راگەیاندنەکانی سعودیە ھێرشێکی تووند دەکەنە سەر مالیکی

راگەیاندنەکانی سعودیە ھێرشێکی تووند دەکەنە سەر مالیکی
ئەمڕۆ رۆژنامەکانی سعودیە رەخنەیەکی زۆریان لە لێدوانەکانی مالیکی سەرۆکی وەزیرانی عێراق گرت سەبارەت بە لێدوانەکانی لەسەر چەکدار کردنی ئۆپۆزسیۆنی سوریا.
دوای ئەوەی نوری مالیکی رەخنەی لە بڕیاری ھەردوو حکومەتی قەتەری و سعودی گرت بە چەکدار کردنی ئۆپۆزسیۆنی سوریا, ئەمڕۆ رۆژنامەکانی سعودیە رەخنەیەکی توندیان ئاڕاستەی لێدوانەکانی ناوبراو کرد.
لەمبارەیەوە رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت نووسیویەتی , پێویستە وڵاتانی کەنداو بایکۆتی مالیکی بکەن و دەبێت سزای ھەموو ئەو کەسانە بدرێت کە پشتگیری لە رژێمی بەشار ئەسەد دەکەن لەسەرووی ھەمووشیانەوە حکومەتەکەی مالیکی.
ھەروەھا لەرۆژنامەکە ھاتووە, بایکۆتی مالیکی بکەن و رێگە مەدەن سەدامێکی نوێ یا بەشارێکی دیکە سەرھەڵبداتەوە.
ھەروەھا شەرق ئەلئەوسەت نووسیویەتی مالیکی کابرایەکی فێڵبازە و جێگەی متمانە نییە.
لایی خۆشیەوە رۆژنامەی ریاز نووسیویەتی مالیکی دەنگی ئێرانە یا حاکمی عێراقە؟! ھەروەھا دەنووسێت , پێشبینیمان دەکرد دوای لوتکەی عەرەبی مالیکی واقعیانە لەگەڵ دەوربەری خۆی و کەنداو مامەڵە بکات و لەژێر سێبەری ئێران بێتە دەرەوە و دوور کەوێتەوە لە دروستکردنی کێشە.
ھەر لەرۆژنامەی ریاز ھاتووە, گەلی سوریا لە دژی رژێمێک راپەری کە بەھەمان شێوەی سەدام زوڵم و زۆرداری دەکات , بەڵام ترسی مالیکی لەوەیە سووننەکان بێنە سەرحوکم و پشتگیری لە سووننەکانی عێراق و لوبنان بکەن.
لەلایەکی دیکەشەوە رۆژنامەی وەتەن نووسیویەتی ھێشتا مەرەکەبی بڕیارەکانی لوتکەی عەرەبی ووشک نەبووتەوە , مالیکی دەەستیکردوە بە بەرگری کردن لە رژێمی ئەسەد ئەمەش نەخۆشیەکە تەنیا لەلای مالیکی و حکومەتەکەی بەدی دەکرێت.
بۆیە داوای لەمالیکی کردوە خەریکی چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق بێت و وەزارەتە بەتاڵەکان پڕبکاتەوە و کێشەی نەوت لەگەڵ ھەرێم چارەسەر بکات , چونکە ئەمە لەبەرژەوەندی عێراق و ناوچەکەیە.
Top