مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، به‌ بۆنه‌ی ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌

 مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، به‌ بۆنه‌ی ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌
مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، به‌ بۆنه‌ی ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ به‌یاننامه‌یه‌کی بڵاو کرده‌وه‌


له‌ ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ و شه‌هید بوونی 5 هه‌زار هاوڵاتی کوردستان، مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان به‌یاننامه‌یه‌کی بڵاو کرده‌وه‌.



ده‌قی به‌یاننامه‌که‌ی مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌یه‌:



خانەوادەی خۆڕاگری شە‌هیدانی هەڵەبجە
كەسوكاری سەربە‌رزی شەهیدانی گەلی كوردستان
هاوڵاتیانی خۆشەویست

ساڵیادی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە بە گازی ژەهراوی و چەكی كۆمەڵكوژی قەدەغەكراوی نێودەوڵەتی، تەنیا بۆنەیەك نییە بۆ یادكردنەوە و زامێك نییە هەموو ساڵێك لە 16 ی ئاداردا سوێ بكاتەوە بە دڵماندا، بەڵكو مێژوویەكە بۆ دووپاتكردنەوەی نیشتمانپەروەریی و خۆڕاگری و سەلماندنەوەی رەوایەتی مافەكانی نەتەوەیەك كە دلێرانە رووبەڕووی دڕندەترین رژێمی سەركوتكار بۆتەوە و لەپێناو ئازادی و سەرفرازیدا جەنگاوە و قوربانی بێشووماری داوە و هیچ زوڵم و زۆرێك چۆكی پێدانەداوە و ئەو سەركەوتووە و دوژمنەكانی شكستیان خواردووە.
پرۆسەی شەهیدكردنی هەڵەبجە، تا ئەو كاتەی فیكر و سیاسەتی شۆفێنی بمێنێ و بەرگی جۆراوجۆر بپۆشێ، هەڕەشەیەكە هەمیشە خۆی دووبارە دەكاتەوە و لەبەرامبەریدا بەرەنگاربوونەوە و یەكڕیزی گەلەكەمان دەكاتە ئەركی نیشتمانی هەمووان و تا ئەمڕۆش ئەوە راستییەكی حاشاهەڵنەگرە و قابیل بە فەرامۆشی نییە.
هەرچەندە كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و ئەنفال و هەموو تاوانەكانی رژێمی بەعس دەرهەق بەگەلەكەمان وەكوو تاوانی دژە مرۆڤایەتی و جینۆساید ناسران و سەددامی دیكتاتۆر و سەرانی رژێمە شۆفینییەكەی بەسزای رەوا گەیەنران، بەڵام هێشتا گەلی كوردستان و دەستكەوتەكانی رووبەڕوون لەگەڵ ئەو سیاسەتانەدا كە لە هەمان سەرچاوەی فیكرییەوە سەردەردەكەن و ئەم هەرێمە فیدراڵ و ئارام و پێشكەوتووە بە گەلی كوردستان بە رەوا نابینن. ئەگەرچی دەستی چەپەڵ و دوژمنكارانەی ئەو ناحەزانە ناگاتە هەرێمەكەمان و هەرچی هەوڵێكیش كە پێشتر داویانە شكستی خواردووە، بەڵام لەم قۆناغەدا هەموو تواناكانیان چڕ كردۆتەوە لە دژی كەركووك و ناوچە دابڕێنراوەكان و بەردەوام خەریكی جموجوڵی دوژمنكارانە و تیرۆریستانەن. لەناو پرۆسەی سیاسی عێراقیشدا خەریكی پیلانگێڕانن لەدژی بنەما دیموكراسییەكانی دەستووری عێراق و ماددەی 140 و هەموو ئەو بڕگە و ماددە دەستوورییانەی فیدراڵییەت و ئازادییەكان و پێشكەوتنی سیاسی و كۆمەڵایەتی فەراهەم و مسۆگەر دەكەن.
ئەو كاتەی شاری هەڵەبجە كەوتە بە‌ر پەلاماری وەحشیانەی رژێمی بەعس و بە گازی ژەهراوی پێنج هەزار مرۆڤی لە دانیشتوانی ئەو شارە شەهیدكرد و بە هەزارانیشی بریندار كرد و تا ئێستاش بە دەست ئاسەوارەكانییەوە دەناڵێنن، سەردەمێك بوو كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ئاستی تاوانەكانی ئەو رژێمە بەرامبەر گەلەكەمان چاوی خۆی نوقاندبوو، گوێی خۆی داخستبوو، ویژدانی خۆی وەلاوە نابوو. بەڵام ئەمڕۆ لە سایەی پێشكەوتنی ئەزموونی حوكمڕانی خۆماڵی و پەرەسەندنی بوارە جیاجیاكانی ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری هەرێمەكەمان و ئەو رۆڵەی سەركردایەتی سیاسیمان لە سەرلەنوێ بنیادنانەوەی عێراقی نوێدا دەیگێڕێ، هەڵوێستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە هەمبەر ئێمە رووی لە وەرچانی پۆزەتیڤە، ئێمەش لای خۆمانەوە پێویستە بەشداری گشتگیرانە بكەین لە پرۆسەیەكی چاكسازیی گشتی و هەمەلایەنە و پتەوكردنی هەرچی زیاتری كۆڵەگەكانی سستمی سیاسی دیموكراتی و فراوانكردنی بنكەی ئازادییەكان و پاكژكردنەوەی ئەزموونەكەمان لە گەندەڵی و لابردنی ئەو كۆسپ و تەگەرانەی رێ لە پێشكەوتن و گەشەی زیاتری كایە جیاجیاكانی كۆمەڵگاكەمان دەگرن. بەوەش بنەما دەستوورییەكانی هەرێمەكەمان زیاتر دەچەسپێنین و دامەزراوە یاسایی و شەرعییەكانی پەرەپێدەدەین و وڵاتەكەمان دەكەینە مەڵبەندی ئارامی و كار و بەرهەمهێنان و خۆشگوزەرانی.
ئەمڕۆ كە یادی مەرگەساتی هەڵەبجە دەكەینەوە، ئەزموونی هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێ و هەنگاوی یەكەم بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە بریتییە لە پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلەكەمان كە بەری رەنجی پێنج هەزار شەهیدی هەڵەبجە و سەدو هەشتا هەزار ئەنفالكراو و هەشتا هەزار بارزانی بێسەروشوێنكراو و هەزاران پێشمەرگەی شەهیدی سەنگەر و زیندان و كوردە فەیلییەكان و قوربانیانی سیاسەتە شۆفێنییەكانی رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقن. ئەمەش تەنیا بەوە دەبێت كە حكومەتی هەرێم بەدەنگ داخوازییە رەواكانی خەڵكی كوردستانەوە بچێت و خزمەتگوزاری زیاتریان پێشكەش بكات و پێداویستییە ژیارییەكانیان بۆ دابین بكات و ئەدای خۆی لە ئاستە جۆراوجۆرەكاندا باشتر بكات. هەروەها بە ئیرادەی سیاسیمان و بە بەشداری سەرجەم ئەو هێزو لایەنە سیاسییانەی كە راستگۆیانە داوای چاكسازی و پەرەپێدان دەكەن، دەتوانین لە رێی چاكسازی گشتی و پێكهێنانی حكومەتی بنكە فراوان و هەنگاونان بۆ هەڵبژاردنەوەی پێشوەخت، وەكوو ئەوەی سەرۆك بارزانی بۆ پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستانی پێشنیار كردووە، پرۆسەی سیاسی بخەینە سەر راستەرێیەك كە هێز و توانا جیاجیاكانی كوردستانی تێدا كۆببێتەوە و تەرخان بكرێن بۆ پەرەپێدان و گەشەكردن و بایەخدانی زیاتر بەو مەسەلە ستراتیجییانەی لەگەڵ حكومەتی عێراقدا بە هەڵپەسێراوی ماونەتەوە و بەشێوەیەكی زۆر تایبەتیش جەخت لەسەر جێبەجێكردنی ماددەی 140 بكرێ.
لەم یادەدا پێویستە ئەوە دووپات بكەینەوە كە هەڵەبجەی شەهید وەكوو شار و خانەوادەی شەهیدانی ئەو شارە شایستەی زۆر لەوە زیاترن كە بۆیان كراوە. دەبێت ئەم مەسەلەیە چ لە ئاوەدانكردنەوە، چ لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و بەدەنگەوەچوونی داواكانی دانیشتوانی ئەو شارە ببێتە ئەركی پلە یەكی حكوومەتی هەرێم و فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراقدا كە قەرەبووی كەسوكاری قوربانییانی ئەو تاوانە مسۆگەر بكەن.
ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە بایەخەوە كار بۆ ئەوە دەكەین كە یادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە بكەینە هەوێنی ئاشتی و پێكەوەژیان و ئاوەدانكردنەوە و یەكڕیزیی گەلەكەمان بەگشتی و سەرجەم لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتی، بۆئەوەی هە‌موو هێز و تواناكانمان بۆ خزمەتكردنی هەڵەبجە و تەواوی كوردستان تەرخان بكەین. هەروەها ئەم بۆنەیە بكەینە هاندەر بۆ گردبوونەوەمان لە پرۆژەیەكی نیشتمانی نەتەوەییدا لەپێناوی پەرەپێدانی ئەزموونەكەمان وگەشەپێدانی وڵاتمان و پتەوتركردنی كۆڵەگەكانی سستمی دیموكراتی لە هەرێمەكەمان و بەهێزتر كردنی بنەماكانی پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و یەكتر قبوڵكردنی سیاسی.
- نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی گەلەكەمان.
- سەری رێز و نەوازش لەبەردەم خانەوادەی خۆڕاگری شەهیدانی هەڵەبجە دادەنەوێنین و پەیمانیانیان بۆ دووپات دەكەینەوە كە رۆڵەی بە ئەمەكی ئەوان بین و لەپێناو مافەكانی ئەوان و سەرجەم گەلەكەماندا درێژە بە خەبات بدەین.
- سەركەوتوو بێ ئەزموونی دیموكراسی هەرێمی كوردستان، بەرهەمی خوێنی شەهیدان و كۆڵنەدانی گەلەكەمان و قارەمانێتی پێشمەرگە دلێرەكانی كوردستان.

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
16-3-2011
Top