ئەمڕۆ لێژنەی ئامادەكاریی كۆبوونەوەی نیشتمانی كۆ دەبێتەوە
ئەو كۆبوونەوەیە بە بەشداریی 12 ئەندام كە نوێنەرایەتیی هەرسێ بارستەی سەرەكیی (هاوپەیمانیی نیشتمانی، لیستی عێراقییە، هاوپەیمانیی كوردستان) لە ماڵی خزەیر خوزاعی جێگری سەركۆمار لە شاری بەغدا بەڕێوە دەچێ.
محەمەد خالیدی بڕیاردەری ئەنجوومەنی نوێنەران بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەم لێژنەی ئامادەكاریی كۆنگرەی نیشتمانی چوارەم كۆبوونەوەی خۆی بە ئامادەبوونی سەرجەم لایەنە پێوەندارەكان ئەنجام دەدا و هیچ رێككەوتنێكیش لەسەر دواخستنی وادەی بەستنی كۆنگرەكە لە ئارادا نییە.
كۆبوونەوەی ئەمڕۆ لە كاتێكدایە كە دۆخی سیاسیی وڵات ئاڵۆزبوونی زیاتری بەخۆوە بینیوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری پاسەوانەكانی هاشمی بەوە تۆمەتبار كرد كە 150 كردەوەی چەكدارییان ئەنجام داوە، وەك كاردانەوەیەكیش هاشمی دوێنێ رای گەیاند كە لە ماوەی 48 سەعاتی داهاتوودا وتارێك پیشكێش دەكا و پەردە لەسەر نهێنییەكان لادەبا.
