یەكەتیی ئەوروپا پێشوازی لە رێككەوتنەكەی پێوەست بە كەمپی ئەشرەف دەكا
كاترین ئەشتۆن بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكەتیی ئەوروپا، دوێنێ دووشەم لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند: یەكەتیی ئەوروپا پشتیوانیی تەواو لەو رێككەوتنە دەكا كە بەهۆیەوە دانیشتوانی كەمپی ئەشرەف بەشێوەیەكی كاتی دەگوازرێنەوە بۆ ناو بەغدا و دواتریش لەوێوە كۆمسیۆنی باڵای كاروباری پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەیانگوازێتەوە بۆ وڵاتی سێیەم.
ئەشتۆن زیاتر گوتی: یەكەتیی ئەوروپا دەخوازێ عێراق بە شێوەیەكی رێكوپێك و بێ زۆرەملێ دانیشتوانی كەمپی ئەشرەف بۆ شوێنە كاتییەكە بگوازێتەوە، هاوكات هیوای خواست دانیشتوانی كەمپی ئەشرەف رێز لە مەرجەكانی رێككەوتننامەكە بگرن و یارمەتیی سەكردەكانیان بدەن لە جێبەجێكردنی.
كەمپی ئەشرەف سەربازگەیەكی تایبەت بە ئەندامانی ڕێكخراوی موجاهیدینی خەلقی بەرهەڵستكاری ئێرانە كە زیاتر لە 3 هەزار كەسی تێدا دەژی و دەكەوێتە باكوری رۆهەڵاتی بەعقووبەی سەنتەری پارێزگەی دیالە.
ئەو كەمپە لە سەردەمی ڕێژیمی لێخراوی عێراقدا دامەزراوە، بەڵام لە ساڵی 2003 هێزەكانی ئەمەریكا سەربازگەكەیان لە چەك داماڵی و دوای ئیمزاكردنی رێككەوتننامەی تەناهیی نێوان ئەمەریكا و عێراق، حكوومەتی عێراق بەرپرسیارەتیی كەمپەكەی كەوتە ئەستۆ.
