یادی بەخێر
ئەحمەد سالار
«پاشنیوەڕۆیەكی هاوین لەگەڵ كاك «هونەر»ی كوڕما بۆ ماڵی دكتۆر كەمال مەزهەر بەڕێكەوتین، مەبەستم بوو پرسیارێكی مێژوویی لە خزمەتیان بكەم، دكتۆر دۆست و عەزیزم بوو، هەر كارێكی شانۆییم ببردایە بۆ شاری بەغدا، ئەو یەكێك بوو لە بینەرانم.»
بەخێرهاتنێكی كوردانەی گەرم و گوڕی لێكردین، هونەری كوڕمم پێی ناساند، فەرمووی لە خۆت قۆزترە.
دكتۆر مەزهەر ئەفەندی باوكی و حەپسەخانی دایكی هەردووكیان پوورزای دایكم بوون.
دیار بوو هاوسەرەكەی تەندروستیی باش نەبوو، بۆیە بە دەستی پیرۆزی خۆی ساردیی بۆ هێناین.
پاش چەند و چۆنی سەبارەت بە بارودۆخەكە، هاتمە سەر باس و مەبەست.
ئەوە كاك شێركۆ بێكەس یادی بەخێر.
باشە كاك سالار تۆ شانۆییت لەسەر چەندین شاعیر نووسیوە، بۆ لەسەر بێكەسی باوكیشم شتێ نانووسی؟
بەسەرچاو، جگە لەوەی لە پۆلی یەكەمی سەرەتاییەوە لەگەڵ باوكم قوتابی بوو،
ئەو دەمەش كە بۆ سۆراغی باوكی بێكەس لەگەڵ دایك و كاك و تایەری برایدا ڕوویان لە بەغدا كردبوو، لەوێ دایكیشی چووبووە بەر دلۆڤانیی خودا، بۆیە خێرخوازان دەیانبەنە ماڵی (حاجی عەلی ئاغا) كە هاوسەرەكەی پووری باوكم بوو.
بەهەر حاڵ كاك (شێركۆ)ش گەلێك سەرنجی وردی لەسەر بێكەسی دامێ. لە ژیانی ئەو شاعیرەدا چەند خاڵێكی گرنگ هەبوو، وەك ئەو ڕۆژەی گردی (مامەیارە) كە شیعری (بیست و حەوت ساڵەی) بە ڕووی (ئەرموكرا)خوێندەوە
و پاشان شەڕی بەردەركی سەرای ساڵی 1930 سلێمانی.
وتم: دكتۆر هاتوم ڕێنماییم بكەی سەبارەت بە ڕۆژی شەشی ئەیلول. فەرموی: «كاكە سالار ڕەش نییە بەڵكو گەشە. چونكە یەكەم جار بوو لە مێژووی نزیكی گەلی كورد دا بزوتنەوەیەكی ئەوتۆ لە شاردا ببێت و ڕۆشنبیرانی گەلەكەمان بەشداری تێیدا بكەن، بۆیە بە خاڵێكی پڕشنگدار دادەنرێ».
باسی زۆر شتی ئەو دەمەی بۆ گێڕاینەوە لە باسی (ڕەشوڵ)و گەلێ شتی دیكە. گێڕایەوە ئێوارەیەك باوكم پێی وتم لەو سەر كە هاتیتەوە كاك ڕەشوڵ لەگەڵ خۆت بێنەرەوە ماڵێ، دیار بوو باوكم چەند میوانێكی هەبوو حەزی دەكرد بە دەنگی ئەو هونەرمەندە دانیشتنەكە جوانتر و خۆشتر بكات، وتم بەڵێ ئەمر دەكەیت».
ئەو كاتە پیاوانی شار كەسە دیارەكان، یان لە دوكانەكەی حەمەسەعی خەیات دائەنیشتن، یان لەبەردەم ئەو دوكانەدا. كاك (ڕەشوڵ)یش لەوێ وەستا بوو، وا ڕێككەوت كاك «قادر»ی گۆرانیبێژ یادی بەخێر، لەوێ ڕاوەستا، بوو منیش سڵاوم لێكرد و پێم گوت: باوكم حەز ئەكات بێیتە ماڵی ئێمە، دیار بوو بە باشی گوێی لە ناوی كاك «ڕەشید»ـەكە نەبوو، بۆیە لەگەڵم هات و چوینە ماڵەوە، باوكم دڵی نەهات بڵێ مەبەستمان تۆ نەبوو، ئەویش لە بری كاك ڕەشوڵ دەنگی تێ هەڵژی:
گوڵی سەربەستی مردە ئەو گەلەی بگاتە دەستی.
دەسا یادت بەخێر كاك قادری حاجی حوسێن.
هاتینەوە سەر باسی شەشی ئەیلوولی گەش، شاعیرانی شارەكە بە دڵ بەشدارییان لەو ڕاپەڕینەدا كرد و ئەوە گۆرانی مەزن:
بڵێن بەو بووكی تازەی یەك شەوەم گەر هاتە سەرنەعشم
نەڵێ خۆی بۆ وەتەن كوشت و لە ڕێی عەشقی منا نەژیا
وەزیفەم بوو لە پێناوی وڵاتێكا سەرم بەخشم
ئەتۆی پەروەردە كرد بۆ من لە داوێنی چیا و كەژیا
هەر بۆ ئەو بۆنەیە یادی بەخێر شاعیری نەتەوایەتی «كامل ژیر» شێعرێكی دانسقەی بە ئیمتیازی بۆ شەهید (عەولە سیس)ی وتووە، كە گوڕوتین و هەڵچووی ڕاپەڕینەكەی تیا نەخشاندووە، بەڵام جێگەی تێڕامانە بۆچی وەكو پێویست لەسەری نەدوێنراوە.
