رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرکۆماری تورکیا پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ کازمی نارد

رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرکۆماری تورکیا پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ کازمی نارد
سەرکۆماری تورکیا پەیامێک بۆ سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق دەنێرێت و پیرۆزبایی لێدەکات.

ئەمڕۆ شەممە 9-5-2020، نووسینگەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرکۆماری تورکیا پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ کازمی ناردووە.

لە پەیامەکەیدا، ئەردۆغان هیوای خواستووە هەڵبژاردنی کازمی ببێتە مایەی خێر بۆ گەلی ئەو وڵاتە و ناوچەکە بە گشتی و دڵنیایی خۆیشی لە سەرکەوتنی سەرۆکی نوێی حکوومەتی عێراق، نیشان داوە.

سەرکۆماری تورکیا بەڵێنی بە مستەفا کازمی داوە، کە وڵاتەکەی پاڵپشتیی عێراق بکات بۆ پێشکەوتن و ئامادەیی ئەنقەرەشی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا نیشان داوە لەپێناو بەرژەوەندیی هەردوو گەلی تورکیا و عێراق.

درەنگانی شەوی چوارشەممە 6-5-2020، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ کابینەی نوێی حکوومەتی وڵاتەکەی بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی، پەسەند کرد.










باسنيوز
Top