لیستی عێراقییە كۆتای بە بایكۆتی حكوومەت هێنا

لیستی عێراقییە كۆتای بە بایكۆتی حكوومەت هێنا
ئەمڕۆ دووشەم سەركردەیەكی لیستی عێراقییە رای گەیاند، دوای ئەوەی لیستی عێراقییە هەستی بە نیازپاكیی لایەنە سیاسییەكان بۆ چارەسەكردنی تەنگژەكان كرد، بڕیاری دا بگەڕێتەوە ناو حكوومەت و كۆتایی بە بایكۆتكردن بێنێ.

حامید موتڵەگ سەركردە لە لیستی عێراقییە ئەمڕۆ دووشەم بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، دوای هەستكردن بە نیازپاكیی لایەنە سیاسییەكان بۆ چارەسەركردنی تەنگژەكان، سەرانی لیستی عێراقییە بڕیاریان دا وەزیرەكانی سەر بە لیستەكە كۆتایی بە هەڵپەساردنی دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی وەزیران بێنن.

موتڵەگ روونی كردەوە، \"گەڕانەوە سەركۆمار بۆ عێراق و هەوڵدانی بۆ لێك نێزكردنەوەی بیروبۆچوونی لایەنە سیاسییەكان وای كرد بیر لەو بڕیارە بكەینەوە، دوای ئەوەیش كە هەستمان بە نیازپاكیی لایەنە سیاسییەكان كرد بڕیاری گەڕانەوەمان بۆ ناو حكوومەت دا\"".

مانگی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری ساڵی رابردوو دوای سەرهەڵدانی تەنگژەی سیاسی لە عێراق بەهۆی دەركردنی فەرمانی گرتنی تاریق هاشمی جێگری سەركۆماری عێراق بەتۆمەتی \""تیرۆر\""، لیستی عێراقییە بڕیاری بایكۆتكردنی پەرلەمان و حكوومەتی دا.

كۆتای مانگی رابردوو پێكهاتەكانی لیستی عێراقییە لە كۆبوونەوەیەكی فرەواندا بڕیاری گەڕانەوەی ئەندامانی لیستەكەیان بۆ پەرلەمان و بەردەوامبوونی لە بایكۆتكردنی حكوومەتی عێراق كە خاوەنی 8 پۆستی وەزارەتییە دا.

عێراقییە 91 كورسی لە كۆی 320 كورسیی پەرلەمانی عێراق هەیە و لەلایەن ئەیاد عەلاوی سەرۆك وەزیرانی پێشتری عێراقەوە سەرۆكایەتی دەكرێ و یەكەم لیستی براوەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق بوو لە ئادار/مارسی 2010."
Top