كۆمسیۆن: تا حكوومەت رۆژى هەڵبژاردن دیاریى نەكات ئامادەكارى بۆ ئەنجامدانى ناكرێ

كۆمسیۆن: تا حكوومەت رۆژى هەڵبژاردن دیاریى نەكات ئامادەكارى بۆ ئەنجامدانى ناكرێ
ئەمڕۆ پێنجشەم لێپرسراوى كردەوە جەماوەرییەكانى كۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكانى عێراق رای گەیاند، هەرچەند یاساى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگەكان پەسند كراوە و كارە و پێداویستییە یاساییەكانیشى تەواو بووە، بەڵام تا حكوومەتى هەرێم رۆژى هەڵبژاردن دیارى نەكا، كۆمسیۆن ناتوانێ ئامادەكارى تەواو بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنی پارێزگەكان بكەن.

لە ساڵی 2005ەوە تا ئێستە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجام نەدراوە، ئەوەیش رووبەڕووی رەخنەی لایەنەكانی سیاسیی كردووەتەوە.

عەبدورەحمان خەلیفە بە ئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، ئێستە هەموو كاری یاسایى و پێویستییەكانى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگەكانى هەرێمى كوردستان تەواو كراوە و بودجەیشى بۆ تەرخان كراوە، بەڵام رۆژى ئەنجامدانى هەڵبژاردنەكە دیارى نەكراوە.

\"پێویستە حكوومەتى هەرێم رۆژى ئەنجامدانى هەڵبژاردنەكە دیارى بكات بۆ ئەوەى كۆمسیۆن ناوى تۆمارى دەنگدەران و ئەوانەی هەڵبژادن دەیانگرێتەوە ئامادە بكا، چونكە بەچەند رۆژێك تەمەنێك دەتوانێت بەشدار بێ لە دەنگ دان، بەپێچەوانەوە ئامادەكارییەكانمان تەواو ناكرێن\"" خەلیفە گوتی.

هەروەها ئەوەیشی ئاشكرا كرد كە كۆمسیۆن بۆ دانانى كارمەندى سەر سیپەكانی دەنگان پێویستی بەئامادەكاریى دەبێ، لەو رووەوە بە نیازن پێداچونەوە بەو بابەتە دەكەین بزانین چ فەرمانبەر بۆ سەر سیپەكانی دەنگدان پێویستن.

حكوومەتی هەرێمی وای دانابوو لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو هەڵبژاردن ئەنجام درابێ، بەڵام ئەوە تەنیا بڕیار بوو بەبێ یاسا."
Top