نوجێفی: بڕیارى قەدەغەكردنى هاتوچۆ بۆ كۆنترۆڵكردنى ئارامیى ژیانى هاووڵاتییانە
ئەسیل نوجێفى ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، بەبڕیارێكى ئەنجوومەنى پارێزگە و بەڕێوەبەرى پۆلیسى نەینەوا، قەدەغەكردنی هاتوچۆی لە سات 07:00ی بەیانیی ئەمڕۆوە تا 07.00ی بەیانیی شەموو راگەیەنرا، لە پێناو كۆنترۆڵكردنى رەوشى ئارامی و روونەدانى هیچ كردەوەیەكی خۆكوژی.
زیاتر گوتی، بڕیار بوو ئەمڕۆ دووبارە خۆپێشاندانی بێ مۆڵەت ئەنجام بدرێت، بۆیە بڕیار درا بەقەدەغەكردنى هاتوچۆ بەئامانجی پاراستنى گیانى هاووڵاتییان و رێگەگرتن لە روودانی هەر كارەساتێك، چونكە لەناو خۆپێشاندەراندا دەستی گێرەشوێن هەیە دەیانەوێ ئارامیی پارێزگەكە بشێوێنن و دەستدرێژی بكەنە سەر داوودەزگاكانی حكوومەت.
ئاماژەی بەوەش كرد، ئیدارەى پارێزگاى نەینەوا داوای لە سەرۆك وەزیرانى عێراق كردووە بەرپرسى فەرماندەی فیرقەی دووی سوپای عێراقی لە ناوچەكە لەسەر كار لابدات، چونكە بەرپرسە لە بەشێكى ئەو گێرەشوێنى و توندوتیژییە.
\"داواكاریی هاووڵاتییان و خۆپێشاندەران مافێكى رەوایە و دەبێت جێبەجێ بكرێن، هاوكات لێژنەیەكیش پێك هێنراوە بۆ وەرگرتنى داواى هاووڵاتییان و چارەسەركردنى گرفتەكانیان\"" نوجێفی وای گوت.
لە ماوەی دواییدا خۆپێشاندانی جەماوەری چەند ناوچەیەكی بەغدای پایەتەخت و ژمارەیەك پارێزگەی عێراقی گرتەوە و خۆپێشاندەران داوای دابینكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر، دابینكردنی هەلی كار و باشتركردنی بژێوی هاووڵاتییان كرد لەپاڵ لادانی ژمارەیەك بەرپرسی گەندەڵ لە پۆستەكانیان.
-ئاكانیوز"
