بۆئەوەی هاشمی بگیرێت، رەزامەندی سەرۆك كۆمار پێویست نییە
فازل محەمەد جەواد بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، دەستووری عێراق پارێزبەندی یاساییی نەداوەتە هیچ لە ئەندامانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن هەر لە سەركۆمارەوە تا جێگرەكانی، سەرۆك وەزیران، جێگر و وەزیرانی و ئاماژەی كرد، وڵاتان پارێزبەندیی یاسایی بەئەندامانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن نادەن.
زیاتر گوتی، دوای هەڵوەشاندنەوەی مادەی 136ی یاسای لەدادگەدانی تاوانەكان، فەرمانی گرتنی هاشمی پێویستی بەرەزامەندیی جەلال تاڵەبانی سەركۆماری عێراق نییە و ئاماژەی كرد، لە رووی یاسایییەوە هەرێمی كوردستان پابەندە بەدانەوەدەستی هاشمی بۆ دادگەی عێراق.
دووشەمی رابردوو حكوومەتی عێراق فەرمانی گرتنی تاریق هاشمی جێگری سەركۆماری عێراقی دەركرد و هەر ئەو رۆژە هاشمی گەیشتە هەولێر.
لیستی عێراقییە لە كۆبوونەوەی 16ی ئەم مانگەدا وەك ناڕەزایی بەرامبەر رەوتی كاركردنی نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەڕێوەبردنی وڵات، بڕیاری هەڵپەساردنی ئەندامیەتی لە پەرلەمانی عێراق دا.
بەهۆی تۆمەتەكانی تێوەگلانی پاسەوانەكانی تاریق هاشمی جێگری سەركۆماری عێراق و سەركردە لە لیستی عێراقییە لە تەقینەوەكەی پەرلەمانی عێراق و پاڵپشتیی ناراستەوخۆی لیستی عێراقییە لە دروستكردنی هەرێمەكان لە ناوچە سوننەنشینەكاندا، ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو لیستی دەوڵەتی یاسا و لیستی عێراقییە پەرەی سەند و هەڕەشە بۆ سەر حكوومەتی مالیكی هەیە.
حەوتووی رابردوو هێزە تەناهییەكانی عێراق 3 پاسەوانی تاریق هاشمی جێگری سەركۆماری عێراقیان بەتۆمەتی \"تیرۆر\"" گرت و دوای ئەوە لیستی عێراقییە بڕیاری هەڵپەساردنی ئەندامیەتیی لیستەكە لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند.
لە 28ی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری رابردوو ئۆتۆمۆبێلێكی بۆمبڕێژكراو لەبەردەم دەروازەی دواوەی پەرلەمانی عێراق تەقییەوە و چەند قوربانییەكی لێ كەوتەوە و موئەیەد تەیب گۆتیاری لیستی كوردستانی لە ناو بریندارەكان بوو."
