لێژنەی عێراقییە بۆ وتوێژ لەگەڵ هاوپەیمانیی نیشتمانی گەیشتە رێككەوتن

لێژنەی عێراقییە بۆ وتوێژ لەگەڵ هاوپەیمانیی نیشتمانی گەیشتە رێككەوتن
لێژنەی لیستی عێراقییە بۆ وتوێژ لەگەڵ هاوپەیمانیی نیشتمانی ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند كە لە وتوێژەكانی لەگەڵ هاوپەیمانیەتییەكە لەبارەی چەندان پرسی گرینگ گەیشتووەتە رێككەوتن و ئاماژەی كرد زۆرێك لە ئەندامانی عێراقییە خوازیاری كۆتاهێنانن بەپایدۆزكردنی حكوومەت و پەرلەمان.

زیاد زەرب ئەندامی لێژنەكە بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، ئاماژەی ئەرێنی لەلایەن هاوپەیمانیی نیشتمانی هەن لەبارەی زۆر پرسەوە، لەسەر ئاستی لێژنەی وتوێژكاریدا رێككەوتن لەسەر راگرتنی گرتنی هەڕەمەكی و ئازادكردنی هەموو گرتیان كە بەم دواییە گیراون كراوە، وێڕای رێككەوتن لەسەر بڕیاردانی سیستەمی ناوەخۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە ماوەی تێنەپەڕ لە 3 مانگ لە پێكهێنانی لێژنەی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە.

زیاتر گوتی، ژمارەیەك لە گرتییان لە پارێزگەكانی ئەنبار و سەڵاحەدین هاتنە ئازادكردن و ئاماژەی كرد، پێویستە لیستی عێراقییە نیازپاكی خۆی بەرامبەر بەو بەپیرهاتنی لایەنی بەرامبەر پێشان بدا و ئەوەش هەڵوێستی بارستەی چارەسەرە و بڕیاری كۆتاش بۆ لیستەكەیە.

زەرب روونی كردەوە، زۆرێك لە ئەندامانی لیستی عێراقییە خوازیاری گەڕانەوەن بۆ پەرلەمان و حكوومەت و ئاماژەی كرد، مەبەست لە بڕیاری هەڵپەسارنی ئەندامیەتیی لیستی عێراقییە لە حكوومەت و پەرلەمان گەیاندنی پەیامێك بوو كە لیستەكە فەرامۆش كراوە و لە وەرگرتنی زۆرێك لە بڕیارەكان دوور خراوەتەوە و ئەو پەیامەش بۆ هەموو لایەك گەیشت.

یەكشەمی داهاتوو لیستی عێراقییە كۆبوونەوەیەك بۆ دیاریكردنی هەڵوێستی خۆی بەرامبەر دۆخی سیاسیی عێراق ساز دەكا، ئەوەش لە رێگەی دەنگدان لەسەر یەكێك لە بژارەكانی كشانەوەی یەكجاری لە پرۆسەی سیاسی یان كشانەوە لە حكوومەت و بوون بەلایەنی بەرهەڵَستكار یان گەڕانەوە بۆ حكوومەت و پەرلەمان و بەردەوامبوون لە حكوومەتی یەكەتیی نیشتمانی ئێستە.

23ی ئەم مانگە عیتاب دووری پەرلەمانتاری لیستی عێراقییە بە(ئاكانیوز)ی راگەیاند، لیستی عێراقییە بەبێ مەرجی پێشوەختە بەشداری لە كۆنگرەی نیشتمانی چاوەڕوانكراو دەكا و ئاماژەی كرد، وتوێژ لەگەڵ ژمارەیەك لە سەرانی هاوپەیمانیی نیشنمانی لە ئارادایە بۆ سەرخستنی كۆنگرەكە.

لە كانوونی یەكەم/دیسێمبەری رابردوو جەلال تاڵەبانی سەركۆماری عێراق و ئوسامە نوجێفی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە كۆبوونەوەیەك لە سلێمانی لەسەر سازكردنی كۆنگرەیەكی نیشتمانی بۆ هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراق بۆ چارەسەركدنی كێشەكانی وڵات رێك كەوتن.
Top