لێژنەی ئامادەكاریی كۆنگرەی نیشتمانی بەندە بە گەڕانەوەی تاڵەبانی
رۆژی 27ی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری رابردوو جەلال تاڵەبانی سەركۆماری عێراق و ئوسامە نوجێفی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران لە شاری سلێمانی كۆبوونەوە و رێك كەوتن لەسەر بەستنى كۆنگرەیەكى نیشتمانى گشتیى بۆ هەموو هێزە سیاسییەكان بەئامانجى چارەكردنى پرسەكانی پێوەست بە بەڕێوەبردنى دەوڵەت و دانانى رێگەچارەیەكى هەمیشەیى كە پرۆسەى سیاسی دوور بخاتەوە و بیپارێزێت لەو زنجیرە تەنگژانەی كە رووبەڕووى دەبێتەوە.
محەمەد خالیدی بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، لێژنەی ئامادەكاریی كۆنگرەی نیشتمانیی تا ئێستە پێك نەهێنراوە و پێكهێنانیشی بەندە بە گەڕانەوەی جەلال تاڵەبانی سەركۆمار بۆ بەغدا\".
خالیدی روونی كردەوە \""تاڵەبانی لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا و خۆیشی سەرپەرشتیی كارەكانی لێژنەكە دەكا\"".
جێی ئاماژەیە دوای دەركردنی یاداشتی گرتنی تاریق هاشمی جێگری سەركۆماری عێراق و سەركردە لە لیستی عێراقییە بەتۆمەتی تێوەگلان لە چەند كردەوەیەكی تیرۆیستی و پێشكێشكردنی داواكارییەك لەلایەن نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانەوە بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە ساڵح موتڵەگی جێگری، تەنگژەیەكی سیاسی لە عێراقدا هاتووەتە ئاراوە و پێوەندیی نێوان هەردوو لیستی عێراقییە بە سەرۆكایەتیی ئەیاد عەلاوی و دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی لە دۆخێكی گرژدایە.
دوای ئەو گرژییانەش، لیستی عێراقییە ئامادەبوونی پەرلەمانتار و وەزیرەكانی لە دانیشتنەكانی پەرلەمان و حكوومەتدا هەڵپەسارد، مالیكیش وریایی دایە وەزیرەكانی عێراقییە ئەگەر نەگەڕێنەوە سەر كارەكانیان، ئەوا لە پۆستەكانیان لایان دەدا."
