سیاسەتمەدارێکی عێراقی: خۆپیشاندانەکان دەست پێدەکەنەوە و حکوومەتی کازمی دەڕووخێنن

سیاسەتمەدارێکی عێراقی: خۆپیشاندانەکان دەست پێدەکەنەوە و حکوومەتی کازمی دەڕووخێنن


سیاسەتمەدارێکی عێراقی رایدەگەیەنێت، کە خۆپیشاندانەکان دەست پێدەکەنەوە و خۆپیشاندەران حکوومەتی ئێستای عێراق دەڕووخێنن.

ئەمڕۆ دووشەممە 20-7-2020، سەباح تائی، شیکەرەوەی سیاسیی عێراقی بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، خەڵکی عێراق بەهۆی بێبەشبوونیان لە مافەکانیان دەستیان بە خۆپیشاندانی جیا جیا کردووەتەوە.

سەباح تائی پێیوایە ئەو خۆپیشاندانە جیا جیایانە دەبنە هۆی دروستبوونی خۆپیشاندانی گەورە و فراوان لە بەغدا و شارەکانی دیکە، ئەگەر داخوازیی خۆپیشاندەران جێبەجێ نەکرێت.

ئەو شیکەرەوە سیاسییە هەروەها رایگەیاندووە، ئەمجارە خاوەن بڕوانامەکان سەرپەرشتیی خۆپیشاندانەکان دەکەن و ئەگەر گوێ لە داواکانیان نەگیرێ، ئەوا هاوشێوەی حکوومەتی پێشوو، حکوومەتەکەی مستەفا کازمیش دەڕووخێندرێ.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون.






باسنیوز
Top