وەقفی سوننی بەرپرسیارەتیی تەقینەوەكانی بەغدا دەخاتە ئەستۆی هێزە ئەمنییەكان

وەقفی سوننی بەرپرسیارەتیی تەقینەوەكانی بەغدا دەخاتە ئەستۆی هێزە ئەمنییەكان
ئەمڕۆ شەموو دیوانی وەقفی سوننی لە عێراق رای گەیاند تەنیا پۆلیس و سوپا بەرپرسیارن لە تەقینەوەكانی رۆژی پێنجشەمی رابردووی شاری بەغدا كە كوژرانی نێزیكەی 70 كەس و برینداربوونی زیاتر لە 200 كەسی لێ كەوتەوە.

مەحموود سومەیدەعی جێگری سەرۆكی دیوانی وەقفی سوننی ئەمڕۆ شەموو بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند: هێزە تەناهییەكانی عێراق كەمتەرخەمن و بەرپرسیارەتیی تەقینەوەكانی رۆژی پێنجشەمی شاری بەغدا دەكەوێتە ئەستۆی ئەوان و تەنیا ئەوان لێی بەرپرسیارن.

زیاتر گوتی: پێویستە چاو بەو هێزە تەناهییانەدا بخشێنرێتەوە كە لە شەقامەكاندا بڵاوەیان پێ كراوە بێ ئەوەی هیچ سوودێكیان هەبێ.

لەبارەی ئەوەی ئاخۆ ئەو تەقینەوانە تا چەند پێوەندییان بە ئاڵۆزبوونەوەی دۆخی سیاسیی ئێستەی وڵاتەوە هەیە، سومەیدەعی گوتی \"رۆژانە تەقینەوە لە عێراق روو دەدەن و ئەو تەقینەوانە یەك رووداوی لەو جۆرە نین تا مۆركێكی سیاسیی هەبێت، بەڵام دەپرسین هێزە تەناهییەكان لە كوێن لەو كاتەدا\"".

پێنجشەمی رابردوو نێزیكەی 13 تەقینەوە لە رێگەی ئۆتۆمۆبێلی بۆمبڕێژ و بۆمبی چێنراو و پشتێنی بۆمبڕێژ، داودەزگا حكوومەتییەكان و چەند ناوچەیەكی تری شاری بەغدایان كردە ئامانج، لە ئەنجامدا نێزیكەی 70 كەس كوژران و زیاتر لە 200 كەسی تریش بریندار بوون."
Top