بارزانی: بە مەرج لە كۆنگرەی نیشتیمانیدا بەشدار دەبم
شەوی ڕابردوو سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) بە كەناڵی ئەلعەرەبییەی ڕاگەیاند كە كاتێك گومان لە درەنجامەكانی كۆنگرەی نیشتیمانیدا هەبێت، بەشداربوون بە پێویست نابینێت. ئەمە بە ئاماژەدان بە نەبوونی متمانە لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق.
(بارزانی) ڕاشكاوانە ئاماژەی بە زۆرێك كۆنگرەی سیاسی دا كە بەرەنجامێكی ڕۆشنیان نەبووە. بەمەیش سەركردە سیاسییەكانی عێراق هەر بارگرژی و ئاڵۆزییەكیان لە عێراقدا لە ئەستۆیە.
هەر لەو دیمانەیەدا سەرۆكی هەرێم بەشداریی كۆنگرەیەكی لەم چەشنە دەگەڕێنێتەوە بۆ پێویستیی هەبوونی ڕایەكی هاوبەش لەبارەی شەراكەت لە حوكمڕانیدا، هاوكات گێڕانەوەی هاوسەنگیی لە سوپا و دەستگای ئەمنیدا. هەورەها پابەندبوون بە دەستوور و دیاریكردنی سیستەمێكی ڕۆشن بۆ كاری ئەنجوومەنی وەزیران. دووركەوتنەوە لە تاكڕۆیی لە بڕیارداندا كە چارەنووسی عێراقی پێوە بەند بێت.
لەبارەی دۆسێی گرتنی جێگری سەرۆككۆماری عێراق(تاریق هاشمی)ـیشەوە، (بارزانی) گوتی كە ئەم دۆسێیە دوو ڕووی هەیە \""دادوەری و سیاسی\"" و لەسەر لایەنی دادوەری پێویستە كە لایەنی یەكەم جێبەجێ بكات. بەڵام ڕووە سیاسییەكەی پێویستی بە ڕێككەوتنی سیاسی هەیە.
ڕایشیگەیاند كە (هاشمی) میوانی سەرۆككۆمارە و ئاماژەیشی دا كە نایشبێت هەرێم لەم دۆسێیەوە بگلێندرێت. چونكە ئەم دۆسێیە ڕەهەندی نەتەوەیی هەیە. (بارزانی) هەروەها نیگەرانیی خۆیشی لەبارەی ڕازینەبوونی دەستەڵاتی دادوەریی عێراق بە گواستنەوەی دۆسێی (هاشمی) بۆ كەركووك، نیشان دا.
-PNA"
