تا مانگێكی تر گۆڕانكاری ئیداری بەسەر شاری كەركودا دێ
نەجمەدین كەریم ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەم رایگەیاند، ماوەیەكە لە پارێزگەی كەركووك باسی گۆڕانكاری دەكرێ، بەڵام لەم رۆژانەی دواییدا زیاتر باس كراوە و لە سەردانی چەند رۆژی رابردووی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆسرەت رەسوول جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ كەركووك، پرسی گۆڕانكارییەكان لەگەڵ خەڵكدا زیاتر خراونەتە بەرباس.
كەریم كە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە لەسەر فراكسیونی هاوپەیمانیی كوردستان و نوێنەرایەتیی پارێزگەی كەركووك دەكا گوتی، تا ئێستە هیچ كەسێك بۆ پۆستێكی دیاریكراو وەك پۆستی پارێزگار یان سەرۆكی ئەنجوومەنی ئەو پارێزگەیە دیارنەكراون.
لەبارەی ئەوە دەنگۆیانەی كە دەڵێ نەجمەدین كەریم دەبێتە پارێزگاری كەركووك و حەسەن كەهیە لە بەرەی توركمانی دەبێتە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا، كەریم گوتی، ئەوە راست نییە، تەنیا شیمانەی خەڵكە، راستە رێككەوتن هەیە، بەڵام لەسەر دیاركردنی ناو هێشتا هیچ هەنگاوێك نییە، بۆ هەر گۆڕانكارییەك تەنیا بۆچوونی حزب نابێ، بگرە بۆچوونی خەڵكیش دێتە وەرگرتن.
ئەو سەركردەی كورد كە ئێستە لە كەركووكە گوتی، هەموو پێكهاتەی كەركووك (كورد، عەرەب، توركومان و ئاشووری) یەكدەنگن لەبارەی ئەنجامدانی گۆڕانكاری و پێدەچێ تا مانگێكی تر ئەو گۆڕانكاریانە بێنەدی، هەرچەندە هیچ وادەیەكی دیاریكراو بۆ ئەنجامدانی ئەو گۆڕانكاریانە نییە، گۆڕانكاریش هەموو شتێك دەگرێ و دەبێ بەڕێكەوتن بێ لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی كەركووك.
لەلایەن خۆیەوە رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك رایگەیاند، ئاگەمان لە هیچ هەنگاوێك نییە كە باسی گۆڕانكاری دەكات لە پۆستە ئیدارییەكانی كەركووك و تا ئێستە بەشێوەیەكی رەسمی لە ئەنجوومەنی پارێزگا باسی نەكراوە و هیچ رێككەوتنیش لە ناو ئەنجوومەن لەسەر گۆڕانكاریە ئیدارییەكان نییە.
زیاتر گوتی، مەرج نییە ئەو كەسەی پۆستی پارێزگار بەدەست بێنی، ئەندام بێ لە ئەنجوومەنی پارێزگا، بەڵام هەر كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەن بێتە هەڵبژاردن، دەبێ ئەندام بێ.
ئەنجوومەنی پارێزگەی كەركووك لە 42 ئەندام پێك دێ كە 28 یان كوردن و 8 عەرەب و 6 یش توركمانن.
-ئاكانیوز
