆن بەشداری لە ساڵڕۆژی هێرشە تیرۆریستیەكەی پاریس بكات، ئەمەش هێمایە بۆ ئەوەی كە داوا لە سەرۆك بارزانی دەكات وەك ڕابەر و پێشمەرگەیەك كە خەباتی بۆ ئازادی مرۆڤایەتی كردووە، لەو ڕێوڕەسمە نیشتمانییە لەگەڵ گەلی فەرەنسا ئامادە بێت، ئەمەش مانای ئەوەیە فەرەنسای خاوەن شۆڕشی مرۆڤایەتی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە بەهای هاوبەش هەردوو گەلی فەرەنسی و كوردستان پێكەوە كۆدەكاتەوە.
سەرۆك بارزانی لە وتارەكەیدا وەك پیشاندانی وەفاداریی گەلی كوردستان بۆ دۆستەكانی لە ڕۆژە سەختەكانی خەباتی ڕزگاریخوازی كوردستاندا بە گەلی فەرەنسای ڕاگەیاند: «جێگەی خۆشحاڵییە كە هەڵوێستی فەرەنسا بەرانبەر بە دۆزی كورد نەگۆڕاوە، هەر چەند لەم وڵاتە چەندین سەرۆك گۆڕان، بەڵام هەڵوێستیان بەرانبەر كورد نەگۆڕا. فرانسۆ میتران یەكەم سەرۆكی دەوڵەتێكی ئەوروپی بوو كە لە ساڵی 1992 پێشوازی لێكردم و ئەمەش مایەی شانازی و سەربەرزییە بۆ من، دانیاڵ میتران یەكەم خانمی ئەوروپی بوو فرمێسكی بۆ قوربانیانی گەلی كوردستان ڕشت . هەرگیز ئەو هەڵوێستەیان لە بیر ناكەین».
پیشاندانی وەفاداریی گەلی كورد بۆ هەڵوێستەكانی حكومەت و گەلی فەرەنسا هەر لەسەردەمی شارل دیگۆل و مستەفا بارزانی و هەروەها لە سەردەمی فرانسۆ میترانەوە لەگەڵ سەرۆك بارزانی، پەیامێكە سەرۆك بارزانی دەیەوێت بە هەموو گەلی فەرەنسا بڵێت: ئێمە بەرانبەر بە دۆستەكانمان وەفادارین و هەرگیز ئەو هەڵوێستانەیان لە بیر ناكەین، كە لە ڕۆژە سەختەكاندا دەستی برایەتی و هاوكارییان بۆ درێژ كردووین، هەروەها حكومەتی فەرەنسا باش دەزانێت، ئێستا شەقامێكی گەورە لە هەولێری پایتەخت بە ناوی «فرانسۆ میتران»ـە هەروەها لەناو هەموو گەلی كوردستانیش خاتوو دانیال میتران وەك «دایكی كورد» نازناوی وەرگرتووە. سەرۆك بارزانی وەك پێشمەرگەیەك لەم ڕۆژە مێژووییەدا كە پەردە لادانە لەسەر تابلۆی شەقامێك بە ناوی پێشمەرگە لەناو پایتەختێكی گەورە و بەناوبانگی وەك پاریس لەسەر ئاستی جیهان، جارێكی دیكە بە گەلی فەرەنسا دەڵێت: بۆ ئەم ڕێزگرتنە گەورەیەش لە شكۆی پێشمەرگە وەفادار دەبین، لەبەر ئەوەی دەزانین ناونانی شەقامێك بەناوی «پێشمەرگە» لە پایتەختێكی گەورەی وەك پاریس، تەنیا كارێكی سادەی دیپلۆماسی نییە، بەڵكو ددانپێدانانێكی قووڵ و هێمایەكی بەهێزە بۆ خەبات و قوربانییەكانی گەلی كورد. بۆ میللەتێك كە بۆ ماوەیەكی درێژ لە هەوڵدا بووە بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی و ناساندنی دۆزەكەی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ئەمە بە ڕاستی دەبێتە خاڵێكی وەرچەرخان و تۆمار دەكرێت لە لاپەڕە زێڕینەكانی مێژوودا. ئەمە جێگەی شانازییەكی نەتەوەییە، چونكە نیشانی دەدات، كە گەلی كوردستان، بە تایبەت هێزی پێشمەرگە، لەسەر ئاستی جیهانی ڕێزی لێدەگیرێت و بە شایستە دادەنرێت بۆ ئەم جۆرە ڕێزلێنانە.
پاریس وەك شارێكی بەناوبانگی گەشتیاری و دیپلۆماتی، ساڵانە بە دەیان و سەدان ملیۆن گەشتیار لە سەرانسەری جیهان سەردانی دەكەن و ساڵانە بە دەیان و سەدان كۆنفڕانس و كۆبوونەوەی جیهانی تێدا ئەنجام دەدرێت، بۆیە ناونانی شەقامێك بە ناوی « پێشمەرگە» لەم پایتەختە گەورەیە، دەبێتە هێمایەك بۆ شكۆی پێشمەرگە كە لەسەر زەوی لەبەرەكانی شەڕ لەبری هەموو جیهان شەڕ لە دژی تیرۆریستان دەكات و ئاشتی و ئاسایشی جیهان دەپارێزێت.
لە ئەیلوولی 1961 ـەوە بۆ ئەیلوولی 2025
پێشمەرگە لە سیمبولی مقاوەمەی نەتەوەیەكەوە بۆ سیمبولی پارێزەری مرۆڤایەتی لە جیهاندا
لە 11ی ئەیلوولی 2001 كاتێك تیرۆریستانی ڕێكخراوی ئەلقاعیدە هێرشیان كردە سەر هەردوو باڵاخانەی سەنتەری بارزگانیی جیهانی لە نیویۆرك، سەرۆك جۆرج دەبلیو بوش هەموو دەوڵەتانی جیهانی خستە بەردەم دوو بژارە: «ئایا لەگەڵ ئێمە دەبن، یان لەگەڵ تیرۆریستان دەبن؟» تەنیا سەرۆك لەم جیهانەدا كە زۆر بە لۆژیكانە وەڵامی سەرۆكی ئەمریكای دایەوە، سەرۆك مسعود بارزانی بوو، كاتێك بە بۆنەی ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوولەوە پەیامێكی دا و گوتی: «ئێمە وەك گەلی كوردستان لە 11ی ئەیلوولی ساڵی 1961 ـەوە خەباتی خۆمان دژی تیرۆریستان ڕاگەیاندووە»، ئەمەش مانای ئەوەیە لەدوای هەڵگیرساندنی شۆڕش لە 11ی ئەیلوول لە ساڵی 1961 ڕژێمە یەك لە دوا یەكەكانی عێراق جیا لە پیادەكردنی تیرۆری دەوڵەتی دژی گەلی كوردستان و بەكارهێنانی چەكی كۆمەڵكوژی قەدەغەكراوی نێودەوڵەتی دژی گەلی كوردستان، هەوڵی تیرۆركردنی شەخسی مستەفا بارزانی درا، بەڵام جەنابیان ڕەتی كردەوە كە تیرۆر بە توندوتیژی و كاری تیرۆریستی وەڵام بدرێتەوە و، ڕێگەی نەدا ناو و شكۆی كورد و پێشمەرگە تێكەڵاوی كاری توندوتیژی و تیرۆر بێت، كە ئەم ڕاستیە دەیان ڕۆژنامەنووسی فەرەنسی لە شۆڕشی ئەیلوولدا بینیویانە و تۆماریان كردووە و بە كتێب بڵاویان كردووەتەوە بە تایبەتی هەردوو ڕۆژنامەنووسی گەورەی فەرەنسی «كریس كۆچێرا و فرانسۆ زاڤی لاڤا».
ئەم شكۆ پیرۆزەی كورد و پێشمەرگە لە شۆڕشی گوڵاندا سەرۆك بارزانی پاراستی، ڕاستە لە ماوەی شۆڕشی گوڵاندا ڕەفتارەكانی ڕژێمی بەعس و سەدام سنووری تیرۆریستانی تێپەڕاند و گەیشتە ئەنفال و جینۆساید و بەكارهێنانی چەكی كیمیاویی، بەڵام سەرۆك بارزانی دوای ڕاپەرینە شكۆدارەكەی گەلی كوردستان لە بەهاری 1991 وەك سەرۆكی بەرەی كوردستانی فەرمانی دا، هیچ كەسێك نابێت سەربازێكی سوپای عێراق ئەزیەت بدات و هەموویان وەك میوان مامەڵەیان لەگەڵ بكرێن و هاوكاری بكرێن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناو كەس و كاری خۆیان.
لە حوزەیرانی 2014 كاتێك تیرۆریستانی داعش لە مووسڵەوە خەلافەتی ئیسلامیان لە بەشێكی عێراق و سووریا ڕاگەیاند، هیچ بیرمەند و ستراتیژزانێكی ئەم جیهانە لەو بڕوایەدا نەبوو كە هەرێمی كوردستان كە لە هەندێك شوێن تەنیا 5-10 كیلۆمەتر لە تیرۆریستانی داعش دوور بوو، بتوانێت خۆی ڕابگرێت، بەتایبەتی كە ئەو چەكانەی تیرۆریستانی داعش لە هەردوو سوپای عێراق و سووریا كەوتبووە دەستیان، بە لە زیاتر لە 30 ملیار دۆلار چەكی پێشكەوتوو لەقەڵەم دەدەران و لە بەرانبەردا هێزی پێشمەرگەی كوردستان بێجگە لە چەكی سادە و كۆنی ساڵانی هەشتاكانی ڕابردوو هیچ چەكێكی دیكەی لەبەردەست نەبوو، بەڵام هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە ڕابەرایەتیی سەرۆك بارزانی ئەوەی بۆ جیهان سەلماند، كە گەلێك بڕوای بە ئازادی و سەربەخۆیی هەبێت، ئەوا تیرۆریستان ناتوانن چۆكی پێ دابدەن، ئەم هەڵوێستەی سەرۆك بارزانی و ئەو قارەمانیەتییەی هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش پیشانی دا، جیهانی سەرسام كرد، تەنانەت لە ئەیلوولی 2014 سەرۆك فرانسۆ هۆلاند خۆی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دابەزی و دوای ئەوەی سەری ڕێز و نەوازشی بۆ ئاڵای كوردستان دانەواند، لەگەڵ سەرۆك بارزانی پێكەوە سەردانی بەرەكانی شەڕیان كرد.
فەرەنسا لەم ڕێزگرتنەی بۆ شكۆی پێشمەرگە لەناو جەرگەی پاریس دەیەوێت بە جێهان بڵێت: «پێشمەرگە تەنیا جەنگاوەر، یان هێزێكی سەربازی نییە، بەڵكو هێمایە بۆ ئازادی و مرۆڤایەتی و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و ئەو پێشمەرگەی ئەمڕۆ لەگەڵمانە لێرە و ناوی (سەرۆك بارزانی)یە خۆی وەك پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕ بووە و بەرگری لە ئازادی و مرۆڤایەتی كردووە، بۆیە دەبێت جیهان لە مانا و چەمكی پێشمەرگە تێبگات و بزانێت كە كورد و پێشمەرگە لەگەڵ ئازادی و مرۆڤایەتی بوونەتە جمك و لە یەكتری جیا ناكرێنەوە.
