عێراقییە داوا لە پەرلەمان دەكا متمانە لە نوورى مالیكى وەربگرێتەوە

عێراقییە داوا لە پەرلەمان دەكا متمانە لە نوورى مالیكى وەربگرێتەوە
نوورى مالیكى سەرۆك وەزیران بە فەرمانێك ساڵح موتڵەگى جێگرى سەرۆك وەزیرانى عێراق و سەركردەى لیستى عێراقییەى لەكار لادا، موتڵەگیش راى گەیاند لیستەكەى داوایەك ئاراستەى پەرلەمان دەكا، بۆ كێشانەوەى متمانە لە مالیكی.

یەكشەمی رابردوو مالیكی بە رەسمى داواى لە پەرلەمان كرد متمانە لە ساڵح موتڵەگ بسەنێتەوە، ئەویش لەبەر چەند هۆیەك دیارترینیان كۆسپ خستنە بەردەم كارى ئەنجوومەنى وەزیران و هەوڵدان بۆ شكست پێهێنانى دانیشتنەكانى، بەڵام چاودێران باس لەوە دەكەن هۆكارى ئەو بڕیارەى مالیكى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە موتڵەگ لە دیمانەیەكیدا مالیكى بە \"دیكتاتۆر\"" وەسف كردووە.

موتڵەگ لە لێدوانێكیدا بۆ رادیۆ سەوا وریایى دا لە كاریگەریى سیاسەتەكانى سەرۆك وەزیران لەسەر دۆخى وڵات لەم ئان و ساتەدا و پێشبینى كرد لەگەڵ كشانەوەى ئەمەریكادا وڵات بەرەو پشێوى بچێ.

هەروەها ئاشكراى كرد لیستەكەى داوا لە پەرلەمان دەكا متمانە لە مالیكى وەربگرێتەوە و داواى لە مالیكیش كرد دەست لە كار بكێشێتەوە.

دوێنێ سێشەم فازڵ جەواد محەمەد راوێژكارى سەرۆك وەزیران لە لێدوانێكى رۆژنامەوانیدا ئاشكراى كرد، مالیكى موتڵەگى لە پۆستەكەى لاداوە و قوتەیبە ئەلجبوورى سەرۆكى بارستەى عێراقییەى سپى بۆ وەرگرتنى پۆستەكە كاندید كردووە.

محەمەد گوتى بەپێى مادەى 7ى دەستوور سەرۆك وەزیران تواناى لەكارخستنى جێگر و وەزیرەكانى هەیە و بڕیارەكە رەوانەى پەرلەمان دەكا بۆ پەسەندكردنى. رۆژنامەى (المدى)ى عێراقى ئەمڕۆ گواستیەوە."
Top