حەمە كەریم عارف، نووسەر و ڕۆماننووس – سلێمانی زمان كاتێك دەوڵەمەند دەبێت كە خاوەنی هەبێ و خاوەندارێتی بكرێت
زمان بۆ میللەتێكی بندەستی وەكو ئێمە كە دەوڵەتمان نییە، قەوارەیەكی سیاسیی زۆر گرنگە، دەبێت بایەخێكی یەكجار زۆری پێ بدرێت، چونكە لە دەرەوەی زمان هیچ شتێكی دی نییە. هەر زمان خۆی لەخۆیدا گرنگترین داهێنانی مرۆیی بووە لە مێژووی خۆیدا. زمان بوونێكی مەعنەوی و كۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و مرۆیی گەورەی خۆتە. پێم سەیرە لە قوتابخانە ئەهلییەكانمان بەتایبەتی ئەوانەی قوتابی بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی دەخوێنێت، بایەخ بە زمانی كوردی نەدراوە. ناكرێت تەنیا لە پێناو كاروكاسبی و كۆمپانیابازی زمانی دایكیی میللەتەكە فەرامۆش بكرێت و ڕوو لە زمانی بیانی و بەتایبەتی ئینگلیزی بكرێت. زمان كە پێی نەنووسرا و پێی نەخوێندرایەوە و بایەخی پێ نەدرا و نەبوو بە زمانی ژیان و نان و دەستكەوتی ڕۆشنبیری و هزری و فەلسەفی و ئەدەبی، ئەوا بۆ خۆی دەبێتە فۆلكلۆرێك و وردە وردە لە بیر دەچێتەوە. من پێم سەیرە كوردێك كە وەكو ژمارە گەورەترین میللەتی بێ دەوڵەتە، باوكێك، یان دایكێك، یان مامۆستایەك شانازی بە منداڵەكەیەوە بكات كە بە ئاشكرا بڵێت منداڵەكەی من ئەوەندەی ئینگلیزی دەزانێت، ئەوەندە كوردی نازانێت. ئەوە مایەی شانازی نییە و مایەی شەرمەزارییە، كە زمانی دایكیی خۆت نەزانی، هەرگیز ناتوانی ببیت بە كەسێكی نەتەوەپەروەر و خاكپەروەری ئەوتۆ كە خێر بۆ وڵاتی خۆت بدەیتەوە.
لەم ڕوانگەیەوە ئەركی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵایە لە هەرێمی كوردستان، پێش ئەوەی ئەم هەموو كاسبی و كۆمپانیایە بە ناوی قوتابخانە و زانكۆی ئەهلییەوە بكرێنەوە، زیاتر بایەخ بە قوتابخانە حكوومییەكان بدەن. ئەو زمانە ئینگلیزییەی لە قوتابخانە ئەهلییەكان دەخوێندرێن، دەتوانرێت هەمان زمان بە زمانی كوردییشەوە لە قوتابخانە حكوومییەكان بخوێندرێت، چونكە تۆ ئەگەر زمانی دایكی خۆت و نەتەوەی خۆت نەزانی، بە ئاسانی فێری زمانی بێگانەكەش نابیت. گرنگیدان بە زمانی بێگانە و پەراوێزخستنی زمانی كوردی لە خۆبەكەم زانینەوە هاتووە. بۆیە سیاسەتمەداران و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەبێت ئەوەیان لەبیر بێت كەوا ئێمە كیانێكی سیاسیی دەوڵەتداریی ئیعترافپێكراومان نییە. بەدیلی ئەم دەوڵەتە بریتییە لە قەوارەیەكی زمانەوانی، زمان ڕەنگە فەراغی غیابی دەوڵەتی كوردییمان بۆ ماوەیەك بۆ قۆناغێك بۆ پڕ بكاتەوە. هیچ زمانێك لە ناوەڕۆكدا هەژار یان دەوڵەمەند نییە. زمان كاتێك دەوڵەمەند دەبێت كە خاوەنی هەبێت و خاوەندارێتی بكرێت، بەڵام كە خاوەنی نەبێت و خاوەندارێتی نەكرێت، دیارە ئەو زمانە لە ناوچەیەكی بەرتەسكدا دەمێنێتەوە. ئێمە ئێستا دەبێت ئەوەندە هۆشیار بین، ئیش بۆ زمانێك بكەین و بە زمانێك بدوێین لە تێگەیشتنی زۆربەی هەرە زۆری خەڵكی كوردە و لە جوگرافیای كوردەوە نزیك بێت، مەبەست كوردی هەموو پارچەكانی كوردستانە. دەكرێت لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە كار بۆ زمانێكی ستانداردی ئەوتۆ بكەین، كە لە تێگەیشتنی زۆربەی هەرە زۆری میللەتی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان نزیك بێت. ئەمە بۆخۆی قەوارە زمانەوانییەكەت بۆ دروست دەكاتەوە. قەوارە زمانەوانییەكە بۆ خۆی ڕێخۆشكەرە بۆ دروستكردنی قەوارە سیاسییەكە. ئەم كەموكووڕییە لە گرنگیدان بە زمانی دایكی هەڵەی خەڵكی ڕۆشنبیر نییە، هێندەی بەرپرسیارێتی حكومەتە. بە ئاشكرا لە كەرتەكانی گەشتوگوزار و بازرگانی و كرێكارانی بیانی و ئەو پشێوی و بێسەروبەرییە دەبینین كە ڕووبەڕووی زمانی كوردی كراوەتەوە، بە لێشاو خەڵكانێك دێنە ئەم وڵاتەوە كە زمانی كوردی نازانن و حكومەتیش پێش ئەوەی بیانخاتە بازاڕەوە، خولی فێربوونی زمانی كوردییان بۆ ناكاتە مەرج، كاتێك كرێكارێك زمانی كوردی نەبێتە زمانی بژێوی و نان پەیداكردنی، پێم ناڵێیت چۆن فێری زمانی وڵاتەكەت دەبێت؟
