مالیكى وەك سەدام رەفتار دەكا

مالیكى وەك سەدام رەفتار دەكا
ئەیاد عەلاوى سەرۆك وەزیرانى پێشترى عێراق و سەرۆكى لیستى عێراقییە راى گەیاند نوورى مالیكى سەرۆكى حكوومەت هەموو هێڵە سوورەكانى بەزاندووە و لە هەوڵدانیدا بۆ بێدەنگكرنى نەیارانى وەك سەدام حوسێن رەفتار دەكا، ئێرانیشى تۆمەتبار كرد بەوەى دەیەوێ دەست بەسەر عێراقدا بگرێ.

عەلاوى دوێنێ سێشەم لەسەر رێى گەڕانەوەى عەمانەوە بۆ عێراق بە ئاژانسى رۆیتەرزى راگەیاند \"ئەو دانپێدانانە تەلەڤزیۆنانەى مالیكى كردوویەتى بە بیانووى داواكردنى گرتنى تاریق هاشمى، دەستهەڵبەستە\"".

عەلاوى داواى كرد كۆمەڵگەى ناودەوڵەتى بێتە سەر خەت بۆ رێگرتن لە مالیكى لەوەى جارێكى تر شەڕێكى تایفایەتى لە عێراقدا بەرپا بكا، كە لە چەند ساڵى رابردوودا لە شەڕێكى لەو شێوەدا هەزاران عێراقى كوژران.

هەروەها گوتى ئەو دانپێدانانە شتێكى تۆقێنەرە و رەفتارى سەدام حوسێنم بیر دەخاتەوە كە نەیارە سیاسییەكانى بە تیرۆریست و پیلانگێڕ تۆمەتبار دەكرد.

ئاماژەى بەوەیش دا دەبێ بكەوینە خۆ بۆ سەندنەوەى متمانە لە مالیكى و دۆزینەوەى جێگرەوەیەك بۆ مالیكى لەرێى پەرلەمانەوە.

سەرۆكى لیستى عێراقییە گوتى مالیكى هەموو هێڵە سوورەكانى بەزاندووە و ئێستە بەو هۆیەوە عێراق لە دۆخێكى زۆر مەترسیدایە.

جارێكى تریش ئێرانى تۆمەتبار كردەوە بەوەى لە هەوڵى ئەوەدایە دواى كشانەوەى هێزەكانى ئەمەریكا دەست بەسەر عێراقدا بگرێ.


-ئاكانیوز"
Top