نەتەوە یەکگرتووەکان: ژنان دادپەروەری و یەکسانییان دەوێت
ڕێکخراوی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN Women) ڕایگەیاند، ژنان لە سەرانسەری جیهان داوای دادپەروەری و یەکسانی دەکەن بۆ ئەوەی ژیانێکی باشتریان هەبێت.
ئەم ڕێکخراوە ئەمڕۆ سێشەممە، 03ـی شوباتی 2026، لە لاپەڕەی X جەختی لەوە کردەوە کە ڕێزگرتن لە ژنان و ڕەچاوکردنی مافەکانیان دەبێت لە پێشینەی کارەکان بێت.
لە پەیامەکەی ڕێکخراوەکەداهاتووە: "با بە جیهان بڵێین ژنان بەڕاستی چییان دەوێت".
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکردووە، ژنان نەک تەنها دادپەروەری و یەکسانییان دەوێت، بەڵکو پێویستیان بە ڕێزگرتن و کەرامەتی مرۆڤایەتی و ئاسایش و ئارامی هەیە.
پێشتر ڕێکخراوی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندبوو، کە لە ساڵی ٢٠٢٦دا پشتیوانی لە سەرکردایەتی ژنان دەکات لە سەرانسەری جیهاندا و وەک مافێک بەدوای ئەمەدا دەگەڕێن.
ئەم جەختکردنەوە لە کاتێکدایە کە دۆخی ژنان لە وڵاتانی قەیراناوی و بە تایبەت ئەفغانستان جێگەی نیگەرانییە.
ژنانی ئەفغانستان لە سەرەتاییترین مافەکانیان وەک مافی خوێندن و دادپەروەری و یەکسانی بێبەش دەمێننەوە و بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی سنووردارکردنی بەرفراوان.
گوڵان: سەردار خەلیل
