سەرباز مووسا ئەندازیاری كارەبا   كارەبا پرسێكی نیشتمانییە ناكرێت وەك كێشەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات مامەڵەی لەگەڵ بكرێت

سەرباز مووسا  ئەندازیاری كارەبا     كارەبا پرسێكی نیشتمانییە  ناكرێت وەك كێشەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات  مامەڵەی لەگەڵ بكرێت

 

 كێشەی كارەبا بە یەكێك لەو كێشە ئاڵۆز و كۆنانە دادەنرێت كە لەگەڵ دامەزرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە تاكو ئەمڕۆ بەردەوامی هەیە. لە ئێستادا ترووسكاییەك ئومێد دەركەوتووە، بەوەی ئەم كێشەیە چیتر بەردەوام نەبێت و ڕوو لە چارەسەركردن بكات. ئەو سەردەم و قۆناغانەی هەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕ بووە، بەتایبەتی لەكاتی گەمارۆی نێودەوڵەتی و دواتر پشێوی و شەڕی ناوخۆ و بڕینی بوودجەی هەرێمی كوردستان و چەندین كێشەی دیكەی ئابووری و دارایی وای كردووە، نەتوانرێت ژێرخانێكی بەهێزی كارەبا لە هەرێمی كوردستاندا بونیاد بنرێت.

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، بەتایبەتی لە ساڵانی 2006 و 2007 بڕە پارەیەكی زۆر لە بەغداوە دەنێردرایە هەرێمی كوردستان و تاكو 2013 ئەو سەردەمەی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەوتی دەفرۆشت، بڕە پارەیەكی زۆر دەست حكومەتی هەرێمی كوردستان كەوت، كە جێگای داخە نەتوانرا ژێرخانێكی ئابووریی باش و سێكتەرێكی پێشكەوتووی دابەشكردنی كارەبا دابمەزرێت. من دەزانم چەندین پڕۆژەی وێستگەی كارەبا و تۆڕی كارەبای پاڵەپەستۆی بەرز دامەزرا و كارەبا گەیەندرایە گوندەكان و جووڵەیەك بە سێكتەرەكانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشكردنی كارەبا كرا، بەڵام ئەمەش بەراورد بە هەڵكشانی خواست و زۆربوونی ژمارەی هاوبەشانی كارەبا لە سەرجەم پۆلەكانی ماڵان و بازرگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵی و میری كە وایان كرد، زیادبوونی بەرهەمهێنانی كارەبا نەگاتە هەڵكشانی پێوانەی خواستی كارەبا، ئەوە بوو ناوبەناو دۆخی كارەبا لە هەندێك حاڵەتدا باش دەبوو، كە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەكار دەهێنرا، بەڵام دواتر كێشەكە بە چارەسەرنەكراویی ماوەتەوە و بە خراپ بەسەر حكومەتدا شكێنراوەتەوە، لەولاشەوە حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان وەكو بانگەشەی ئیعلامی و هەڵبژاردن سوودیان لە خراپیی ڕەوشی كارەبا و ناڕەزایەتیی خەڵك وەرگرتووە، بەم شێوەیە خراپیی بارودۆخی كارەبا و چارەسەرنەكردنی ئەم كێشەیە ئەوەندەی بووەتە ماددەیەكی ئیعلامی و بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و دژی ئەو هێز و حزبانەی كە لە حوكمڕانیدان بەكار هێنراوە، ئەوەندە بۆ چارەسەركردن و خزمەتكردنی هاووڵاتی بەكار نەهێنراوە.

لە ئێستادا چارەسەری ئەم كێشەیە و جێبەجێكردنی پڕۆژەی ڕووناكی بۆ گەیشتن بە كارەبایەكی 24 كاتژمێری بووەتە بابەتێكی ڕۆژ و قسە و باسێكی زۆری لەسەر دەكرێت، بەتایبەتی نرخی كرێی كیلۆواتێك بۆ هاوبەشانی كارەبا، بێ ئەوەی ئەو كەس و لایەنانەی كە دژی ئەم پڕۆژەیە ڕاوەستاون، شارەزاییان لە كارەبا و نرخ و تێچوونی هەبێت. ئەوان بێ دیراسەت و شارەزایی نایانەوێت چارەسەرەكە بە ئاقارێكدا ببرێت كە لە هەموو دنیا بەم شێوەیە چارەسەر كراوە، تەنیا هەڵە لەم بابەتەدا ئەوە بوو كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تەنیشت ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێكی دیكەی بنایە بۆ كەمكردنەوەی سوودوەرگرتن بۆ خۆگەرمكردنەوە و ئاوگەرمكردن لە ڕێگەی دابینكردنی غاز، بەتایبەتی كە ژێرخانێكی باشی غازمان هەیە، بۆیە بە بڕوای من بێ پڕۆژەی دابینكردنی غاز بۆ خۆگەرمكردنەوە و ئاوگەرمگرتن زەحمەتە هاووڵاتیان بتوانن لە پڕۆژەی ڕووناكیدا بڕە كارەبایەكی كەمتر لەجاران بەكار بهێنن.

 

 

Top