بڕیاری دەست بەسەرداگرتنی سامانەكانی هاشمی نایاسایییە
لەتیف مستەفا، ئەمڕۆ دووشەم بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند، بەگوێرەی یاسای تا دادگە بڕیاری كۆتایی نەدا لەبارەی گرتنی كەسی داواكراو نابێ دەست بگیرێ بەسەر ماڵ و موڵكی ئەو كەسەدا.
زیاتر گوتی، ئەگەر ئەو كەسە داواكراوە نەچووە بەردەم دادگە و ڕێگەكان بێ سوود بوون لەگەڵیدا و شوێنی دیار نەبوو ئەوا دەست دەگیرێ بەسەر موڵك و ماڵی، بەڵام ئێستە شوێنی هاشمی ئاشكرایە بۆیە نابێ دەست بگیرێ بەسەر ماڵ و موڵكیدا.
مستەفا ڕوونتر گوتی، ئەمە هێمایە بۆ دەستوەردانی سیاسییەكان لە كاروباری دادگە و پێشتریش من دەمبیست ئەندامانی لیستی دەوڵەتی یاسا دەیانگوت دادگە هەڵدەستێ بە دەست بەسەرداگرتنی موڵك و ماڵی هاشمی. مستەفا ئاماژەی بەوەش دا، دەبێ بپرسین چۆن دەزانن و چۆن ئەمە دەڵێن پێش دادگە.
كەناڵە ئاسامانییەكانی عێراق و سەرچاوەكانی هەواڵ بڵاویان كردەوە كە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بڕیاری داوە سەروەت و سامانی تاریق هاشمی جێگری یەكەمی سەركۆمار بلۆك بكرێ و دەستی بەسەردا بگیرێت، ئەوەش بەهۆی ئامادەنەبوونی لەبەردەم دادگە
جێی ئاماژەیە لە ئەنجامی تۆمەتباركردنی تاریق هاشمی جێگری سەركۆماری عێراق و سەركردە لە لیستی عێراقییە بە تێوەگلان لە چەند كردەوەیەكی \"كوشتن و چاندنی بۆمب\""دا، تەنگژەیەكی سیاسی لە عێراقدا هاتووەتە ئاراوە و پێوەندیی نێوان هەردوو لیستی عێراقییە بە سەرۆكایەتیی ئەیاد عەلاوی و دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی لە دۆخێكی گرژدایە."
