لە چەند رۆژى داهاتوودا تەنگژەى سیاسیی وڵات بەرەو خاوبوونەوە دەڕوا

لە چەند رۆژى داهاتوودا تەنگژەى سیاسیی وڵات بەرەو خاوبوونەوە دەڕوا
هەردوو لیستى ناكۆكى عێراقییە و هاوپەیمانى نیشتمانى رایان گەیاند، دواى ئەو زنجیرە كۆبوونەوانەى لە چەند رۆژى رابردوودا لەنێوان هەردوولادا گرێ دران، گەیشوونەتە چەند لێكگەیشتنێك بۆ چارەسەرى ئەو تەنگژە سیاسییەى لەنێوانیاندا هەیە، ئەویش وەك سەرەتایەك بۆ ئەو كۆنگرە نیشتمانییەى جەلال تاڵەبانى سەركۆمار بانگهێشتى بۆ كرد.

ئەو پەرەسەندنانە دواى دوو رۆژ دێ لە كۆبوونەوەى نێوان نوورى مالیكى سەرۆك وەزیران و سەرۆكى لیستى دەوڵەتى یاسا، لەگەڵ ئوسامە نوجێفى سەرۆكى پەرلەمان و سەركردەى عێراقییە و رێكەوتنیان لەسەر هێوركردنەوەى راگەیاندن و خۆدوورگرتن لە لێدوانى وروژێن.

حامید موتڵەگ سەركردەى عێراقییە ئەمڕۆ بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند \"هەموو لایەنە سیاسییەكان باوەڕیان بە چارەسەرى تەنگژەكە هەیە، هەندێ هەڵە هەیە پێویستە بێنە چارەسەر كردن، كەشوهەواى ئێستە هاندەرە بۆ یەكلاكردنەوەى ناكۆكیەكان\"".

موتڵەگ گوتى \""ئێمە لەبرى قسە كردارمان دەوێ، لە گفتوگۆكانمان لەگەڵ لیستى هاوپەیمانیى نیشتمانى هەستمان بە رژدى كرد لەلایەنى بەرامبەرەوە بۆ سەلماندنى مافەكانى عێراقییە، هیوادارین بگەینە خاڵگەلێكى هاوبەش\"".

ئەو سەركردەیەى عێراقییە پێشبینى كرد لە چەند رۆژى داهاتوودا تەنگژە سیاسییەكە خاو ببێتەوە.

دواى گرژییەكانى ئەم دواییەى نێوان هەردوو لیستى عێراقییە و دەوڵەتى یاسا، عێراقییە ئامادەبوونى پەرلەمانتار و وەزیرەكانى لە دانیشتنەكانى پەرلەمان و حكوومەتدا هەڵپەسارد، مالیكیش وریایى دایە وەزیرەكانى عێراقییە ئەگەر نەگەڕێنەوە سەر كارەكانیان، ئەوا لە پۆستەكانیان لایاندەدا.

سێشەمى رابردوو ئەنجوومەنى وەزیران بڕیارى دا مۆڵەتى كراوە بداتە ئەو وەزیرانەى عێراقییە كە ئامادەى دانیشتنەكانى نابن و بەشێوەیەكى كاتى وەزیرى تر بۆ بەڕێوەبردنى كارەكانیان دابنێ.

لاى خۆیەوە حەمید معلە گۆتیارى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامى كە بەشێكە لە هاوپەیمانیى نیشتمانى، بە (ئاكانیوز)ى راگەیاند \""ئەو لێژنە باڵایەى هاوپەیمانى، كە دواى سەرهەڵدانى ناكۆكیەكان لەگەڵ عێراقییە دروست كرا، لە كارى خۆی بەردەوامە و سەرقاڵى گفتوگۆیە لەگەڵ لیستى ناوبراو بەمەبەستى دیاریكردنى كێشەكان و دۆزینەوەى چارەسەرى گونجاو بۆیان\"".

هەروەها گوتى ئەو لێژنە باڵایە هەوڵ دەدا لەبارەى داواكارییەكانى ئەو لیستە و چۆنیەتیى هەنگاونان بەرەو كۆبوونەوەیەكى نیشتمانیى بەرفراوان، لەگەڵ عێراقییە بگاتە رێكەوتن."
Top