(پێشبینیى گەڕانەوەى زۆربەى وەزیرەكانى عێراقییە دەكەین)
مەریەم ئەلڕەیس بە رۆژنامەى (المدى)ى عێراقى راگەیاند \"زۆربەى وەزیرەكانى عێراقییە ئارەزووى خۆیان بۆ گەڕانەوە بۆ ناو حكوومەت پێشان داوە\"".
دواى گرژییەكانى ئەم دواییەى نێوان هەردوو لیستى عێراقییە و دەوڵەتى یاسا، عێراقییە ئامادەبوونى پەرلەمانتار و وەزیرەكانى لە دانیشتنەكانى پەرلەمان و حكوومەتدا هەڵپەسارد، مالیكیش وریایى دایە وەزیرەكانى عێراقییە ئەگەر نەگەڕێنەوە سەر كارەكانیان، ئەوا لە پۆستەكانیان لایاندەدا.
دوێنێ چوارشەم ئەنجوومەنى وەزیران بڕیارى دا مۆڵەت بداتە ئەو وەزیرانەى عێراقییە كە ئامادەى دانیشتنەكانى نابن و بەشێوەیەكى كاتى وەزیرى تر بۆ بەڕێوەبردنى كارەكانیان دابنێ.
عەلى ئەدیب وەزیرى خوێندنى باڵا بۆ بەڕێوەبردنى وەزارەتى پەروەردە، عەلى شوكرى وەزیرى پلاندانان بۆ بەڕێوەبردنى وەزارەتى دارایى، خەیروڵا بابەكر وەزیرى بازرگانى بۆ بەڕێوەبردنى وەزارەتى پیشەسازى، سەركۆن سڵێوە وەزیرى ژینگە بۆ بەڕێوەبردنى وەزارەتى زانست و تەكنەلۆجیا، سەفائەدین سافى وەزیرى دەوڵەت بۆ بەڕێوەبردنى وەزارەتى دەوڵەت بۆ كاروبارى پارێزگەكان و حوسێن شەهرستانى بۆ بەڕێوەبردنى وەزارەتى كارەبا دەستنیشان كران.
بەڵام لەبەرئەوەى هەردوو وەزیرى كشتوكاڵ (عیزەدین ئەلدەولە) و پێوەندییەكان (محەمەد عەلاوى) لە لیستى عێراقییە مۆڵەتى رەسمیی ئەنجوومەنى وەزیرانیان هەیە، كەس بۆ جێگرتنەوەیان دەستنیشان نەكرا.
رەیس گوتى \""وەزیرەكانى پەروەردە و پیشەسازى و كارەبا و وەزیرى دەوڵەت بۆ كاروبارى پارێزگەكان ئارەزووى خۆیان بۆ گەڕانەوە پێشان داوە و لە داهاتوویەكى نێزیكدا دەستبەكار دەبنەوە، بەڵام رافیع عیساوى وەزیرى دارایى لەناو ئەوانەدا نییە\"".
پێشتریش ئەو راوێژكارەكەى سەرۆك وەزیران بە (ئاكانیوز)ى راگەیاند \""ئەو رێوشوێنەى بەرامبەر وەزیرەكانى عێراقییە گیراوەتە بەر زۆر درێژە ناكێشێ، ئەگەر وەزیرەكان سوور بوون لەسەر پایدۆزكردنى دانیشتنەكانى ئەنجوومەنى وەزیران، ئەوا سەرۆك وەزیران بەپێى دەستوور مافى ئەوەى هەیە لەكار لایان بدا\""."
